پۆلیسی دهۆک: دۆمبەڵە بە یەکجاری لە هەموو شوێنێک قەدەخە دەکرێت

 
رووداو - دهۆک

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دهۆک راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دۆمبەڵە لە هەموو شوێنێکی دهۆک قەدەخە دەکرێت.
 
هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێویستە تاوەکو بەیانی هەموو ئەو شوێنانەی یاریی دۆمبەڵەیان تێدا دەکرێت، دابخرێن، یاخود وەکو کافتریا بەکاربهێندرێن.
 
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک، نابێت رێگە بە نەوجەوانان بدرێت سەردانی ئەو کافتریایانە بکەن کە لە شوێنی دۆمبەڵەکان دروست دەکرێن.
 
یاریی دۆمبەڵە جۆرێکە لە قومار و لە ماوەی رابردوودا لە سنووری دهۆک بەشێوەیەکی بەرچاو تەشەنەی کردووە. بە گوتەی هێمن سلێمان، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی بڕیارەکە دراوە.