نێچیرڤان بارزانی: هێدی شاعیر یادگارێكی پێشەوا قازی و بارزانی نەمر بوو

29-10-2016
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی هێدی شاعیر
A+ A-

رووداو - هەولێر

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەبۆنەی كۆچی دوایی شاعیری نێوداری كورد خالیدی حیسامی ناسراو بە (هێدی) پەیامێكی ئاراستەی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو، خەڵكی بۆكان و مهاباد و گەلی كوردستان كرد و، ناوبراوی وەك رۆشنبیرێكی شۆڕشگێڕ و وەفاداری ئامانجەكانی شۆڕشی كوردستان و كوردایەتی ناساند.

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە وەسفی هێدی شاعیردا دەڵێت "بەشدارییەكی بەرچاوی لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد و شۆڕشی ئەیلوولدا كردبوو، مامۆستا خالیدی حیسامی بۆ ئێمە پێشمەرگە، رۆشنبیر و وەفادار و یادگارێكی پێشەوا قازی محەممەد و بارزانی نەمر بوو، بە خەبات و بەرهەمەكانی هەمیشە وەك كەسێكی خۆشەویستی گەلەكەی و وەفاداری ئامانجەكانی شۆڕشی كوردستان و كوردایەتی دەمینێتەوە".

خالید حیسامی ناسراو بە (هێدی) لە ساڵی 1928 لە گوندی شێخاڵی لە بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، یەکێک بوو لە شاعیرە بەنێوبانگەکانی کوردستان و لەگەڵ( هەژار موكریانی و هێمن موكریانی) بە سێكوچەی موركیان دەناسران. ناوبراو رۆژی پێنجشەممە 27-10-2016 لە تەمەنی 88 ساڵیدا لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.

دەقی پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی‌:

بەبۆنەی كۆچی دواییی شاعیر و نووسەری نێوداری كورد مامۆستا خالیدی حیسامی (هێدی)، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی مامۆستای خوالێخۆشبوو و خۆمان و هەموو گەلی كوردستان دەكەم و، لە خوای مەزن نزای بەهەشتی بۆ دەخوازین.

مامۆستا خالیدی حیسامی كە پێش 89 ساڵ لە گوندی شێخاڵی نێوان هەردوو شاری بۆكان و مەهاباد لە بنەماڵەیەكی دیار لەدایك ببوو، كەسایەتی و شاعیرێكی جێگەی شانازیی خەڵكی خۆشەویستی بۆكان و مەهاباد بوو. مامۆستا خالیدی حیسامی لەگەڵ هەردوو شاعیر و ڕۆشنبیری نێودار هێمن و هەژاری موكریانی، سێكوچكەی ڕۆشنبیری و ئەدەبیاتی موكریانیان پێكهێنا و، كۆڵەگەیەكی بەرچاوی ڕۆشنبیری و ئەدەبی كوردیش بوون بەگشتی.

مامۆستای خوالێخۆشبوو خالیدی حیسامی، بەشدارییەكی بەرچاوی لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد و شۆڕشی ئەیلوولدا كردبوو. شیعر و نووسینەكانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەكانی كۆماری كوردستان و هەروەهاش لە شۆڕشی ئەیلوول و، كاركردنی لە ڕادیۆی دەنگی كوردستانی عێراقدا، هەمیشە بۆ خۆی جێگەی شانازی بوون و، بۆ شۆڕشگێڕانی كوردستان و پێشمەرگەش مایەی ورەبەرزییەكی زۆر بوون.

مامۆستا خالیدی حیسامی، دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول و هەڵگیرسانەوەی شۆڕش، وەك شاعیرێكی شۆڕشگێڕ، جارێكی دیكە نزیك و تیكەڵاوی شۆڕش بوو، ئەو وەفادارییە و نزیكییەیشی وایكرد كە بتوانێت دەق و شاكاری شیعریی پڕ به‌هەست بۆ كۆچ و بیرەوەرییە ساڵانەكانی مەلا مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی بنووسێت لەپێش ڕاپەڕین.

مامۆستا خالیدی حیسامی، بۆ ئێمە پێشمەرگە، ڕۆشنبیر و وەفادار و یادگارێكی پێشەوا قازی محەممەد و بارزانیی نەمر بوو.

مامۆستا خالیدی حیسامی، ویڕای شیعرە شۆڕشگێڕییە هەستهەژێنەكانی، غەزەلنووسێكی گەورە بوو، لەو بوارەشدا بە هەستی ناسك و جوانناسیی خۆی، جێگەیەكی دیاری لەناو ئەدەبی كوردیدا بۆ خۆی كردووەتەوە.

مامۆستا خالیدی حیسامی، بە خەبات و بەرهەمەكانی هەمیشە وەك كەسێكی خۆشەویستی گەلەكەی و وەفاداری ئامانجەكانی شۆڕشی كوردستان و كوردایەتی دەمینێتەوە. یادی بەخێر و ڕۆحی شاد بێت.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆك وه‌زیرانی هەرێمی كوردستان.
28ی ئۆكتۆبه‌ری 2016

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە