کوردستان
کامەران نەجم لە 12 ی حوزەیرانی 2014 ، لەکاتی رووماڵکردنی شەڕی نێوان پێشمەرگە و داعش لە باشووری کەرکووک بریندارکرا و تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی مێترۆگرافی وەک رێزگرتن لە کار و کاریگەرییەکانی کامەران نەجم دامەزرێنەری ئاژانسەکە لە بواری فۆتۆی رۆژنامەڤانیدا، ساڵانە خەڵاتی کامەران دەداتە دوو رۆژنامەڤان و بڕەکەشی 20 هەزار دۆلارە.
کامەران نەجم کێیە؟
کامەران نەجم فۆتۆگرافەرێکی کوردی باشووری کوردستان و دامەزرێنەری مێترۆگرافی بوو کە یەکەمین ئاژانسی فۆتۆی عێراقییە. لە ماوەی کارکردنیدا، کامەران نەجم کاری بۆ دەزگا هەواڵییە نێودەوڵەتییەکانی وەکو رۆیتەرز و ئەسۆشیەتد پرێس کردووە.
هەروەها وەکو فۆتۆگرافەر ئیشی بۆ واشنتن پۆست ، ڤانیتی فەیر ، زە تایمز ئۆف لەندەن ، گۆڤاری فاینانشەڵ تایمز و چەندین گۆڤار و رۆژنامەی دیکە کردووە. یەکێک لەو خەڵاتانەی کە پێی بەخشراوە بریتییە لە ماستەرکلاس مینا وۆرلد پرێس فۆتۆ.
کامەران نەجم لە 12 ی حوزەیرانی 2014 ، لەکاتی رووماڵکردنی شەڕی نێوان پێشمەرگە و داعش لە باشووری کەرکووک بریندارکرا و تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە
خەڵاتی کامەران چییە و بەکێ دەدرێت؟
خەڵاتی کامەران، کە بە ناوی فۆتۆگرافەری رۆژنامەڤانیی کامەران نەجمەوە ناونراوە ، ساڵی داهاتوو بۆ یەکەمینجار لەلایەن مێترۆگرافییەوە دەبەخشرێتە دوو رۆژنامەڤان.
خەڵاتەکان لەلایەن دەستەیەک دادوەری ناسراوەوە بڕیاریان لەسەر دەدرێت کە پێکدێن لە فۆتۆگرافەر و رۆژنامەنووس و داکۆکیکارانی ئازادیی رۆژنامەڤانی. ناوتۆمارکردن بۆ خەڵاتی یەکەم لە 28ـی کانونی یەکەمی 2021ـەوە دەستپێدەکات و بەردەوام دەبێت تاوەکو 18ـی شوباتی 2022 .براوەی خەڵاتی دووەم لەلایەن دادوەرەکانەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت.
خەڵاتی کامەران خۆی لە دوو بەخششی جیادا دەبینێتەوە:
1- بەخشینی بڕی 12 هەزار دۆلارە بە رۆژنامەڤانێک کە لە بوارەکانی (فۆتۆی رۆژنامەوانی، نووسین، رادیۆ، یان ڤیدیۆ)دا کار دەکات تاوەکو بتوانێت کار لەسەر پرۆژەیەکی مەودا درێژی هەڵبژاردەی خۆی بکات. تۆمارکردنی پاڵێوراو بۆ ئەم بەخشە لە ئێستاوە تاوەکو 18 ی شووباتی 2022 بەردەوام دەبێت. براوەکە لەلایەن کۆمەڵێ دادوەری ناسراوەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت.
2- بەخشینی بڕی 8 هەزار دۆلارە کە دەدرێتە خێزانی فۆتۆگرافەرێکی رۆژنامەڤانی کە لەکاتی کارکردندا دیار نەمابێت بۆ پشتگیریی کردنیان و رێزگرتن لە ئەندامە خۆشەویستە ونبووەکەیان. مێترۆگرافی بە هاوکاریی لەگەڵ دادوەرەکان خێزانەکە دیاریی دەکەن.
کێ دەتوانێت ببێتە پاڵێوراو بۆ بردنەوەی خەڵاتی کامەران؟
هەر رۆژنامەڤانێکی چالاک سەر بە هەر نەتەوەیەک بێت دەتوانێت خۆی بپاڵێوێت. پاڵێوراو دەبێت زنجیرەیەک راپۆرتی گرنگ و تایبەت بە خۆی هەبێت کە لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریی زۆردا بەدەستی هێنابێت.
کارەکانیان دەبێت بە شێوەیەک گونجاو بێت لەگەڵ کاری مێترۆگرافی بۆ شکاندنی بەربەستە نەتەوەیی و کولتووری و ئایینییەکان و هاندانی پێکەوە کارکردن و فێربوون. خەڵاتەکەش لە رێوڕەسمێکدا لە مانگی نیسانی 2022 لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
مێترۆگرافی چییە؟
مێترۆگرافی لە ساڵی 2010 لەلایەن کامەران نەجم و سێباستیان مایەر، فۆتۆگرافەری رۆژنامەڤانیی ئەمریکی دامەزرا بە ئامانجی دامەزراندنی ناوەندێکی سەربەخۆی فۆتۆی رۆژنامەڤانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ