لە ئیلام کەسێک گولـلە لە دەستی دەردەچێت و هاونیشتمانییەک دەکوژێت
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری ئاودانانی رۆژهەڵاتی کوردستان گوللە لەدەستی کەسێک دەرچوو و بەهۆیەوە پیاوێکی بەساڵاچوو گیانی لەدەستدا. فەرماندەی پۆلیسی شارەکە دەڵێت، ئەو کەسەی گولـلە لەدەستی دەرچووە، دەستگیرکراوە.
رووداوەکە دوێنێ پێنجشەممە لە بەرزاییەکانی دینارکۆی سەر بە شاری ئاودانانی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە. جەواد ئەحمەدی، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەکە رایگەیاند، ''چەند کەسێک پێکەوە چوونەتە ناوچە شاخاوییەکە و چەکی نایاساییان پێبووە، گولـلە لە دەستی یەکێکیان دەرچووە و بەر پیاوێکی تەمەن 65 ساڵ کەوتووە.''
بەگوتەی فەرماندەی پۆلیسی ئاودانان، بریندارەکە خوێنی زۆر لەبەر رۆیشتووە و سەرەڕای گەیاندنی بە نەخۆشخانە و هەوڵە پزیشکییەکان، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، گیانی لەدەستداوە.
جەواد ئەحمەدی ئاماژەی بەوە کرد، لێکۆڵینەوەی زیاتر لە رووداوەکە بەردەوامە و ئەو کەسەی کە گولـلەی لەدەست دەرچوو، خۆی رادەستی پۆلیس کردووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.
دینارکۆ ناوچەیەکی شاخاوییە لە باشووری پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان کە دەکەوێتە نێوان شارەکانی ئاودانان و دێلوڕانی سەر بە پارێزگاکە.