رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر لەبارەی کێشەکانی پارێزگاکە قسە بۆ رووداو دەکات، دەڵێت: هەندێ شوێنی هەولێر ئاستی ئاوی ژێرزەوی بۆ 700 مەتر دابەزیوە و هێشتا پارێزگاکە لەژێر کاریگەریی وشکەساڵیدایە. دەشڵێت، کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە هەموو شەقامەکان دەخرێتەکار.
"کێشەی ئاو بەردەوام دەبێت"
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات رایگەیاند، بەهۆی بەرفراوانبوونی خێرای هەولێر و چڕبوونەوە و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانەوە، گرفتی ئاو بەردەوامە و ئێستا تەنیا سێ گەڕەکی هەولێر هێندەی هەموو هەولێری جاران خەڵکی تێدا نیشتەجێیە، جیا لەوەش لە سێ ساڵی رابردوودا وشکەساڵی بووە و بۆ ئەمساڵیش کاریگەریی وشکەساڵی لەسەر ئاوی ژێرزەویی هەولێر ماوە، هێندە ئاستی ئاو دابەزیوە لە هەندێ ناوچە کە بیر هەڵدەکەنرێت لە قووڵی زیاتر لە 700 مەتر ئینجا دەگاتە ئاو.
گوتیشی: دۆخی ئاوی ژێرزەوی ئێستای هەولێر بە جۆریکە کە لە گەڕەکەکاندا بە چرکەساتێک بیرێک وشک دەکات و هەڵکەندنی بیری جێگرەوەش کاتی دەوێت، ئەوە جگە لە گرفتی نەبوونی کارەبای پێویست بۆ کارپێکردنی بیرەکان و پڕکردنی تۆڕەکانی دابەشکردنی ئاو.
"کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دەکەوێتەکار"
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا پارێزگاری هەولێر لەبارەی خستنەکاری کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە شەقامەکانی پایتەخت گوتی: پڕۆژەکە زۆر بە خێرایی کاری تێدا دەکرێت و بەمنزیکانە لە سەرجەم شەقامەکان دەخرێتەکار، چونکە ئەو سیستمە بۆ سەلامەتیی گیانی هاونیشتمانییان و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆیە، هەربۆیە پێویست ناکات هیچ کەس لە سیستمەکە نیگەران بێت و شۆفێران دەتوانن پابەندی یاساکان و خێرایی دیاریکراو بن ئەوکات هیچ گرفتێکیان نابێت.
"130 هەزار گەشتیار"
لەبارەی هاتنی گەشتیارانیش بۆ پارێزگای هەولێر لە رۆژانی جەژندا، ئومێد خۆشناو لە رووداوی ئەمڕۆدا گوتی: تەنیا ئەو گەشتیارانەی لە رێگەی نشینگەی بازگەکانەوە هاتوونەتە هەولێر کە گەشتیارانی نێوەڕاست و باشووری عێراقن، لە ماوەی سێ رۆژدا زیاترە لە 130 هەزار گەشتیار، ئەوە جگە لە گەشتیارانی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و ئەو گەشتیارانەی لە رێگەی فڕۆکەخانەوە هاتوون.
ئومێد خۆشناو جەختی لەوە کردەوە، هەولێر وەکو پایتەختی هەرێمی کوردستان شاری هەموو کەسێکە سەردانی بکات و ئەوان پێشوازیی لێدەکەن، لەو چوارچێوەیەشدا رێنمایی دراوە بە ئاسایشی بازگەکان کە کارئاسانی تەواو بۆ گەشتیاران بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ