هاونیشتمانییانی سنووری سەرگەڕان گوندەکانیان جێناهێڵن

30-12-2017
سیامەند کەریم
"ئێرە جێگای باب و باپیرانمانە ، ئێمە لە کۆنەوە لێرە ژیاوین هیچ کات ئێرە عەرەبێکی لێنەبووە"
"ئێرە جێگای باب و باپیرانمانە ، ئێمە لە کۆنەوە لێرە ژیاوین هیچ کات ئێرە عەرەبێکی لێنەبووە"
نیشانەکردن کوردستان کەرکووک
A+ A-

رووداو - گوندی دەربەند

هەواڵی گەڕانەوەی عەرەبی هاوردە ، سنوورەکانی شارۆچکەی سەرگەڕانی تێپەڕاندووە. دانیشتوویەکی گوندی جاستان بە رووداوی راگەیاند: "حەشدی شەعبی باڵادەستە ، هاتوون پێمانیان راگەیاندووە کە گوندەکانمان چۆڵبکەین ، بە فەرمانی راکان جبووری پارێزگارە نوێیەکەی کەرکووک بە وەکالەت.


رێگا قیرتاوکراوەکان بە ساترە خۆڵییەکان گیراون. هیچ هێزێکی ئەمنی لە ناوچەکە نابیندرێت. یەکێک لەو گوندانە بەناوی دەربەند دوای رووداوەکانی 16-ی ئۆکتۆبەر کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی هێزە عێراقییەکان. بەشێک لە دانیشتووانی ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و ئاوارەی هەولێر بوون. عەرەبی هاوردەکراو پشت ئەستوور بە فەرمانی بەرپرسانی نوێی ناوچەکە دەیانەوێت بگەڕێنەوە ناوچە تەعریبکراوەکان و دەست بەسەر هەندێک لە موڵک و ماڵیشدا گیراوە.

مەجید ئیسماعیل ، دانیشتووی گوندی دەربەند بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێرە جێگای باب و باپیرانمانە ، ئێمە لە کۆنەوە لێرە ژیاوین هیچ کات ئێرە عەرەبێکی لێنەبووە ، ئێمە چاوەرێی جێبەجێ کردنی ماددەی 140 مان دەکرد بەڵام حکومەتی عێراق جێبەجێ ناکات نایەوێ ئەو ناوچانە بگەرێنەوە سەر هەرێمی کوردستان".

هاشم حەمەد ، دانیشتوویەکی دیکەی گوندی دەربەند بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "داوا لە حکومەتی خۆمان دەکەین ، داوا لە جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆککۆمار و پەرلەمانتارەکان دەکەین بەهانامانەوە بێن با ئەو گوندانەمان لەدەست نەڕوات".

یەکەمین هەوڵی تەعریب لە گوندی پەلکانە درا. پەلکانە و 41 گوندەکەی دیکەی شارۆچکەی سەرگەڕان لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزە عێراقییەکانن. بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان ، ناوچەکە تەواو سەربازی کراوە و دانیشتووانی دەترسێن بۆ دووەمجار تەعریب و بۆ سێیەمجار ئاوارە بکرێنەوە.

داڕشتنەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە