کاتی کردنەوەی پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب پێش دەخرێت
رووداو دیجیتاڵ
بە پێچەوانەی ساڵانی رابردوو، کاتی کردنەوەی پێشەنگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی نزیکەی 50 رۆژ پێش دەخرێت.
حەوتەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب دەکرێتەوە و 11 رۆژ بەردەوام دەبێت؛ نزیکەی 200 وەشانخانە لە 15 وڵاتی جیاوازەوە بەشدار دەبن.
ئەمڕۆ سێشەممە 30ـی ئەیلوولی 2025، گوڵان نیروان، بەڕێوەبەری بازاڕسازیی پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "حەوتەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی ئەتڵەس، بە چاودێریی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتی دامەزراوەی سەرۆک مام جەلال، لە 3 بۆ 13ی ئۆکتۆبەر بە ناوی خولی سەرۆک تاڵەبانی دەکرێتەوە."
کاتی کردنەوەی پێشانگاکە هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مام جەلال، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق.
بە گوتەی بەڕێوەبەری بازاڕسازیی پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، نزیکەی 200 ناوەند و دەزگا لە 15 وڵاتی جیاواز، لەم خولەی پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب، بە هەزاران ناونیشانی جیاواز و نوێ بەشدارییان کردووە.
لەبارەی بەڕێوەچوونی چالاکیی رۆژانەی پێشانگەوە، گوڵان نیروان روونیکردەوە، رۆژانە لەسەر سەکۆی پێشانگەکە، چەندین چالاکیی ئەدەبی و رۆشنبیریی جیاواز بەڕێوەدەچن. لە رووی نێوەرۆکی پێشانگەوە کار لەسەر ئەوە کراوە کە سەرچاوەی زیاتر، ناوەند و دەزگەی جۆراوجۆر بانگێشت بکرێن و بەشدارییان پێ بکرێت."
سەبارەت نوێکاریی پێشانگەکە، بەڕێوەبەری بازاڕسازیی پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی گوتی: "سەبارەت بە دیکۆر، دیزاین، رێکخستنی دەروازە و هۆڵی پێشانگە گۆڕانکارییەکی زۆرمان کردووە و گرنگی زیاتر بە بابەتی رێکلام و بابەتە چاپکراوەکان دراوە."
گوڵان نیروان گوتیشی، "ئەم ساڵ کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی بەشێک لە کتێبەکانیان دەهێنن و لە پێشانگەکەدا بەشدار دەبن؛ بێگومان ئەوان کتێبەکانیان بۆ فرۆشتن نییە، بەڵام بۆ زانیاریی خەڵکە و دواتر دەتوانن کتێبەکانیان کۆپی بکەن و بیخوازن."
لەبارەی جیاوازیی ئەم خولەی پێشانگەکە لەگەڵ ئەوانی پێشووتر، گوڵان نیروان دەڵێت، "ئەم ساڵ هۆڵێکی تایبەتمان لەنێو پێشانگە بۆ سیمینار و کۆبوونەوەکان دروست کردووە؛ هاوکات رێوڕەسمی واژۆکردنی کتێب و کۆمەڵێک چالاکیی دیکەی تێدا بەڕێوەدەچێت."
ئەم ساڵ لە پێشانگەکەدا هەندێک نووسەر تاکلایەنە بەشدارییان کردووە و خانەیەکی تایبەتیان بە کتێبەکانی خۆیان کردووەتەوە.