رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان سیستمی زانکۆلاینی بۆ دەرچووانی خوێندنی کوردیی دەرەوەی هەرێمی کوردستان راگەیاند. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت: "تاوەکو دووشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێ."
ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی 10ی 2025، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئەو دەرچووانەی خوێندنی کوردیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کە ناویان لە نووسینگەی کەرکووکی وەزارەتەکەمان تۆمارکردووە، لە کاژێر 12ی نیوەڕۆوە دەتوانن داواکاری لە رێگەی زانکۆلاین بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان پێشکێش بکەن."
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا، دەرچووان دەتوانن سەردانی نووسینگەی کەرکووکی وەزارەتی خوێندنی باڵا بکەن و ئاسانکاری و رێنوێنییان پێشکێش دەکرێ.
ساڵانە لەگەڵ دەرچووانی دوازدەی ئامادەیی هەرێمی کوردستان، دەرچووانی خوێندنی کوردیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن.
عەباس ئەکرەم گوتی: "ئەم ساڵیش دەرچووانی 12ـی ئامادەیی ناوچە کوردستانییەکان دەتوانن بە کۆدەکانیان بچنە نێو سیستم و راستەوخۆ داواکاری بۆ وەرگرتن لە هەمان سایتی زانکۆلاین پێشکێش بکەن."
رۆژی 23ـی 9ـی 2025، عەباس ئەکرەم بە رووداوی گوت: "زانکۆلاین کاراکرا و ئەم ساڵ 57 هەزار و 980 دەرچووى زانستى، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان داواکارى بۆ زانکۆلاین پێشکێش دەکەن."
ساڵانە دەرچووانی 12ی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی و نێودەوڵەتییەکان) لە ماوەی دیاریکراودا دهتوانن فۆرمی وهرگرتن له زانكۆ و پهیمانگهكان پڕبكهنهوە و پێشكێشی بكهن؛ دهرچووان دهبێت بەمەبەستی وەرگرتنەوەی ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (Username) و (Password)سەردانی خوێندنگەکانیان بکەن.
گوتەبێژی وەزارەتەکە گوتی: "دهرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی ناوچە کوردستانییەکان بۆ ئاشنابوونیان به سیستمهكانی وهرگرتن (زانكۆلاین، پارالێڵ، ئێواران) دەتوانن سەردانی وێبسایتى (www.regayzanko.com) بکەن و رێبەرى وەرگرتن بە وردى بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان."
لەبارەی ماوەی پرۆسەکەوە، عەباس ئەکرەم دەڵێت: "پرۆسەکە تاوەکو کاژێر 12ی شەوی دووشەممە 3ی 11ی 2025 بەردەوام دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ