رووداو – هەولێر
وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كە كاتی دەستپێكردنەوەی دەوامی قوتابخانەكان لە هەرێمی كوردستان بە هیچ هۆكارێك دواناخرێت و ئەو كاتەی دیاریكراوە دەرگای قوتابخانەكان دەكرێنەوە.
پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: 10ی ئەیلوول یەكەم رۆژی دەوامی فەرمی قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستانە.
پێشتر عەبدولواحید حاجی، سكرتێری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ئاشكرایكرد كە لە كۆبوونەوەی سكرتارییەتی یەكێتی مامۆستایان بە وردی لەسەر دۆخی خوێندنی ساڵی نوێ مشتومڕیان كردووە و بە كۆی دەنگ لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە دەستپێكردنەوەی وەرزی خوێندن دوابخرێت و داوایەكی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە بكەن.
لەو بارەیەوە وەزیری پەروەردە بۆ رووداو گوتی " دەوامی ئاسایی لەو بەروارەی دیاریكراوە دەستپێدەكات، جگە لەو قوتابخانانەی پەنابەرانی تێدا نیشتەجێ بوون".
وەك عەبدولواحید حاجی باسیكرد لەبەر دوو هۆكار ئەو دواخستنەیان پێباشە، یەكەم ژمارەیەكی زۆر قوتابخانەی سنووری پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك ئاوارەكانی تێدانیشتەجێن و ماوەیەكی زۆری دەوێت تا شوێن بۆ ئەو ئاوارانە دابیندەكرێت، دووەمیش بەشێكی زۆری مامۆستایانی ئەو ناوچانەی شەڕیان تێدایەو ناكۆكی و بارگرژی تێدابەردەوامە ، ئاوارەبوونەو لە كاتی دەوام ناگەنەوە شوێنەكانیان .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ