گالەری


رووداو دیجیتاڵ

ئەشکەوتی بەستوون یان ئەشکەوتی دیان و بەستوون، ئەشکەوتێکە لەسەر چیای برادۆست و دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای شاری سۆران کە 129 کیلۆمەتر لە باکووری شاری هەولێر دوورە. ئەو ئەشکەوتە بە گەورەترین ئەشکەوتی هەرێمی کوردستان و عێراق هەژمار دەکرێت، بەڵام بەهۆی خراپی رێگەوبان و نەبوونی  کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی دیکە، ژمارەیەکی کەم گەشتیار سەردانی دەکەن. 
 
عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاری لەپێشینەی ئەوان خزمەتکردنی ئەو ئەشکەوتەیە لە هەموو روویەکەوە. دەشڵێت، "نەک تەنیا بۆ ناوچەکە، بەڵکو بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان گرنگیی تایبەتیی خۆی هەیە و گەورەترین ئەشکەوتە لەسەر ئاستی عێراق."
 
ئەو بەڕێوەبەرە باسی لەوە کرد لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتیی ILO کۆبوونەتەوە و داوایان کردووە گرنگی بە ئەشکەوتەکە بدەن. گوتیشی، بڕیارە رێکخراوەکە مانگی تەممووز سەردانێکی مەیدانیی ئەشکەوتەکە بکەن و لە کەموکوڕییەکانی بکۆڵنەوە. ئەو پرۆژەیەی دراوەتە رێکخراوەکە، بەشێکی تایبەتە بە چاککردنی رێگەوبانی ئەشکەوتەکە. 
 
لە قووڵایی ئەشکەوتی بەستوون دا چەند گۆمێکی ئاو دەبیندرێن لەگەڵ چەندین چۆڕاوگەی کلسی کە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش شۆڕبوونەتەوە. ئەو ئەشکەوتە بە ئەشکەوتی بێ بن ناسراوە.
 
وێنەکان بە سیستمی ئێچ دی ئاڕ و رووناکیی تایبەت گیراون تاوەکو هەموو بەشەکانی ئەشکەوتەکە پێشانبدرێت.