رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی لەبارەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوێد بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بە هیچ شێوەیەک ناچێتە چوارچێوەی ئازادیی رادەربڕین و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت."
رۆژی پێنجشەممە سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی لەبارەی سووتاندنی قورئان لەلایەن پەنابەرێکی عێراقی لە ستۆکهۆڵم بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "كردەی ناڕەوای سووتاندنی قورئانی پیرۆز بە هیچ شێوەیەك ناچێتە چوارچێوەی ئازادیی رادەربڕین و هیچ پاساوێك هەڵناگرێت."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا سەرۆک بارزانی دەڵێت، "ئەمە برینداركردنی هەست و سۆزی تێكڕای موسڵمانانی جیهانە و زۆر بە تووندی سەركۆنەی دەكەین. ئەم جۆرە كردەوانە دژی گیانی تەبایی و پێكەوەژیانە و خزمەتی گوتاری تاریكی و بڵاوكردنەوەی رق و كینە دەكات و لەسەر هەموو لایەك پێویستە رێگریی لێ بكەن."
هەر ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز دەکەم. داواکارم هەموو کتێبە ئاسمانییە پیرۆزەکان رێزلێگیراوبن لە هەموو شوێنێک و رێگە بگیرێت لە تێکدانی پێکەوەژیان."
رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، پەنابەرێکی عێراقی بەناوى سەلوان مۆمیکا لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم لە سوێد، کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
ئەو کارە کاردانەوەی نێوخۆی سوێد و نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێناوە و رووسیا و ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی سەرکۆنەیان کرد.
ڤلادمیێر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، "ئەوە بۆ موسڵمانان شتێكی پیرۆزە و بۆ ئایینەکانی دیکەش پیرۆزە. دەزانین لە وڵاتانی دیکە بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و رێز لە بڕوا و ئایینی خەڵک ناگرن و دەڵێن، ئەوە تاوان نییە. لە وڵاتی ئێمە ئەوە تاوانە."
ئەمریکاش هاوشێوەی رووسیا سەرکۆنەی کارەکەی سەلوان مۆمیکای کرد. ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "بەردەوام رامانگەیاندووە کە سووتاندنی کتێبی ئایینی بێڕێزی و ئازاربەخشە. کارێک کە رەنگە یاسایی بێت، بێگومان مەرج نییە گونجاو بێت."
هەر لە کاردانەوەی سووتاندنی کۆپییەک لە قورئانی پیرۆز لە ستۆکهۆڵمی سوێد، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاش رایگەیاند، رێگەدان بە سووتاندنی قورئان لەژێر ناوی ئازادیی رادەربڕین "قبووڵنەکراوە."
هەروەها موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رۆژی پێنجشەممە 29-06-2023 لە تویتێکدا داوای کرد خۆپێشاندانێکی "تووڕەیی" گەورە لە دژی باڵیۆزخانەی سوێد لە عێراق بکرێت، کە تێیدا داوا بکرێت باڵیۆزی سوێد لە عێراق دەربکرێت.
سەدر، سوێد بە "دەوڵەتێکی دووژمن بە ئیسلام و پیرۆزییەکان و پشتیوانی خراپەکاری" ناودەبات و داوا دەکات پەیوەندییەکان لەگەڵیدا بپچڕێندرێت. هەروەها داواش دەکات، وڵاتینامەی عێراقی لەو کەسە وەربگیرێتەوە کە لەبەردەم مزگەوتی ستۆکهۆڵم لە سوێد قورئانی پیرۆزی سووتاندووە، دادگەش کار بکات تاوەکو بیگەڕێنێتەوە عێراق یان بەبێ ئامادەبوونی خۆی سزای بدات، کە شایستەی ئەو تاوانە بێت کردوویەتی، ئەمەش وەکو بەرگرییەک لە ئیسلام و ئاینزاکان.
هاوکات رۆژی 29ى حوزەیرانى 2023 ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بە فەرمانى فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنەکە رێوشوێنى یاسایی لە دژى ئەو کەسە دەگیرێتەبەر، کە لە سوێد قورئانى پیرۆزى سووتاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ