رووداو - هەولێر
کەسایەتییەکی دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجە، نزیکەی دوو مانگە لەسەر ئەرکی خۆی دەستیکردووە بە دروستکردنی رێگایەک لەسەر رووباری سیروان بۆ ئەوەی رێگای هاتووچۆ بۆ هاونیشتمانییانی گوندەکەی و گوندەکانی دەوروبەری ئاسان بکات.
زیاتر لە 45 گوندی پارێزگای هەڵەبجە بەهۆی نەبوونی رێگای گونجاو، ناچارن بەنێو ئاوی رووباری سیروان هاتووچۆ بکەن، بەڵام کاتێک لە وەرزی پاییز و زستاندا ئاستی ئاوی سیروان بەرزدەبێتەوە، رێگای ئەو گوندانە دادەخرێت و هاتووچۆ لەنێوان ئەو گوندانە و هەڵەبجە نامێنێت.
سەید بەھادین، کەسایەتی ناوچەکە لەسەر ئەرکی خۆی سەرقاڵی چاکردنی رێگایەکە بۆ گوندی لاوران و ئەو گوندانەی کە دەکەونە سەر ئەو رێگایە. بەگوتەی سەید بەھادین تەنھا چەند رۆژێکی کەم ماوە بۆ تەواوبوونی رێگاکە. ئەو دەڵێ "ماوەی مانگێک و 25ـی رۆژە لەم رێگایەدا کاردەکەم، لەسەر ئەرک و بە مووچەکەی خۆم". بە پێکەنینەوە دەشڵێ "لە ماڵەوە پێیان گوتووم دەرتدەکەین، لەبەرئەوەی ھەرچی پارەت ھەبوو لەو رێگایەدا خەرجت کرد".
سەید بەهادی باس لەوەش دەکات "مزگەوتمان نییە، نەخۆشخانەمان نییە و پردیشمان نییە پێی بپەڕینەوە، ئێستا نزیگەی 45 گوند چاوەڕێی پردێک دەکەین لەسەر ئاوی زمکان لە دەریاچەی سیروان، ھەتا ئێستا حکومەت نەیگوتووە ئەم خەڵکە چۆن ھاتووچۆ دەکەن؟ ھەتا ئێستا ئاو 10 ئۆتۆمبێلی بردووە".
پێشتر بۆ گەیشتن بە گوندی لاوران خەڵکی گوندەکە وێڕای رێگای ئاوی، دەبوو چەند کیلۆمەترێک بە پێ ببڕن لەبەرئەوەی رێگای ئۆتۆمبێلی نەبوو، ئێستا رێگای ئۆتۆمبێل لەسەر ئەرکی ئەو کەسایەتییەی ناوچەکە چاککراوە. ئەوەی دەمێنێتەوە لە ئەستۆی حکومەتدایە کە دروستکرنی پردێکە لەسەر دەریاچەی سیروان.
بە گوتەی لێپرسراوانی ھەڵەبجە، ساڵی 2008 پرۆژەی دروستکردنی چەند پرد و پرۆژەیەک لەنێویاندا پردێک بۆ ئەو گوندانە دەرچووە، بەڵام پرۆژەکە جێبەجێنەکراوە. لە رێگای دادگاوە داواکراوە فایلی ئەو پرۆژانە بگەڕێتەوە و دەستبکرێتەوە بە جێبەجێکردنی.
کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە دەڵێ "ئەم پردە پرۆژەیەکی بۆ دەرچووە لە ساڵی 2008، لەلایەن چەند کۆمپانیایەکی بیانییەوە، بەڵام ئەوەی ئێمە بەدواداچوونمان بۆ کردووە، زانیاری زۆرمان دەستنەکەوتووە لەسەر پرۆژەکە و ئەو بودجەیەی بۆی دانراوە، پرۆژەکە نەگەیشتووەتە ئەنجام. لە رێگەی بەغدایشەوە داوامان کردووە بکرێتە پرۆژەیەکی ستراتیژی بۆ ھەڵەبجە".
داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ