رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی هەرەوەز، کار و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە سنووری پارێزگاکە بە کرێکاری دەژین، زیاتر لە یەک ملیۆن و 300 هەزار کەسە.
رۆژی چوارشەممە، 30ـی نیسانی 2025، عەلی دێهقان رایگەیاند، 73 هەزار کارگە و یەکەی بەرهەمهێنان لە پارێزگاکە هەن و زیاتر لە 430 هەزار کرێکار کاریان تێدا دەکەن. ئەمەش سەرەڕای کرێکارە وەرزییەکانە، کە ژمارەیان کەم نییە.
عەلی دێهقان گوتی، بە هەژمارکردنی ئەندامانی خێزانەکانیان، ژمارەی ئەو کەسانەی لە سنووری پارێزگای ورمێ بە کرێکاری دەژین، زیاتر لە یەک ملیۆن و 300 هەزار کەسە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی هەرەوەز، کار و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای ورمێ، پلانی پۆلێنکردنی هەلی کار یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی پارێزگاکەیە و روونیکردەوە، ورمێ لە باشترین پارێزگاکانە لە جێبەجێکردنی ئەم پلانەدا و نموونەیەکی سەرکەوتووی پلانەکە لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگای ورمێ جێبەجێ کراوە.
دێهقان دەڵێت، 220 رێکخراوی چالاکی کرێکاری لە پارێزگای ورمێ هەن و بەدواداچوون بۆ کێشەکانیان و بەدەستهێنانی مافەکانیان دەکەن.
بە گوتەی دێهقان، ئەم ساڵ یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی کرێکاران لە پارێزگای ورمێ، خەرجنەکردنی مووچەی کرێکارانی شارەوانییەکانی پارێزگاکە بوو، بەڵام دوای هەوڵدانێکی زۆر، بەشێکی زۆری کێشەکە چارەسەرکراوە.
پارێزگای ورمێ گەورەترین پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستانە و بەپێی دوایین ئاماری فەرمیی ئێران، ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە سێ ملیۆن و 300 هەزار کەسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ