عەبدوڵڵا موهتەدی: دەمانەوێت گەلی کورد یەکڕیزی خۆی پێشانبدات

30-09-2022
سۆران حوسێن
عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران داوا دەکات خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سبەی شەممە بەشداریی مانگرتنی گشتی دژی بۆردوومانەکانی ئێران بۆ سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بکەن. دەشڵێت: "هێزی پێشمەرگە چەکوشی ئامادەیە بۆ کاتی خۆی و دەتواندرێت سوودی لێ ببینرێت." 
 
رۆژی پێنجشەممە 29-9-2022، ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا داوای لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە رۆژی شەممە 1-10-2022 دژی بۆردوومانکردنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان مانگرتنی سەرتاسەری رابگەیێنن. ئەمڕۆ هەینی ژمارەیەک چالاکڤانی کورد و ئازەری لە راگەیێندراوێکدا پشتگیریی خۆیان بۆ مانگرتنەکە راگەیاند و داوایان لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرد، رۆژی شەممە بەشداری مانگرتن بکەن و لە شەقامەکان بمێننەوە.
 
رۆژی هەینی 30-9-2022، عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران میوانی بوولتەنی کاژێر 06:30ی ئێوارەی رووداو بوو کە تایبەتە بە هەواڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. موهتەدی گوتی، "دەمانەوێت بەم مانگرتنە گەلی کورد یەکڕیزی خۆی پێشانبدات و وانەیەک بداتە کۆماری ئیسلامیی ئێران و بڵێت: پێشمەرگە لە دڵی خەڵکدا دەژی؛ دەمانەوێت گەلی کورد ویستی خۆی دژی ئێران و مووشەکبارانەکان پێشانبدات." 
 
عەبدوڵڵا موهتەدی ئاماژەی بەوە کرد کە لە رابردوودا چەند جارێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتن "بە سەرکەوتوویی" بەڕێوەبراوە و گوتیشی: "ئەمجارە گۆڕاوە، هەموو ئێران خرۆشاوە و رای گشتی دژی ئێران هەڵوێستی هەیە، هەموو خەڵکی ئێران و جیهان چاویان لە خەڵکی کوردە کە ئەمجارەش پێشەنگایەتی بکەن؛ دڵنیام خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرکەوتوویی مانگرتنەکە بەڕێوەدەبەن." 
 
سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران باسی لە بۆردوومانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "هێرشەکانی ئێران بۆ چاوترساندنی خەڵک و حیزبەکان و بۆ تێکدانی نێوانیان بووە و ئەو پلانانەیان پووچەڵ بووەتەوە." 
 
رۆژی 28-09-2022 سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردە سەر بارەگاکانی پێشمەرگە و کامپەکانی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، بەوهۆیەوە 17 کەس گیانیان لەدەستدا و 46 کەسیش بریندار بوون.
 
موهتەدی باس لەوە دەکات کە کورد "پێشڕەوی خەباتە" لە ئێران و دەڵێت: "بڕیارە سبەی شەممە کاژێر 02:00ی دوای نیوەڕۆ بەکاتی تاران، مانگرتنی گشتی لە هەموو شارەکانی ئێران و کوردستان و وڵاتانی دەرەوەش بەڕێوەببرێت و خەڵک بڕژێنە شەقام و کۆڵانەکان." 
 
سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ئامانجی پشتیوانیی حیزبەکان لێیان، عەبدوڵڵا موهتەدی گوتی: "ناڕەزاییەکە دواجار دەبێت بگاتە نەمانی دەسەڵات؛ مەرج نییە سبەی بگات، بەڵام تاوەکو زووتر بگات و قوربانی خەڵک کەمتر بێت باشترە. بێگومان خەڵک بە ئاسانی ناچنەوە ماڵەوە. ئەم بزووتنەوەیە لە هەموو بزووتنەوەکانی رابردوو جیاوازترە و هیوادارم و ئاواتمانە کە کۆتایی بە رژێم بهێنێت. هەموو خەڵکیش لە ئێران کار بۆ ئەوە دەکەن." 
 
دوو هەفتەیە بەهۆی ناڕەزاییەکان دژی شێوازی گیانلەدەستدانی کچە کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان ژینا ئەمینی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە. 
 
سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەڵێت، ناکەونە "ئەو داوەوە کە کۆماری ئیسلامی" دەیەوێت و گوتی، ئەوان نایانەوێت تووندوتیژی بخەنە نێو خۆپێشاندانەکانەوە و تیمی پێشمەرگە بنێرن. بەگوتەی سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، "ناردنی پێشمەرگە دەبێتە هۆکاری ئەوەی شەقام لە جەماوەر چۆڵ ببێت؛ بەشێک لە رێکخەرانی ناڕەزاییەکان هەر کەسانی حیزبەکانن لە شارە جۆربەجۆرەکان، ئێمە لەنێو دڵ و دەروونی ئەو خەڵکەداین و لێیان نزیکین." 
 
عەبدوڵڵا موهتەدی گوتیشی: "بێگومان هێزی پێشمەرگە چەکوشی ئامادەیە بۆ کاتی خۆی و دەتواندرێت سوودی لێ ببینرێت. پێشمەرگەی کوردستان بڕبڕەی پشتی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی ئەم گەلەیە و رۆڵ و نەخشی کەم نەبووە و هەرگیز کەم نابێ." 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە