رووداو دیجیتاڵ
لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان 438 سزادراو هەن کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، بەڵام سزاکەیان بەسەردا جێبەجێ ناکرێت و ژمارەشیان رۆژ بە رۆژ لە بەرزبوونەوەدایە. ئەوان کە لەسێدارە نادرێن، ئازادیش ناکرێن. یاساناسان پێیانوایە بۆشایی یاسایی لەو رووەوە هەیە و ئاماژە بەوە دەدەن ئەو وڵاتانەی کە سزای لەسێدارەدان جێبەجێ ناکەن، لەبری ئەوە سزای زیندانی بۆ هەمیشەیی تاوەکو مردنیان داناوە.
بەپێی یاسای سزادانی عێراقیش سزای لەسێدارەن هەیە، لە دوای ئەو هەتا هەتاییە کە ماوەکەی 20 ساڵە. بەڵام سزادراوانی کوردستان بە لەسێدارەدان، دوای ئەو 20 ساڵە نە ئازاد دەکرێن و نە لەسێدارە دەدرێن.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان 438 سزادراو هەن کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، 408یان پیاون و 30 سزادراوەکەی دیکە ژنن.
لە بەرنامەی (لەگەڵ رەنج)ی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەوی یەکشەممە 30-10-2022 پەخشکرا، ئەو پرسە بە میوانداری هەریەک لە دادوەر ئاوات عومەر، لە دادگەی سلێمانی، دادوەر سەلاحەدین لەتیف، نوێنەری داواکاری گشتی، فوئاد جەزا، نوێنەری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەری چاکسازیی ژنان و منداڵان لە سلێمانی و کارمەند مەحموود، پارێزەر و بەڕێوەبەری پڕۆژە لە رێکخراوی ناوەندی نیشتمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ، گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
ئاوات عومەر: بە مەرج لەگەڵ ئەوەم سزای لەسێدارەدان لە هەرێمی کوردستان هەبێت
ئاوات عومەر، دادوەر لە دادگەی سلێمانی کە میوانێکی بەرنامەکە بوو دەڵێت: "ئەگەر بۆ ئامانجەکانی یاسا بگەڕێینەوە، دوو بەهای سەرەکی هەن کە یاسا ئامانجیەتی. یەکێکیان بریتییە لە دادپەروەری، ئەوەی دیکەیان بریتییە لە سەقامگیری. ئەگەر دادپەروەری لە دێڕێکدا بریتی بێت لە گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەن ماف، هەروەها مامەڵەکردنی هەر کەسێک لەسەر ئەو شتەی شایستەی خۆیەتی، واتە بەپێی ئەو کارەی کە کردوویەتی، یان بەپێی ئەو لێهاتووییەی کە هەیەتی، یان بەپێی ئەو مامەڵەیەی کە کردوویەتی، دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت".
لە رووی سەقامگیریشەوە وەک دادوەر ئاوات عومەر ئاماژەی پێدەدات کە ئامانجی دووەمی یاسایە، "بریتییە لە بەدیهێنانی بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی ئاسایشی گشتی. هەردوو بەهایەکە، بەهای دادپەروەری و بەهای سەقامگیری بە جۆرێک لە جۆرەکان پاڵپشتی ئەوەن سزای لەسێدارەدان وەکو پرەنسیپی گشتی هەبێت".
دادوەرەکەی دادگەی سلێمانی پێیوابوو، "سزای لەسێدارەدان لە هەرێمی کوردستان هەبێت، بەڵام بە مەرج. بۆ بارودۆخی ئێستای کوردستان و بۆ هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی وادەخوازێت کە سزای لەسێدارەدان بۆ هەندێک لە تاوانەکان هەبێت. بۆ نموونە کەسێک دەستدرێژی بکاتە سەر منداڵێک و دواتر بیکوژێت، یان چەند منداڵێک.. ئەم جۆرە تاوانانە یان تاوانە قێزەونەکان بە گشتی".
ئاوات عومەر دەڵێت، لەگەڵ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانە، "چونکە سزای دیکەمان نییە بۆ ئەو جۆرە تاوانانە، ئەو وڵاتانەی کە سزای لەسێدارەدانیان لابردووە، لەبری ئەوە زیندانی بۆ هەمیشەییان داناوە تا مردن (مدی الحیاة)، واتە کەسەکە بە زیندوویی دەچێتە ژوورەوە، بە مردوویی دێتە دەرەوە. بەڵام لە سیستەمی یاسای ئێمە ئەو سزایە نییە، ئەگەر ئەو جۆرە سزایەشمان هەبووایە بۆ هەندێک دۆخ هەر لەگەڵ سزای لەسێدارەدانم".
بە گوتەی دادوەرەکەی دادگەی سلێمانی، "دادپەروەری و سەقامگیری دوو ئامانجی سەرەکیی یاسان، هیچ کاتێک لەسەر زەوی دادپەروەری رەها دروست نابێت، تەنانەت لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانی دوای شۆڕشی فەرەنسیش، بە نموونە کۆمەڵگەی ئەوروپی و ئەمریکی ئەو دادپەروەرییەی تێدا نییە. بۆیە خەباتی مرۆڤ بەردەوامە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری، بۆیە ئەگەر لە کۆمەڵگەیەک کەموکوڕی لە سیستەمی یاسا و سیاسیدا هەبێت، ناکرێت ئەوە بکەینە پاساو بۆ ئەوەی تاوانبار لە سزای لەسێدارەدان رزگاری بێت".
"بۆشاییەکی گەورەی یاساییمان هەیە"
438 کەس لە هەرێمی کوردستان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان سزای لەسێدارەدان جێبەجێی ناکرێت. بە بڕوای دادوەر ئاوات عومەر "ئەوانەی کە پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان بەتەواوەتی رۆیشتووە، دادگەی تێهەڵچوونەوە و دەستەی گشتی بڕیارەکەی پەسندکردووە و پرۆسەکە کۆتاییهاتووە و سەرۆکی هەرێمیش مەرسومی پێدەرکردووە، دەبێت سزاکە جێبەجێ بکرێت. بەڵام ئەوەی لە کوردستان هەیە بارێکی زۆر شازە. سزای لەسێدارەدانت بۆ کەسەکە دەرکردووە و جێبەجێشی ناکەین، بە فەرمی سزایەکی جێگرەوەشت نییە وەکو زیندانی بۆ هەمیشەیی تا مردن (مدی الحیاة)، لە وڵاتی ئێمە سزای هەتا هەتایی (مؤبد) 20 ساڵە".
دادوەر ئاوات عومەر پێیوایە، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە "کێشەیە، بەڕاستی دەبێت چارەسەر بکرێت. کەسێک دوای 20 ساڵ کە سزای لەسێدارەدانی هەیە چی لێدەکەیت؟ بۆیە بۆشاییەکی گەورەی یاساییمان هەیە، چارەسەرەکەش بەوە دەکرێت یاساکە هەموار بکرێتەوە، بابەتی زیندانی بۆ هەمیشەیی تا مردنی بخرێتە ناو. یان بە لێبووردنی گشتی بە یاسایەک ئەو پرسە چارەسەر بکرێت، من نازانم دوای 20 ساڵ چۆن سزاکە جێبەجێ دەکەیت؟ بۆیە راگرتنەکە پشتیوانییەکی یاسایی نییە".
ئەو دادوەرەی دادگەی سلێمانی پێشنیاز دەکات، "سزای بۆ هەمیشەیی تا مردن (مدی الحياة) بخرێتە سیستەمی یاساوە، ئەوانەی 20 ساڵیان تێپەڕاندووە ئەو بڕیارە ئەوانیش بگرێتەوە".
دادوەر ئاوات عومەر پێی وایە، مرۆڤ لە سرووشتی خۆیدا "کەسێکی بەخشندەیە، بەڵام هیچ مرۆڤێک نییە لە هەر پێگە و پلە و پایەیەکی ئایینی، کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بێت خاڵی نییە لە تاوانکاری، تەنانەت بە خۆشمەوە".
"لەگەڵ سزای لەسێدارەدانم لە چوارچێوەیەکی زۆر تەسکدا"
دادوەر سەلاحەدین لەتیف، نوێنەری داواکاری گشتی میوانێکی دیکەی بەرنامەی (لەگەڵ رەنج) بوو، ئەویش بۆچوونی خۆی لەبارەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان دەربڕی و گوتی: "من لەگەڵ سزای لەسێدارەدانم، بەڵام لە چوارچێوەیەکی زۆر تەسکدا، بۆ کۆمەڵێک تاوانی زۆر ترسناک کە هەڕەشەن بۆ سەر کۆمەڵگە. واتە ئەگەر بە رەهایی بڵێین لەگەڵ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانداین، ئەوە باش نییە. بەڵام بۆ کۆمەڵێک تاوانی زۆر ترسناک و تاوانباری زۆر ترسناک لەگەڵیدام".
بە گوتەی سەلاحەدین لەتیف، "تاوانباری وا هەیە ئەو فەلسەفەیەی لە سزدان هەیە بەسەریدا جێبەجێ نابێت، فەلسەفەی سزادان بریتییە لە رەدع، چاکسازی و سەقامگیریی کۆمەڵگە. بەڵام تاوانباری وامان هەیە دەروونێکی وەها ترسناکی هەیە ئەگەر بە لەسێدارەدان سزا بدرێت، زیندوو بێتەوە لەوانەیە هەمان تاوان دووبارە بکاتەوە".
دادوەر سەلاحەدین لەتیف: هەندێک تاوانبار هەیە شایەنی ئەوەیە لە شوێنێکی گشتیشدا لەسێدارە بدرێت
دادوەر سەلاحەدین لەتیف دەڵێت، "هەندێک تاوان و تاوانبار هەیە نەک شایەنی ئەوەیە سزا بدرێت، بەڵکو شایەنی ئەوەیە لە شوێنێکی گشتیشدا لەسێدارە بدرێت. تاوانەکەی ئەوەندە قێزەونە، ئەوەندە بەشێوەیەکی وەحشیگەرانە تاوانەکەی کردووە، هەرچی مرۆڤایەتی هەیە قێز لەو تاوانە دەکاتەوە، هیچ چاکسازییەک لەو کەسە بەدیناکرێت. پێویستە کۆمەڵگە لەو جۆرە کەسانە پاک بکرێتەوە".
نوێنەرەکەی داواکاری گشتی دەڵێت: "کەسی وا هەبووە خیانەتی کردووە لە ژن، مێردەکەشی کوشتووە، پاشان ژنەکەشی کوشتووە بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبێت".
بە بڕوای سەلاحەدین لەتیف، بابەتی تاوان و تاوانکاری کۆمەڵێک پاڵنەری هەیە، "پاڵنەری خودی، گەورەبوون و پەروەردەکردنی و بارودۆخی کەسەکە رۆڵ دەبینێت. بەڵام هەندێک تاوان هەیە وەکو تاوانی دزیکردن، رەنگە کەسێک بەهۆی نەبوونییەوە دزی بکات، بەڵام کەسێک کوشتنێک بکات بۆ ئەوەی دزییەک بکات.. بەڕاستی ئەوە ترسناکە. من وەکو لێکۆڵەری دادی دۆسیەی تاوانم لابووە، کەس هەبووە کوژراوە بۆ ئەوەی شتێکی زۆر پووچ بدزرێت. کۆتایی بە گیانی کەسێک بهێنیت بۆ ئەوەی مۆبایلێکی لێ بدزیت! لەوانەیە هەندێک لەوانەی تاوان دەکەن دەروونیان نەخۆشبێت یاساش چارەسەری بۆ ئەو جۆرە دۆخانە داناوە".
دادوەر سەلاحەدین لەتیف باسی یەکێک لەو دۆسیانە دەکات کە بەلایەوە زۆر "ناخۆش" بووە و بە تاوانێکی "قێزەون" ناوی دەبات. ئەگەرچی دەڵێت، رێگەپێدراو نین باسی دۆسیەکان بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا بێ ناوهێنان باسی دۆسیەی کوشتنی منداڵێک دەکات و دەڵێت: "جارێکیان کوشتنی منداڵێکم زۆر بەلاوە ناخۆش بوو کە زۆر بەبێ تاوان دانیشت بوو، خەریکبوو خەوی لێدەکەوت، بەدیار کۆمەڵێک بەرخەوە بوو.. تاوانبارێکی زۆر ترسناک هات لەپڕ بە رێگەیەکی زۆر وەحشیانە کوشتی، بە بەرد کێشابووی بەسەریدا. لاشەکەشی شاردبووەوە بۆ ئەوەی کەسوکارەکەی نەیدۆزنەوە. لە ماوەی یەک مانگدا دوو کەسی دیکەی بەو شێوەیە کوشت. کەسێک بوو کە نەخۆشی دەروونی هەبوو، بەهۆی ئەوەی نەخۆشی دەروونی هەبووە و بەپێی یاسا کەسێک کە بەرپرسیاریێتیی سزایی نەبێت، دادگە حوکمی نادات".
سەلاحەدین لەتیف: سزای لەسێدارەدان بە یاسا رانەگیراوە
دادوەر سەلاحەدین لەتیف ئاماژە بەوە دەدات، سیاسەتی تاوانکاری لە هەرێمی کوردستان "سیاسەتێکی روون نییە بەرامبەر بە پرسی لەسێدارەدان، وەکو دەق دەقی یاساییمان هەیە بۆ لەسێدارەدان، بەڵام وەکو جێبەجێکردن سزای لەسێدارەدان جێبەجێ ناکرێت. ئەگەر ئەمە وەکو دەقێکی یاسایی وەربگرین زۆر کێشەیە، چونکە سزای لەسێدارەدان بە یاسا رانەگیراوە، بەڵکو بە بڕیارێکی سیاسی راگیراوە، ئامانجەکەش ئەوەیە بۆ ئەوەی رووێکی جوانی هەرێمی کوردستان پێشانی دەرەوە بدەن و وای پێشان بدەن کە هەرێمی کوردستان باوەڕی بە مافی مرۆڤ هەیە".
سەلاحەدین لەتیف پێیوایە، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتی وایە، "حەز دەکات وا خۆی پێشان بدات کە سزای لەسێدارەدان نەمێنێت.. ئەمە پرۆسەیەکی زۆر قورس نییە، بە دەرکردنی یاسایەک دەتوانن لە رووی یاساییەوە ئەو بابەتە چارەسەر بکەن".
فوئاد جەزا: لەنێو سزادراون بە لەسێدارەدان پرۆسەی هاوسەرگیری کراوە
سەبارەت بە رەوشی سزادراون بە لەسێدارەدان لەنێو چاکسازییەکان، فوئاد جەزا، نوێنەری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەری چاکسازیی ژنان و منداڵان لە سلێمانی، میوانێکی دیکەی بەرنامەکە بوو.
بە گوتەی فوئاد جەزا، ئامانجی ئەوان لە چاکسازییەکان "بەدیهێنانی ئامانجەکانی یاسایە کە سەقامگیری و دادپەروەرییە. ئێمە کاتێک ئەو سزادراوە وەردەگرین بۆ پاراستنی سزادراوەکەیە بۆ بەسەربردنی ماوەی سزاکەی، بۆ پاراستنی کۆمەڵگەیە لە خراپەکاران، هەروەها بۆ پاراستنی گیانی سزادراوەکانیشە لە تۆڵەسەندنەوە".
لەپاڵ ئەو کارانەش وەک فوئاد جەزا دەڵێت: "کاردەکەین بۆ شیاندنەوە و راهێنانەوەی ئەو کەسانە وەکو تاکێکی بەرهەمهێن و بەسوود بەر لە گەڕانەوەی بۆ نێو کۆمەڵگە. بەڵام ئەوانەی سزای لەسێدارەدانیان هەیە ناگەڕێنەوە نێو کۆمەڵگە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشداریمان پێکردوون لە هەموو پرۆسەیەکی چاکسازی، لە چالاکییە وەرزشییەکان بەشدارن، بەشداریی پرۆسەی خوێندن دەکەن، پرۆسەی هاوسەرگیریان ئەنجامداوە. بەشداریی خولەکانی راهێنان دەکەن".
سەبارەت بە چۆنێتیی پرۆسەی هاوسەرگیری، بەڕێوەبەری چاکسازیی ژنان و منداڵان لە سلێمانی گوتی: "یان ئەوەتا پێشتر لە دەرەوە یەکدییان ناسیوە، یان بە یەکەوە تاوانێکیان ئەنجامداوە، یان کەسێک لە چاکسازیی پیاوان کەسێک لە چاکسازیی ژنان دەناسێت، بەو شێوەیە هاوسەرگیرییان کردووە، هەردوو کەسەکەش سزای لەسێدارەدانیان هەیە".
فوئاد جەزا: سزادراوانی سێدارە بێ کێشەترین کەسن لەنێو چاکسازییەکاندا
نوێنەری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماری ئەو سزادراوانە ئاشکرا دەکات کە سزای لەسێدارەدانیان هەیە لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت: "438 سزادراو هەن کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، 408یان پیاون و 30 سزادراوەکەی دیکە ژنن. بە شێوەیەک لە هەولێر 147 پیاو و 10 ژن، لە دهۆک 110 پیاو و 8 ژن، لە سلێمانی 151 پیاو و 12 ژن. زۆرینەی تاوانەکانیش کوشتنە".
لە رووی پابەندبوون بە رێنوێنی و یاسا کارپێکراوەکانی نێو چاکسازی، بەڕێوەبەری چاکسازیی ژنان و منداڵان لە سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات، "سزادراوانی سێدارە لە چاکسازیی گەوران لە سلێمانی لە رووی پابەندبوون بە رێنوێنی و یاسا کارپێکراوەکانی نێو چاکسازی پابەندترین کەسن بە رێنوێنییەکانەوە، بێ کێشەترین کەسن لەنێو چاکسازییەکاندا".
کارمەند مەحموود: بە بەراورد بە بەشەکانی دیکەی عێراق کەوتووینەتە نێو دژیەکێکی یاساییەوە
کارمەند مەحموود، پارێزەر و بەڕێوەبەری پڕۆژە لە رێکخراوی ناوەندی نیشتمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ کە توێژینەوەیەکی شیکاری بەراوردکاریی مەیدانی ئامادەکردووە بەناوی "سزای لەسێدارەدان لە هەرێمی کوردستان لەنێوان جێبەجێکردن و راگرتندا"، میوانێکی دیکەی (لەگەڵ رەنج) بوو.
بە گوتەی ئەو پارێزەرە، ماوەی زیاتر لە ساڵێکە سەرقاڵی توێژینەوەن لە بابەتی لەسێدارەدان، "چونکە لە هەرێمی کوردستان ئێمە کێشەیەکمان هەیە کە لەناو یاساکاندا سزای لەسێدارەدان هەیە و رۆژانەش دەکرێتە بڕیار، بەڵام لە واقیعدا جێبەجێ ناکرێت. لە وڵاتێکی فیدراڵ کە ئێمە لە هەرێمی فیدراڵیداین لێرە جێبەجێ ناکرێت، بەڵام لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق جێبەجێ دەکرێت، بەمەش کەوتووینەتە نێو دژیەکێکی یاساییەوە".
کارمەند مەحموود ئاماژە بەوە دەدات، ژمارەیەکی زۆر سزادراوی لەسێدارە لە چاکسازییەکان هەن و "رۆژ بە رۆژیش ئەو ژمارەیە زیاد دەبێت و کەڵەکە دەبێت، چونکە سزاکە نە جێبەجێ دەکرێت نە چارەسەرێکی ریشەیشی بۆ دەدۆزرێتەوە".
بەڕێوەبەری پڕۆژە لە رێکخراوی ناوەندی نیشتمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەدات، بەپێی ئەو توێژینەوەیەی ئەوان کردوویانە، "ئەوانەی لە هەرێمی کودستاندا پشتگیری لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان دەکەن، ئەوان بەڵگە و پاساوی جوانیان هەیە و دەڵێن کاتێک کەسێک دەگیرێت بە مادەیەک سزاکەی لەسێدارەدانە، ئەو رێکارەش بە پرۆسەیەکی وردی لێکۆڵینەوە دەڕوات".
بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەکەیان، کارمەند مەحموود دەڵێت: "دیدارمان لەگەڵ زیاتر لە 60 کەس لە سزادراوان، دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی وەکو سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ئەنجوومەنی دادوەری، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەنجامداوە".
بە گوتەی کارمەند مەحموود، "لە نێو چاکسازییەکانیاندا خەڵکێکی تێدایە لە ساڵی 1992وە سزای لەسێدارەدانی هەیە تائێستا لە ژیاندا ماوە. ئەو سزادراوە باسی ئەوەی بۆمان کرد کاتێک کە تاوانەکەی کردووە گەنجێکی هەرزەکار بووە، ئێمە کە بینیمان سەر و ریشی هەمووی سپی ببوو".
کارمەند مەحموود هەر لە باسی ئەو سزادراوانە دەڵێت: "ئەو کەسە گوتی ئەگەر لە ساڵی 1992وە یان دواتر لە سێدارە درابووینایە، ئێستا لە بیر هەموو کەسوکاریشمان چووبووینەوە. خەڵکی دیکەی تێدایە لە ساڵی 1997 و 1999وە سزای سێدارەی بۆ دەرکراوە. هەندێک لەوانەی کە گفتوگۆمان لەگەڵیان کردوون، خۆزگە بەوە دەخوازن لەسێدارە درابوونایە".
کارمەند مەحموود: دوای زیاتر لە 20 ساڵ سزادراوێک لەسێدارە بدرێت پێشێلکارییە
بە بڕوای ئەو پارێزەرە، "ئەگەر بێتو ئەو سیستەمە سیاسییە بڕیار بدات کە ئەو کەسانەی 20 بۆ 30 ساڵە لە زیندانن و سزای لەسێدارەدانیان هەیە و سزاکەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت، ئەوا بۆ ئەوان دەبێتە دوو سزا. واتە سزای لەسێدارەدانەکەی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت و ماوەی 20 بۆ 30 ساڵیشە لە زیندانە، ئەمەش پێشێلکارییە بەرامبەر بە خودی سزادراوەکانیش".
بە گوتەی کارمەند مەحموود، "ئەو دۆخەی ئێستا هەیە، نایاساییە و پێویستی بە چارەسەرێکی یاسایی هەیە، ئێمە لەو توێژینەوە چەند چارەسەرێکمان خستووەتەڕوو. پەرلەمانی کوردستان ژمارەیەک بژارەی لەبەردەستە، یەکێک لەو بژارانە ئەوەیە یاسایەک بەناوی یاسای هەڵگرتنی سزای لەسێدارەدان دەربکات. دواتر بەرەو بژارەکانی دیکە دەچین، کە سزاکە هەڵگیرا چی لێ بکات؟ ئەگەر بیکاتە زیندانی هەتا هەتایی (مؤبد) کە بەپێی یاسا ماوەکەی 20 ساڵە، ئەی لە خوار سزای لەسێدارەدان سزای کەمتر لە 20 ساڵ هەیە.. ئەوانە چی لێدەکرێت؟"
بەپێی هەردوو یاسای ساڵی 2007 و ساڵی 2012ی لێبووردنی گشتی لە هەرێمی کوردستان، ئەو کەسانەی سزای لەسێدارەدانیان هەیە ئەگەر لێخۆشبوون و ئاشتەوایی هەبوو لە نێوانیان، سزاکەی لەسێدارەدان کەمدەکرێتەوە بۆ زیندانی هەتا هەتایی.
بەڵام لە یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2017 مادەی دووەم بڕگەی یەکەمدا هاتووە: "سزای حوکمدراون بە لەسێدارەدان لەسەر ئەو کێشانەی کە ئاشتەوایی تێدا ئەنجامدراوە یاخود ئەنجام دەدرێت لەنێوان لایەنەکان، بۆ سزای بەندی کاتی (15) ساڵ کەمدەکرێتەوە و ماوەی گرتن و حوکمی پێشوویان بۆ هەژمار دەکرێت، بەو مەرجەی ئاشتەواییەکە لەبەردەم ئەو لیژنەیە راستێندرابێت کە بەپێی ئەو یاسایە پێکدێت".





