پێشنیازکراوە پرسی کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانی عێراق یەکلایی بکرێتەوە

30-04-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکى هاوپەیمانیى رافیدەین راگەیاند، لێکتێگەیشتن لەبارەى چارەسەرى کورسی کۆتاى پەرلەمانى کوردستان کراوە. یەکێک لە پێشنیازەکان ئەوەیە ئەو پرسە لە پەرلەمانى عێراق بە یاسا یەکلا بکرێتەوە.
 
یونادەم یوسف کەنا، سەرۆکى هاوپەیمانیى رافیدەین بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "لێکتێگەیشتن کراوە بۆ چارەسەرى کێشەى کورسی کۆتاکان، بەڵام شێوازى گەڕاندنەوەى ماوە کە یەکلا نەبووەتەوە."
 
رۆژی 22ى شوباتی 2024 دادگەى باڵاى فیدراڵى 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانى لە پەرلەمانى کوردستان هەڵوەشاندەوە کە پێنج کورسی بۆ کریستیان بوو.
 
یەکێک لە پێشنیازەکان بۆ چارەسەرى گەڕاندنەوەى ئەو کورسیانە ئەوەیە کە لە پەرلەمانى عێراقەوە بەیاسا چارەسەر بکرێت، بەوپێیەى پەرلەمانى کوردستان کارا نییە.
 
یونادەم یوسف کەنا کە پارتەکەى کریستیانە ئاماژە بەوەدەکات، ئەو پێشنیازە کراوە وەک چارەسەر لەبەر ئەوەى دادگە پاشگەز نابێتەوە، بەڵام کێشەیەکى دیکە هەیە کە چۆن دەکرێت، لەکاتێکدا پەرلەمانى عێراق دەسەڵاتى هەموارى یاسایەکى خۆجێیی نییە، کە لە هەرێمى کوردستان دەرکرابێت.
 
یەکێک لە ئامانجەکانى سەردانە سێ رۆژییەکەى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا پرسی کورسیی پێکهاتەکان بووە، بەگوتەى یونادەم یوسف کەنا ئەو سەردانە رۆڵى هەبووە لە گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لە بارەى چارەسەرى کورسیی پێکهاتەکان.
 
دادگەى فیدراڵیى عێراق بازنەکانى هەڵبژاردنى کوردستانى کردە چوار بازنە بە گوێرەی پارێزگاکان، بەبێ ئەوەى کورسیی پێکهاتەکانى تێدا بێت. 
 
زیا بوترس، سیاسەتمەدارى کریستیان باس لە پێشنیازێکى دیکە دەکات کە کراوە بۆ چارەسەرى ئەو پرسە کە پێنج کورسیی پەرلەمان وەک کورسیی قەرەبوو هەژمار بکرێن بۆ پێکهاتەکان و، لایەنە سیاسییەکانى دیکە رکابەرى لەسەر 95 کورسییەکەى دیکە بکەن. 
 
زیا بوترس کە هاوکات بەربژێرى سەربەخۆیە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "سەردانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا وایکرد لایەنەکانى هاوپەیمانى بەڕێوەبردنى دەوڵەت تێگەیشتنیان هەبێت بۆ چارەسەرى ئەو کێشەیە.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی شەممە، 27ـی نیسان سەردانی بەغدای کرد و کۆمەڵێک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەنجامدا کە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بوو.
 
ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ستایشی رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ گەرەنتیکردنی مافی پێکهاتەکان دەکات و دەڵیت: "ئێستا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی سیستمی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بگەڕێتەوە و پێکهاتەکان بتوانن بەشداریی لە هەڵبژاردن بکەن".
 
ئایدن مەعرووف گەشبینە بەو هەوڵانە و گوتی: "ئەو شاندانەی ئێستا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کە سەردانی بەغدایان کردووە، گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی و بەم نزیکانە سیستمی کۆتا دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پێکهاتەکان بتوانن بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن".
 
 
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە، خنکان و هەڵدێران لە هەرێمی کوردستان.

ئەم ساڵ 61 کەس بەهۆی ئاگر، خنکان و هەڵدێران گیانیان لەدەستداوە

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ زیاتر لە هەزار و 292 رووداوی ئاگرکەوتنەوە و خنکان و هەڵدێران روویانداوە، زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێر بووە، بەهۆی ئەو رووداوانە 61 کەس گیانیان لەدەستداوە.