لە سلێمانی 21 کەس لە بنەماڵەی کاوە بازیانی دەستگیردەکرێن؛ پۆلیس دەڵێت لای ئەوان نین

رووداو - سلێمانی

هێزێکی ئەمنی لە شارۆچکەی گۆپاڵە لە سنووری سلێمانی 21 کەس لە کەسوکاری کاوە بازیانی دەستگیردەکەن. کەسوکارەکەی دەڵێن، هۆکارەکەی نازانن و "پێشتر هیچ ئاگادارکردنەوەیەکمان بۆ نەهاتووە". پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت: "لای ئێمە دەستگیرنەکراون".
 
کەسێک لە بنەماڵەی کاوە بازیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 30-5-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "شەوی 27ـی مانگ هێزێکی زۆری ئەمنی لە کاژێر 11:30 خولەکی شەو بە چەندین ئۆتۆمبێلەوە هاتنە شارۆچکەی گۆپاڵەی سەر بە بازیان و 21 کەسیان لە هۆزی کافرۆشی دەستگیرکرد، کە پێنجیان کوڕی کاوە ئەحمەد تۆفیق محەممەد کافرۆشی (کاوە بازیانی)ـن و ئەوانی دیکە برازا و خوشکەزا و کەسی دیکەی نزیکین."
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتی "پێشتر هیچ ئاگادارکردنەوەیەکمان بۆ نەهاتووە تاوەکو بگوترێت ئەو کەسانە فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە یان لە لایەن دادگاوە بانگکرابن؛ بۆیە لەکاتی دەستگیرکردنیان رووبەڕووبوونەوە روویدا، بەڵام هیچ کەس لە هیچ لایەک بریندار نەبوو." 
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتیشی "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، دەستگیرکراوەکان بۆ ئاسایشی چەمچەماڵ گوازراونەتەوە و ئەمڕۆ پێنجشەممە، سێ کەسیان براونەتە دادگە کە خوشکەزا و برازای کاوە بازیانین." 
 
لە بارەی چەکداربوونیشیان، ئەو هاونیشتمانییە گوتی "هۆزی کافرۆشی هۆزێکی کاریگەرە و بنەماڵەی کاوە بازیانیش کێشەی دوژمنداری هەیە، ئەوە هۆکاری چەکداربوونمانە."
 
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی رووداوەکەوە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "هیچ کەس لای پۆلیس دەستگیر نەکراوە، بەڵام ئەو بنەماڵەیە کێشەیان هەیە و دۆسییەکەیان لای پۆلیسە و لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدایە." 
 
سەرچاوەیەکیش لە هێزە ئەمنییەکان بە رووداوی راگەیاند "دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە؛ رێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر و بە گوێرەی یاسا مامەڵە دەکرێت؛ هەر کەسێکیش ببێتە هۆی تێکدانی ئارامی، رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە و رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر".
 
کاوە ئەحمەد تۆفیق محەممەد کافرۆشی (کاوە بازیانی) رۆژی 20-4-2023 لە رێگەی بازیان - سلێمانی تەقەی لێکرا و دوای چەند رۆژێک مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، دوای چەند رۆژێک بابان ئیبراهیم حەبیب، تۆمەتبار بە کوشتنی کاوە بازیانی کە لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی بە مادەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە لە هەولێر دەستگیرکرا و بۆ دادگاییکردن بۆ سلێمانی گوازرایەوە.