رووداو - هەولێر
فەرماندەیی هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنەكانی میحوەری خازر 100 كیلۆمەتر چوارگۆشە خاكی كوردستان لەداعش پاككراوەتەوە و 10 گوند ئازادكراون.
رۆژی دووشەممە 30-5-2016 فەرماندەیی هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان راگەیێندراوێكی سەربازیی بەبۆنەی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی گوندەکانی میحوەری خازر بڵاوكردەوە.
لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە "سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە29-5-2016 هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەركەوتنێكی قارەمانانەیان تۆمار کرد، بەمەبەستی ئازادكردنی گوندەكانی میحوەری خازر. لە ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراواندا هێرشیان کردە سەر مۆڵگەکانی تیرۆریستانی داعش لە رۆژئاوای زێی گەورە، هەر لە سنووری گوندی حەسەن شامەوە و تاوەكو دەگاتە گوندی وەردەک. زەبرێكی گەورەیان لە دوژمندا و پێشمەرگە بە سەركەوتوویی ئامانجەكانی خۆی لەو ئۆپەراسیۆنەدا بەدەستهێنا".
لە راگەیێندراوەكەدا ئاشكراكراوە "لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا، بەشێک لە خاکی پیرۆزی کوردستان بە پانتایی 100 کیلۆمەتری چوارگۆشە لە تیرۆریستان پاككرایەوە و 10 گوندی خوشك و برایانی کاکەیی و شەبەك ئازادکران".
بەپێی راگەیێندراوەكەی فەرماندەیی هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان "زیاتر لە 140چەكداری داعش کوژران و 16 زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازیی بۆمبڕێژکراویان تەقێندراونەتەوە".
فەرماندەیی هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان راشیگەیاندووە "سەركەوتن و شكاندنی دوژمن بێ قوربانیدان نابێ و بە خوێنی پاکی چەند شەهیدێک و ژمارەیەک بریندار ئەم سەرکەوتنە مەزنەی بەرەی خازر تۆمارکرا. لێرەدا پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری شەهیدە قارەمانەکانمان دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ پێشمەرگە بریندارەکان دەخوازین. بەبۆنەی ئەو سەركەوتنە دەستخۆشی لە فەرماندە و یەك یەكەی پێشمەرگە و هێزە بەشداربووەكانی ئەو داستانە دەكەین، بە تایبەت فەرماندەیی میحوەری خازر، فەرماندەیی زێرەڤانی، فەرماندەیی هێزەكانی پشتیوانیی یەک، لەشکری تایبەتی یەک و لەشكری تایبەتی گوڵان، فەرماندەیی دهۆک، لیوای پاراستنی سامانە سرووشتییەکان و هێزه خۆبەخشەكانی میحوەری خازر".
لە راگەیێندراوەكەدا سوپاسی هێزی هاوپەیمانان كراوە كە لەڕێگەی پاڵپشتیی ئاسمانی پشتیوانی هێزی پێشمەرگە بوون لە مسۆگەركردنی سەركەوتن و تێكشكاندنی داعش.
فەرماندەیی هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان دەشڵێت "ئەم سەرکەوتنە درێژكراوەی سەركەوتنەكانی دیكەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستان و ئازادكردنی هەموو بستێكی خاكی كوردستان و بە دڵنیاییەوە هیچ هێزێک ناتوانێت بەرگەی ئیرادەی پۆڵایین و گیانفیدایی پێشمەرگە بگرێت. پیرۆزبایی ئەم سەركەوتنە لە گەلی کوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ