رووداو دیجیتاڵ
وەرگەڕانی پاسێک لە ئیلام گیانلەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی 17 کەسی لێکەوتەوە؛ بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگاکە دەڵێت، پاسی زیارەتکاران بووە و بەرەو شوێنە پیرۆزەکانی عێراق دەچوون.
رووداوەکە دەرنگی شەوی سێشەممە 28-10-2025 لەسەر رێگەی سراوڵە-ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە. حەمید سەفەرپوور، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، بەهۆی وەرگەڕانی پاسەکەوە، دەستبەجێ ژنێکی تەمەن 50 ساڵ گیانی لەدەستداوە.
حەمید سەفەرپوور ئاماژەی بەوەش کرد، 17 سەرنشینی دیکەی پاسەکە بریندار بوون و گەیێنداونەتە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئیلام.
بەگوتەی بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگاکە، سەرنشینانی پاسەکە، زیارەتکارانی شوێنە پیرەزەکانی عێراق بوون کە لە هەمەدانەوە بەرەو کەربەلا و نەجەف دەچوون.
ئەبولفەزل کەهزادی، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی ئیلامیش لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە دەڵێت، ''لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، بەڵام بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان شۆفێرەکەی کۆنترۆڵی لەدەست دەرچووە و پاسەکە وەرگەڕاوە''.
بەپێی ئاماری دادپزیشکیی ئێران، لە 21-03-2024 تاوەکو 21-03-2025 لانیکەم 20 هەزار و 45 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ