رووداو- سلێمانی
دوای ئەنجامدانی سێ كۆبوونەوە، هەر دوو باڵی ناوەندی بڕیار و باڵی زۆرینەی مەكتەبی سیاسی نەگەیشتنە ئەنجام، باڵی ناوەندی بڕیاریش سێ پێشنیازیان داوەتە باڵی زۆرینە کە یەکێکیان هەڵوەشاندنەوەی مەکتەبی سیاسی بووە و ئەندامێکی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتیش ئاماژە بەوەدەکات، ئەوانەی ئێستا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتین شایستەی ئەو شوێنە نین.
مامۆستا جەعفەر، ئەندامی پێشووتری مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی رووداو، لەبارەی کۆبوونەوە و ئەنجامەکانی هەردوو باڵی ناوەندی بڕیار و زۆرینەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند: "ئەو کۆبوونەوانە بێسوودن و هیچ ئەنجامێکیان نییە، پێویستە ئەو بابەتانەی لە کۆبوونەوەکان تاووتوێی دەکەن لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی تاووتوێبکرێت چونکە سەرکردایەتی دەسەڵاتی بڕیاری هەیە نەک دوو کەس و چوار کەس".
ئەندامەکەی پێشووتری مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کێشانەی ئێستا لە نێو یەکێتیدا بوونیان هەیە، دەبێت لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یان ئەنجوومەنی ناوەند چارەسەر بکرێت ئەگەر ئەو دوو ئۆرگانەش نەیانتوانی ئەوا کۆنگرە خاڵی کۆتایی و یەکلاکەرەوەیە و دەبێت کێشەکان بکرێتە مەلەفێک و ببرێتە کۆنگرە و لەوێ بڕیاری لەبارەیەوە بدرێت.
سەبارەت بە نەبەستی کۆنگرە، مامۆستا جەعفەر ئاماژەی بەوەشکرد: "دەبێت هەموو بە رۆحی برایانەوە بچنە کۆنگرە و کۆنگرە ببەستن و کێشەکان چارەسەر بکرێت، گرینگ نییە کێ دەردەچێت یان دەرنەچێت، گرینگ ئەوەیە یەکێتی بە باشی بمێنێتەوە و کێشە نەتەوایەتییەکان گرینگترن و لە کێشەکانی یەکێتی دەرکەوت کە ئەوانەی ئێستا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتین شەرعییەتیان نەماوە و شایستەی ئەوەنین ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بن".
پێشتر، شاڵاو عەلی عەسكەری، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و گوتەبێژی ناوەندی بڕیار بێ ئەنجامی كۆبوونەوەكانی بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند و گوتی، چەند پێشنیازێكیان بۆ چارەسەر هەبووە، بەڵام باڵی زۆرینە تەنیا یەك پێشنیازیان هەبووە، ئەویش دەسەڵاتەكانی بڕیاردان بگەڕێنەوە بۆ مەكتەبی سیاسی و جێگرانی سكرتێری گشتیش تەنیا سەرپەرشتی كۆبوونەوەكان بكەن، نەك مافی بڕیاردانیان هەبێت، ئەوانیش ئەوەیان رەتكردەوە.
بە پێی قسەی گوتەبێژی ناوەندی بڕیار ئەوان پێشنیازیان كردووە كۆمیتەیەكی سێ كەسی یان چوار كەسی لەلایەن هەر دوولاوە بە هاوبەشی تاوەكو بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی كاروبارەكانی حیزب بەڕێوە ببات یاخود كار بە پەیڕەوی ناوخۆ بكرێت و دەسەڵاتی سكرتێر رادەستی جێگرانی بكرێت و مەكتەبی سیاسی هەڵوەشێتەوە. و بڕیارەكانی یەكێتی رادەستی سەركردایەتی ئەو حیزبە بكرێت. بەڵام ئەو پێشنیازانە لە لایەن باڵی زۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رەتكراوەتەوە
رۆژی 1-9-2016 جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی، دروستكردنی ناوەندی بڕیاریان لەنێو یەكێتی راگەیاند و لەبەرامبەردا باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، كە خۆیان بە زۆرینە مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەناسێنن، بە دەركردنی بەینامەیەك شەرعیبوونی ئەو ناوەندەیان رەتكردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ