رووداو دیجیتاڵ
هەزاران کەس لە شەڕی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە لەماوەی سێ هەفتەی رابردوودا کوژراون، بۆ وەستاندنی ئەو شەڕە خوێناوییە و پاڵپشتیکردنی خەڵکی غەززە، لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکاش، خەڵک خۆپێشاندان دەکەن.
بە درووشمی جیاواز، لەوانە "هیچ جێگرەوەیەک بۆ فەلەستین نییە، جگە لە بەهەشت"، "کوشتنی بەکۆمەڵ لە غەززە رابگرن" و "فەلەستین ئازاد بکەن، کوشتنی بەکۆمەڵ رابگرن" خەڵک لە خۆپێشاندانەکاندا پاڵپشتیی خۆیان بۆ خەڵکی غەززە دەردەبڕن.
شەڕی سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لە حەوتی ئەم مانگەوە هەڵگیرسا، کاتێک لە بەرەبەیاندا چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بە پێنج هەزار مووشەک هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل، لەبەرامبەردا لەو رۆژەوە ئیسرائیل هەزاران مووشەکی ئاراستەی کەرتی غەززە کردووە.
شەڕەکە ئەوەندە خوێناوییە، کە لەماوەی 24 رۆژدا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەشت هەزار کەس لە کەرتی غەززە و زیاتر لە 1400 کەسیش لە ئیسرائیل، زۆربەی هەرە زۆری کوژراوەکان لە هەردوولا، خەڵکی مەدەنین.
ئەو وێنانە خۆپیشاندانی خەڵکن بۆ پشتگیری لە خەڵکی غەزە لە وارشۆ و بەلوچستان.