عەلی حەمەساڵح: عێراق مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بە بارمتە گرتووە
رووداو دیجیتاڵ
بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست دەڵێت، پێویستە دوای جەژنی قوربان شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران بچنە بەغدا تاوەکو بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەری کێشەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بکەن و دۆسیەی هەناردەکردنی نەوت بە بۆری یەکلایی بکرێتەوە.
عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: لە رووی یاسایی و داراییەوە کێشەی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 دەتوانرێت چارەسەر بکرێت، چونکە راستە یاسای بودجە لە عێراق بۆ 3 ساڵە، بەڵام هەر ساڵێکی دارایی بەجیا هەژمار دەکرێت و تەرازووی پێداچوونەوە و ژمێرەی کۆتایی بۆ دادنرێت، لەو چوارچێوەیەدا هەرێمی کوردستان دەتوانێت داوا لە عێراق بکات کە پشکی هەرێمەکە بۆ ساڵی 2025 دەستنیشان بکرێت و دواتر پاکتاو بکرێت بەپێی رێکارە یاساییەکان، نەوەک پشکی هەرێمی کوردستان بۆ هەرسێ ساڵەکە کۆبکرێتەوە و مووچە رابگیرێت.
گوتیشی: زمانی هەڕەشە و گرژکردنی زیاتری دۆخەکە چارەسەری کێشەکان ناکات، بەڵکو پێویستە شاندێکی باڵا لە هەرێمی کوردستانەوە بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران بچنە بەغدا و کێشەکان لە رەگەوە چارەسەر بکەن بەتایبەتی کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆری نەوەک تانکەر، چونکە ئەو کێشە ئاڵۆزە لە ئاستی باڵا و بڕیار بەدەستانی هەردوولا چارەسەر دەکرێت نەوەک بە وەزیرانی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق.
"پێویستە هەرێمی کوردستان مەرجە قورسەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر عێراق هەڵبگرێت، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە کرێی کۆپبانیاکان و کرێی گواستنەوەی نەوت هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی پێشبینییەکان بۆ نرخی نەوت لە ئایندەدا کە بەهۆی نزیکبوونەوەی رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا پێشبینی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت لە جیهان دەکرێت و عێراقیش ئێستا بۆخۆی گرفتی کورتهێنانی هەیە و ئەگەر نرخی نەوت زیاتر داببەزێت تووشی قەیرانی گەورە تاوەکو ئاستی داڕمان دەبێتەوە، هەربۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان دۆخی عێراق لەبەرچاو بگرێت و مەرجە قوورسەکانی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر عێراق ئاسان بکات" بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست وای گوت.
"بەبارمتەگرتنی مووچەخۆران"
رۆژی چوارشەممە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، نووسراوێکی فەرمیی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و پێی راگەیاندن کە وەزارەت "بۆی ناکرێت" بەردەوام بێت لە تەمویلکردنی هەرێمی کوردستان بەهۆی "تێپەڕاندنی پشکەکەی (12.67%) کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە، بە بڕی (13.547) تریلیۆن دینار لە کۆی خەرجی کردەیی (فعلی)."
لەوبارەیەوە عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: ئەوەی عێراق دەیکات بە بارمتەگرتنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، چونکە گرفتەکان دارایی و سیاسین لەنێوان حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی بەغدا و ناکرێت باجەکەی مووچەخۆران بیدەن.
گوتیشی: بۆ نموونە ئەگەر پارێزگاری بەسرە کێشەیەکی لە رادەستکردنی داهاتی نەوت هەبێت، ئایا حکومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەران لە بەسرە رادەگرێت؟، یان لێپێچینەوە لە بەرپرسەکە دەکات، بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش هەمان کێشەیە و ناکرێت کێشەی نەوت و داهاتی نێوخۆ بە راگرتنی مووچەی خەڵک چارەسەر بکرێت.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان وەڵامێکی بە زمانی عەرەبی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق و تەیف سامی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: ئەو رێڕەوەی وەزارەتەکەتان گرتوویەتییەبەر لە دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستووری عێراقە؛ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت پشت بە داهاتە فیدراڵییە کۆکراوەکان ببەستێت نەک خەرجی کردەیی، لە بەرامبەریشدا وەزارەتی دارایی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکیدا نووسرابوو "بەگوێرەى یاسای بودجە و بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى ئەوەیە کە هەرێمى کوردستان داهاتى نەوتى و نانەوتى رادەستى حکومەتى فیدراڵى بکات" تاوەکو وەزارەتى دارایی پارەى مووچە بدات و دەڵێت: "وەزارەتى دارایی پابەند بووە بە یاسا و بڕیارى دادگەى فیدراڵى، بەڵام حکومەتى هەرێمى کوردستان پابەند نەبووە".