گەنجێکی کوردی ئێزدی دوای 11 ساڵ لەژێر دەستی داعش رزگارکرا

29-06-2025
ئەیوب نەسری
ئەیوب نەسری
رەوەند لە باوەشی کەسوکارەکەی
رەوەند لە باوەشی کەسوکارەکەی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رەوەند نایف، گەنجێکی کوردی ئێزدییە و دوای 11 ساڵ لە رفاندنی لەلایەن داعشەوە، رزگارکرا و گەڕایەوە نێو کەسوکارەکەی. 
 
رەوەند لە تەمەنی 7 ساڵیدا رفێندرابوو، ئێستا تەمەنی 18 ساڵە و یەکەم کەسە لە خێزانە 8 کەسییەکەی رزگاری دەبێت، لە کاتێکدا چارەنووسی ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی هێشتا نادیارە.
 
بە فرمێسک و شیرینی و لێلێ لێکردن، کەسوکارەکەی لە شنگال پێشوازییان لە رەوەند کرد. لە ساتەوەختی گەیشتنەوەیدا، زمانی قسەکردن وەستا و تەنیا فرمێسک و باوەش، گوزارشتیان لە خۆشیی ئەو دیمەنە دەکرد کە 11 ساڵ بوو چاوەڕێی بوون.
 
رەوەند هێشتا کاریگەریی ئەو ساڵانەی بەسەرەوە دیارە و بە زەحمەت هەندێک لە کەسە نزیکەکانی دەناسییەوە، بە رووداوی گوت: "من لە دەوروبەری رەقە بووم.. ئەمە پوورمە، دایکی رەعد.. ئەوەش ماممە.. نا، هەموویان ناناسمەوە، بیرم نایەت."
 
پێشتر خێزانەکەی بە تەواوی لێی بێهیوا ببوون و پرسەیان بۆ دانابوو. حاجی حەمێ، مامی رەوەند، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو لای من وەک شەهید وابوو. سوپاسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی دەکەین کە لەڕێگەی ئەوانەوە رزگارکرا. هیوادارین 39 کەسی دیکەی خێزانەکەشمان کە ماون، رزگار بکرێن."
 
شارێ حەمێ، پووری رەوەند بە چاوی پڕ لە فرمێسکی خۆشییەوە گوتی: "برازاکەم لە کۆی 8 کەس، تەنیا ئەم گەڕاوەتەوە. تەمەنی 7 ساڵ بوو کە گیرا، ئەوەندە دڵخۆشم نازانم چی بڵێم."
 
رەوەند نایف لە ماوەی دەستبەسەرییدا لەلایەن داعشەوە لەنێوان چەندین ناوچەی عێراق و سووریا گوازراوەتەوە. دواجار لە دەوروبەری شاری رەققە لە سووریا، لەلایەن نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدییەوە، کە بە فەرمانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاردەکات، رزگارکرا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.