رووداو - هەولێر
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر سەرجەم کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیانی بۆ ساڵی 2016 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا خستەڕوو و، راگەیاند "ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو، ژمارەی رووداوکان، قوربانییەکان و سەرپێچییەکان زیادیان کردووە".
فازڵ حاجی حوسێن، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی هاتووچۆی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئامارەکانی خستەڕوو و رایگەیاند "ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە ساڵی 2016ـدا هاتوونەتە نێو هەرێمی کوردستان لە هەردوو دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران گەیشتووەتە 30 هەزار و 700 ئۆتۆمبێل، لە کاتێکدا لە ساڵی 2015، 45 هەزار و 400 ئۆتۆمبێل هاتبوونە نێو هەرێمی کوردستان لەو دوو دەروازەیە. لە ساڵی 2013ـەشدا بەر لە قەیرانی دارایی، 138 هەزار ئۆتۆمبێل لە ماوەی یەک ساڵدا هاتبوونە نێو هەرێمی کوردستان".
ئامارەکانی ساڵی 2016ـی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر:
- 137 هەزار 389 مامەڵەی هاووڵاتیان لە جۆرەکانی بەناوکردن، نوێکردنەوە، گۆڕینی تابلۆ، ونبوون و گواستنەوەی تۆمار، راییکراوە.
- 18 هەزار و 982 مۆڵەتی تازە بە شۆفێران دراوە.
- 3 هەزار و 543 ئۆتۆمبێلی هەمەجۆر بە هۆکاری هەمەجۆر هەڵوەشێندراوەتەوە، لە کاتێکدا پارساڵ 3 هەزار و 861 ئۆتۆمبێل هەڵوەشێندرابوونەوە.
- 253 هەزار و 796 ئۆتۆمبێل پشکنینی ساڵانە (هەززە)ـیان بۆ ئەنجامدراوە، لە کاتێدا پارساڵ 228 هەزار و 69 ئۆتۆمبێل پشکینیان بۆ ئەنجامدرابوو.
-297 هەزار و 210 سەرپێچی هەمەجۆر تۆمارکراون، لە ساڵی 2015ـدا 333 هەزار و 679 سەرپێچی تۆمارکرابوون.
- 160 هەزار و 600 سەرپێچی بەکامێرای هاتووچۆ تۆمارکرابوون، پارساڵ تەنها 130 هەزار و 958 سەرپێچی تۆمارکرابوون، واتە ئەمساڵ رێژەکە زیادی کردووە.
- 1263 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون، لە ئەنجامی ئەو رووداوانە 215 کەس گیانیان لەدەستداوە، 1191 کەسیش زامدار بوونە. 713 رووداویان لەجۆری پێکدادان و 267 رووداوی شێلان و، 283 رووداوی وەرگەڕان بوون، ساڵی رابردوو،1157 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکرابوون، لە ئەنجامی ئەو رووداوانەش 111 کەس گیانیان لەدەستدابوو 1039 کەسیش زامدار بوون، واتە ئەو رێژەیەش زیادی کردووە.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ