رێگەی مهاباد - بۆکان بەهۆی بەفرەوە داخرا
رووداو دیجیتاڵ
مانگی سووری ورمێ دەڵێ، رێگەی مهاباد - بۆکان لە پارێزگاکە بەهۆی زۆریی بەفربارینەوە تاوەکو سبەی سێشەممە دادەخرێ.
ئەمڕۆ دووشەممە، 29ی کانوونی یەکەمی 2025، حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: "بەهۆی بەردەوامیی دۆخی نالەباری کەشوهەوا، رێگەی مهاباد - بۆکان تاوەکو سبەی سێشەممە دادەخرێ."
حەمید مەحبووبی گوتی: "ئەمڕۆ چەندین ئۆتۆمبێل لەو رێگەیە تووشی ئاستەنگی هاتووچۆ بوون و لە لایەن تیمەکانەوە رزگار کران."
حەمید مەحبووبی داوای لە هاونیشتمانییان کرد تاوەکو سبەی ئەو رێگەیە بەکارنەهێنن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی رێگەوبان و مانگی سوور سەرقاڵی کردنەوەی رێگەکەن.
لە رۆژی شەممەوە شەپۆلێکی بەفر و باران پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووتەوە؛ لە هەندێک شوێن زیاتر لە یەک مەتر بەفر باریوە.
بەپێی کەشناسی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان شەپۆلەکە تاوەک ئێوارەی سێشەممە بەردەوام دەبێ.