رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی شاری هەولێر دەڵێت، زیاتر لە سێ ساڵە زۆرینەی پێداویستییەکانی بە ئۆنلاین و لە بازاڕی وڵاتانی دیکەوە دەکڕێت. ئەوە لە کاتێدایە کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئۆنلاین لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە.
محەممەد لوقمان، کڕیاری بازاڕی ئۆنلاین بە رووداوی گوت، "لە مۆبایل سەیربکە و لە ماڵەوە داوا بکە، لێرە زیاتر هەموو شتەکان کۆپین و شتەکان گرانن، لێرە لە ناو بازاڕی ئێرە، بۆیە لەوێ داوا دەکەم."
هاونیشتمانییەکی دیکەی هەولێر بە ئۆنڵاین قەمسەڵەیەکی کڕیوە کە بەهاکەی سێ هەزار دۆلارە. خاوەن کۆمپانیایەکی بازاڕی ئۆنلاینیش دەڵێت، لە 11 مانگی ئەمساڵدا 201 هەزار داواکارییان هەبووە و بە بەهای سێ ملیۆن و 750 هەزار دۆلار کەلوپەلیان بۆ خەڵک کڕیوە.
ئیبراهیم عیماد، خاوەن کۆمپانیا باسی لەوە کرد، "لەوانەیە رۆژانە کە ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت و هەناردە دەکرێت،لەنێوان 750 هەزار دۆلار بۆ یەک ملیۆن دۆلار بێت، ئەوە بە تەنیا لە هەرێمی کوردستان باس دەکەم. دەتوانم بڵێم پێنج ساڵی دیکە لەوانەیە بازرگانیکردن لە هەرێمی کوردستان ببێتە ئۆنلاین."
بازاڕی ئەو وڵاتانەی کە خەڵکی هەرێمی کوردستان خواستیان لەسەرە، ئەمریکا، ئەوروپا، چین و تورکیان.
راڤیار کە لەگەڵ هاوبەشێکی لە 2018 بە پەیجێکی ئۆنلاین دەستیانپێکردووە، ئێستا پەیجەکەی بووە بە کۆمپانیا و 28 کارمەندی هەیە.
راڤیار جاسم، خاوەن کۆمپانیای بازاڕکردنی ئۆنلاین دەڵێت، "23 هەزار کڕیاری من هەژمار بکەی، 13 بۆ 15 هەزاریان ئافرەتن، زۆربەیان کارمەندن لە کەرتی تایبەت و حکومیش."
بەپێی داتاکان، قەبارەی بازرگانیی ئۆنلاین لە جیهان بەمشێوەیە: لە ساڵی 2020، هەشت ملیار و 280 ملیۆن دۆلار بووە. لە 2022 بۆ 10 ملیار و 210 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە و پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی 2026 ئەو بازرگانییە بۆ 13 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار زیاد بکات.


