رووداو - هەولێر
سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی بارانبارین و مەترسی دروستبوونی لافاو بڕیاردرا رۆژی یەکشەممە لە سەرجەم كۆلێژ و بەشەكانی زانكۆی سلێمانی بکرێتە پشوو.
د. رەزا حەسەن، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پاش ئاگادارییەكانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێمی کوردستان و كەشناسی سلێمانی و دەزگا پەیوەندیدارەكان كە شەپۆلێکی بەهێزی باران بارین و لافاو پارێزگای سلێمانی دەگرێتەوە، لە پێناو پاراستنی سەلامەتی گیانی خوێندکاران و مامۆستا و فەرمانبەران، سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی بڕیاریدا رۆژی یەکشەممە 31-3-2019 بکرێتە پشوو لە سەرجەم كۆلێژ و بەشەكان زانكۆی سلێمانی".
ماوەی چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بارانبارین رووی لە باشووری کوردستان کردووە و رۆژی یەکشەممەش بارانبارینەکە زیاتر دەبێت و لە هەندێک شوێنیش مەترسی دروستبوونی لافاو هەیە.
ترس لە دروستبوونی لافاو وایکرد، چەند بەڕێوەبەرایەتییەکی پەروەردە لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بڕیار بدەن دەوام لە ناوەندەکانی خوێندن نەبێت.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستانیش، شەپۆلە بارانبارینەکە تاوەكو رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ