رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی کەشناسیی عێراق و هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێ شەپۆلێکی بارانبارینی لاواز روو لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، رۆژی شەممە، 29-11-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی پێشبینییەکان، رۆژی یەکشەممە ئەگەری بارانبارینی مامناوەند و کەم لەگەڵ هەورەبرووسکە لە پارێزگاکانی نەینەوا، دهۆک، هەولێر، سلێمانی و باکووری دیالە هەیە و بارانبارینەکەش بە شێوەی تاوەبارانی پچڕپچڕ دەبێت."
گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق گوتی: "پێشبینی دەکرێ بارانبارین رۆژی دووشەممە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، لەگەڵ ئەگەرێکی کەمی بارانبارینی پچڕپچڕ لە سەڵاحەدین، بەغدا، باکووری ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشوور."
هاوکات دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "سبەى یەک شەممە ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و ئەگەری بارینی بارانی پچڕ پچڕ لە کاتی ئێوارەدا بە تایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان و هەندێک ناوچەی جیا جیا لە سەنتەری شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی هەیە."
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیش بە رووداوی گوت، سبەی و دوو سبەی لە هەندێک ناوچە باران دەبارێ، بەتایبەتی لە سلیمانی و دهۆک؛ ئاماژەی بەوەشکرد، شەپۆلێکی بارانبارینی سەرتاسەری بەڕێوەیە و لە دوای 5ی مانگی داهاتووەوە دەستپێدەکات.
ئەو شارەزای کەشناسییە پێشبینی دەکات، ئەو شەپۆلە سەرتاسەرییە "چوار رۆژ بخایێنێت و بڕێکی باش باران ببارێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ