رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەو قوتابییانەی بە هەر هۆكارێك هێڵی ئینتەرنێتیان بۆ خوێندنی ئۆنلاین نییە، دەتوانن سوود لە تەلەڤیزیۆنی پەروەردەی پارێزگاکان وەربگرن بۆ خوێندنەكەیان. بۆ خوێندکارانی زانکۆش، وەزیری خوێندنی باڵا دەڵێت، دەسەڵات دراوە بە سەرۆکایەتیی زانکۆکان رێگە چارەیان بۆ بدۆزنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 30-03-2026 ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداو ی راگەیاند، بۆ خوێندنی ئۆنلاین هەر قوتابییەك بە هەر هۆكارێك هێڵی ئینتەرنێتی نەبێت، "دەتوانێت لە تەلەڤیزیۆنی پەروەردەی هەولێر، سلێمانی و دهۆك سوود وەربگرێت، چونكە وانەكان لەوێوە بە باشی پەخش دەكرێن و لە نزكترین كاتدا خشتەی پەخشكردنی وانەكان بڵاودەكرێنەوە."
سەبارەت بە خوێندنی ئۆنلاین بۆ باخچەكانی ساوایان، وەزیری پەروەردە روونیكردەوە، دەوامی باخچەی ساوایانی حكومی بۆ ئەم قۆناخە وەستاوە، بۆ باخچە ناحكومییەكانیش، "ئەگەر دایك و باوك رازی بوون بە ئۆنلاین مامۆستاكانیان لەگەڵیان بن ئاساییە، ئەگەر نا دەتوانن بڵێن ناتوانین بە ئۆنلاین تاوەكو ئەوكاتەی دەوام ئاسایی دەبێتەوە."
خوێندکارانی زانکۆ دەبێت چی بکەن؟
د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، لەبارەی شێوازی خوێندنی وانەکان بە ئۆنلاین وەڵامی رووداوی دایەوە و گوتی، خوێندکاران وانەی پراکتیکی لە تاقیگە و نەخۆشخانەکان دەخوێنن، چەند بژاردەیەک بۆ تاقیکردنەوەکان لەبەردەستن دوای یەکلاییکردنەوەیان بڕیار لەسەر باشترینیان دەدرێت.
چەند پرسیارێکی رووداو لە د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەڵامەکانی وەزیر:
رووداو: ئەو خوێندکارانەی ماڵیان لە گوندەکانە و هێڵی ئینتەرنێت و کارەبای باشیان نییە، چی بکەن بۆ ئەوەی بە ئۆنلاین بخوێنن؟
وەزیری خوێندنی باڵا: ئەو خوێندکارانەی خەڵکی دەرەوەی شارەکانن و کێشەی ئینتەرنێت و کارەبایان هەیە لە شوێنەکانی خۆیان، دەسەڵات دراوە بە سەرۆکایەتیی زانکۆکان تاوەکو رێگە چارەیان بۆ بدۆزنەوە.
رووداو: ئەو بەشانەی وانەکانیان پراکتیکییە چی بکەن بۆ ئەو وانانە؟
وەزیری خوێندنی باڵا: ئەو خوێندکارانەشی وانەی پراکتیکییان هەیە لە نەخۆشخانە و تاقیگەکان وانەکانیان دەخوێنن، ئەگەر خوێندکارێکیش خەڵکی دەرەوەی شار بوو لە ناوچەکەی خۆی هەمان بەش و هەمان سیستم و پرۆگرامی خوێندنیان هەبوو، کە بتوانێت وانە پراکتیکییەکانی تێدا بخوێنێت، دەتوانێت بە رەزامەندیی هەردوو زانکۆ بگەڕێتەوە شوێنی نیشتەجێبوونی و لەوێ وانەکەی بخوێنێت.
رووداو: ئەوانەی تاقیکردنەوەی میدتێرمیان (نیوەی وەرز) هەیە، تاقیکردنەوەکە دەکەن؟
وەزیری خوێندنی باڵا: سەبارەت بە تاقیکردنەوەکان، تاوەکو ئێستا میکانیزمی تاقیکردنەوەی میدتێرم و تاقیکردنەوەکانی دیکە زیاد لە بژاردەیەک لەبەردەستن، دوای دیراسەکردنیان باشترینیان هەڵدەبژێرین.
رووداو: دەوامی مامۆستا و فەرمانبەران چۆن دەبێت؟
وەزیری خوێندنی باڵا: سەبارەت بە مامۆستا و فەرمانبەر، مامۆستاکانیش ئەرکەکانیان لە گوتنەوەی وانەکان و ئامادەیی فیزیکی ناو پۆلەکان دەگۆڕدرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی ئامادەکردن، تۆمارکردن و هاوکاریکردنی خوێندکاران و قوتابیان لەسەر پلاتفۆرمەکان، بەڵام بۆ فەرمانبەر، دەسەڵات دراوە بە سەرۆکایەتیی زانکۆکان کە هاوکاریان بن و ئەو رۆژانەی پێویست بوو بیانهێننەوە بۆ دەوام و لەگەڵ تەواوبوونی ئەرکەکایان بیاننێرنەوە.
رووداو: چۆن مامەڵە لەگەڵ مامۆستای وانەبێژ دەکەن؟
وەزیری خوێندنی باڵا: مامۆستایانی وانەبێژیش بەگوێرەی گوتنەوەی وانە ئۆنلاینەکان کرێکانیان بۆ هەژمار دەکرێت.
رووداو: تاقیکردنەوەکان چۆن دەبن؟
وەزیری خوێندنی باڵا: تاوەکو ئێستاش هیچ بڕیارێک نییە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی خوێندن، چونکە ئێستا تەنیا مانگێک کەمتریش لە هەندێک زانکۆ دەوام ماوە تاوەکو تاقیکردنەوەی کۆتایی (فاینەڵ) دەکرێت، لەم ماوەی خوێندنی ئۆنلاینەدا ژمارەی گوتنەوەی وانەکان زیادبکرێت، بەمەش ئەو ماوەیەی ماوە بە کەمتر لە وادەی خۆی تەواو بکەین.
شەوی رابردوو ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا دەوامی خوێندنی ناو پۆل رابگرێت و قوتابییان بە ئۆنلاین وانەكانیان بخوێنن.
ئامادەکردنی ئەم هەواڵە: ئارێز خالید و ئاسۆ سەراوی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ