رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (هەدەپ) دەڵێت، کاتێک لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی تورکیادا قسە دەکەین، مایکرۆفۆنەکان دەکوژێننەوە، بەرگەی بیستنی زمانی کوردی ناگرن، کەچی لە هەڵبژاردنەکاندا بە زمانی کوردی داوای دەنگی کورد دەکەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2023، عومەر فارووق هولاکو، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی هەدەپ لە بازنەی چەولیگ-ی باکووری کوردستان، لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی بڕگەکانی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی دارایی 2024دا بەناوی فراکسیۆنەکەی گوتارێکی پێشکێشکرد.
عومەر فارووق هولاکو گوتارەکەی سەبارەت بە زمانی کوردی تەرخان کرد و رایگەیاند، "لە سەرجەم چالاکییەکانی پەرلەمانی تورکیا بەتایبەتی دەستەی سەرۆکایەتیی و فراکسیۆنەکانی دەسەڵات، نارەحەت دەبن کاتێک بە زمانی کوردی قسە دەکەین و بەرگەی بیستنی ناگرن و دەستبەجێ مایکرۆفۆنەکان دەکوژێننەوە".
باسی لەوەشکرد، "لە رەفتارەکانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان رەنگدانەوەی سیاسەتی نکۆڵیکردن لە گەلی کورد و زمانی کوردی بەدی دەکرێت و هەر کاتێک پەرلەمانتارانمان بە زمانی کوردی قسە دەکەن، لە رەشنووسی کۆبوونەوەکاندا بە زمانی نەناسراو ئاماژەی پێدەکرێت و تۆمار دەکرێت".
هولاکو دەشڵێت: "کاتێک وشەی کوردستان، کورد، چەولیگ و ئامەد بەکاردەهێنین، مەترسن" ئاماژە بۆ ئەوەش دەدات کە لە سەرەتای دەستبەکاربوونی وەک پەرلەمانتار، لە بزنس کارتەکەیدا وشەی چەولیگ-ی بەکارهێنابوو، بەڵام دوای ئەوەی ناوی فراکسیۆنەکەیان لە یەسەپە-وە بۆ هەدەپ گۆڕدرا، ناچار بوون بزنس کارتەکانیان دووبارە چاپ بکەنەوە، بەڵام ئەمجارە رێگری کرا لە نووسینی ناوی چەولیگ و لە بری ئەمە ناوە تورکییەکە "بینگۆل" نوسرا.
ئەوە پەرلەمانتارەی هەدەپ رەخنەی لە پەرلەمانتارە کوردەکانی فراکسیۆنی ئاکپارتی گرت و گوتی: "ژمارەیەکی زۆر پەرلەمانتاری کورد لە فراکسیۆنی ئاکپارتی هەیە، بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیان بە زمانی کوردی بەڕێوەدەبرد، دەنگێکی زۆری کورد-یان لە گوند و دێهاتەکان بەدەستهێنا، بەڵام زۆر سەیرە، دوای ئەوەی لە ئەنقەرە نیشتەجێبوون زمانی کوردی لەیاد دەکەن و بەهیچ شێوەیەک بە کوردی قسە ناکەن".
لەبارەی بوونی کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی فەرمیی بە زمانی کوردی، عومەر فارووق هولاکو گوتی: "دەسەڵات هەمیشە شانازی بەوە دەکات کە TRT6یان بە زمانی کوردی دامەزراندووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێمە بە کوردی قسە دەکەین و دەنگمان دەبڕدڕێت و لە رەشنووسی کۆبوونەوەکاندا بە زمانی نەناسراو ئاماژەی پێ دەکرێت، باشە هیچ پرسیارتان لەخۆ نەکردووە، ئاخۆ ئەم هاووڵاتییە کوردە هەست بەچی دەکات کە دەبینێت لەناو پەرلەمانی تورکیا رێگری لە زمانی کوردی دەکرێت؟".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ