ئیدریس بارزانی؛ ئەندازیاری ئاشتبوونەوە

31-01-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
ئیدریس بارزانی
ئیدریس بارزانی
نیشانەکردن ئیدریس بارزانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ناوی ئیدریس بارزانی تێکەڵبووە بە ئاشتی، سەرکردەیەک کە بە ئەندازیاری ئاشتی نێوان حیزبە کوردییەکان ناو دەبرێت. سەرۆک مەسعود بارزانی لەوبارەوە دەڵێت: کاک ئیدریس بارزانی بڕوایەکی تەواوی بە پاراستنی ناسنامە و شوناسێکی یەکگرتووی ناو بزاڤی رزگاریخوازی کورد هەبوو، هەروەها بایەخ و گرینگیی زۆری بە فرەلایەنی دەدا لە ژیانی پارتایەتیدا، ئەم دوو فاکتەرە هۆکاری سەرەکی بوون لە رەخساندنی دەرفەتی ئاشتبوونەوەی گشتی لە ساڵی 1986، بەو هۆیەشەوە بوو نازناوی ئەندازیاری ئاشتبوونەوەی گشتیی پێ بەخشرا.
 
ژیننامە
 

ئیدریس مستەفا بارزانی ساڵی 1944 لە بارزان لەدایکبوو، کاتێک تەمەنی سێ ساڵ بوو، لەگەڵ بنەماڵەکەیدا لەلایەن دەسەڵاتی ئەو کاتەی عێراقەوە بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق دوورخرایەوە و لەوێ ژیانێکی سەختی دوور لە نیشتمانی بەسەربرد، بەڵام ئەو ژیانە سەختە نەبووە هۆکارێک بۆئەوەی نەخوێنێت و نەخوێنێتەوە.
 
ساڵی 1947 مەلا مستەفای باوكی لەگەڵ 500كەس لە هەڤاڵانی روویانكردە یەكێتیی سۆڤیەتی پێشوو ، دوای رووخانی كۆماری كوردستان لە مەهاباد.
 
ئیدریس بارزانی تاوەكو گەڕانەوەی بارزانی باوكی بۆ عێراق و كوردستان لە ساڵی 1985دا لە بەغدا درێژە بە خوێندن دەدات پاشان دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان.
 
فەلەکەدین کاکەیی، هاوڕێی کۆچکردووی ئیدریس بارزانی دەڵێت "ئیدریس بارزانی مرۆڤێکی خوێندەوار بوو، تێگەیشتوو بوو و لە بەغدا ناوەندیی خوێندبوو، باکگراوندێکی باشی هەبوو، زۆریش بایەخی بە فەلسەفە و شیعری دونیا و جوڵانەوەی سیاسی لە دونیادا دەدا. خۆی مرۆڤێکی لەخۆ بردوو بوو، مرۆڤێک بوو وەکو دەروێش بوو، دەروێشی بزووتنەوەی کورد بوو، ئەوەندی تێبینیم دەکرد، نەمبینی هیچ شتێکی بۆخۆی بووێت، هەمیشە یەک شتی دەگوتەوە، دەیگوت دوای 1975 ئەمانەتێکە لەسەر ئێمە ئەو خەڵکە ببەینە جێگەی خۆی، واتە خەڵکی کوردستان بگەڕێتەوە جێگەی خۆی، ئەوەی لە باشوورە بگەڕێتەوە کوردستان، ئەوەی لە دەرەوەیە بگەڕێتەوە کوردستان، ئەو شوێنانە ئاوەدان بکرێنەوە، وەکو بڵێی ئەو ئاواتانەی لە دوای راپەڕین هاتنەدی، ئەوە ئاواتی ئەو بوو، دەیگوت ئەوە ئاواتی ئێمەیە". 
 
ئەو كەسانەی هەمیشە نزیكی بوونە دەڵێن ، ئیدریس بارزانی لەگەڵ خوێندنەوە و نووسیندا هاورێیەتیەكی باشی هەبووەو توانای زۆری هەبووە لەنووسین و داڕشتندا بە هەرسێ زمانی كوردی وعەرەبی و فارسی ، شەوانە تاوەكو درەنگ دەیخوێندەوەو دەینووسی و هەردەم كتێبی پێبووە، هەموو دەرفەتەكانی دەقۆستەوە بۆ خوێندنەوە تەنانەت لەنێو ئۆتۆمبیلیشدا. بایەخی بە بوارەكانی نەتەوەیی و ئایین و ئەدەب و مێژوو داوە، زۆربەی شیعرەكانی مەلای جزیری ، ئەحمەدی خانی و وەفایی لەبەربوونە. كەسێكبووە زۆر حەزی لە ئەدەب و سۆفیگەرێتی بووە .
 
ژیانی پێشمەرگایەتی
 

ئەو هاوڕێ و پێشمەرگانەی لە ئیدریس بارزانییەوە نزیكبوون، هەمیشە باس لە خەسڵەتی جەماوەریبوونی ئەو دەكەن و دەڵێن ئیدریس بارزانی قەت خۆی لە پێشمەرگەكان جیانەدەكردەوەو بەسادەیی ژیاوە و زۆرجار لەگەڵ پێشمەرگەدا لە ئەشكەوت و بنبەردەكانی چیاكانی كوردستاندا رۆژی كردووەتەوە .
 
لەساڵی 1961 كە شۆڕشی ئەیلوول بەرپا دەبێت، ئیدریس بارزانی رۆڵێكی زۆری دەبێت بەتایبەت لە شەڕی هەندرێندا، كە دواتر گفتوگۆكانی نێوان شۆڕشی كوردستان و حكومەتی عێراقی بەدواداهات و گەیشتە رێككەوتننامەی 11ی ئاداری 1970، لە دوای ساڵی 1975 لە هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش و پێكهێنانی بەرەی نیشتمانیی عێراق جود و دواتر ئاشتبوونەوەی نیشتمانی و ئاشتبوونەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا ، رۆڵی باڵای هەبووە .
 
 پێش ئەوەش لە دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ پارتەكانی بەشەكانی دیكەی كوردستانیشدا رۆڵێكی باڵای هەبووە ، بەتایبەتی لە دروستكردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان و عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا . ئەو تایبەتمەندییە دروستكردنی هاوكاری بەشێوەیەك بەرچاوبوو ، كە لە ئەدەبیاتی پارتیدا بە "ئەندازیاری ئاشتبوونەوەی گشتی " نێونراوە.
 
لەساڵی 1964 ئەوكاتەی بارزانی باوكی لە ناوچەی رانیە و دەورووبەری دەبێت ، بۆ هاوكاریكردنی لە ئیشوكاری پێشمەرگە و ئیدارەی سەربازیدا، ئیدریس بارزانی لە ناوچەی بارزانەوە دەباتە لای خۆی و بەرپرسیارێتی ئیداری و پێشمەرگایەتی پێدەسپێرێت .
 
لە مانگی پێنجی 1966 راستەوخۆ سەرپەرشتی داستانی بە ناو بانگ و سەركەوتووی چیای هندرێن دەكات، كە لە رووبەڕووبوونەوە لە گەڵ تانك و تۆپ و تەیارە و هێرشی سەربازی رژێمی ئەو كاتی عێراقدا بەرگریی و سەركەوتنێكی گەورە تۆمار دەكرێت. ئەوانەی لەو سەردەمەدا بوون دەیگێڕنەوە کە ئیدریس بارزانی هەموو پێداویستییەكی مەعنەوی بۆ ئەو سەركەوتنە دابین كردووەو لە سەنگەرەكانی مەیدانی داستانەكانەدا وەكو پێشمەرگە و وەكو سەركردەیەكی پڕ توانا و ورەبەخش دەوری سەرەكی گێڕاوە.
 
ئیدریس بارزانی لە دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول ، رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە بەدواداچوونی كێشە و گرفتەكانی ئاوارەكانی باشووری كوردستان لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان .
 
 لە هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵاندا كە لە گوڵانی 1976 بەرپا بووە، رۆڵ و كاریگەریی ئیدریس بارزانی بە رادەیەكە كە هەوڵ و كۆششی بێ وێنەی ئەو بە داینەمۆ و ناوەندێكی مەعنەوی و سەرەكی و كارا تۆمار بووە لە بەرامبەر ئەو دۆخ و گۆڕانانەی ئەو كاتەدا.
 
فەلەکەدین کاکەیی ئاماژە بەوەش دەدات "لە ساڵی 1979 کۆنگرەی نۆیەم بەسترا، لە بارودۆخێکی زۆر ناخۆشدابوو، پارتی لە زۆر لاوە گەمارودرابوو لە ناو کوردستان و دەرەوەی کوردستان، جیا لە رووە سەربازییەکە زیاتر لە رووی سیاسییەوە گەمارۆدرابوو. لەو کۆنگرەیە گونجان هەبوو، ئەوەبوو مەسعود بارزانی بووە سەرۆکی پارتی و کاک عەلی عەبدوڵڵاش بووە سکرتێری پارتی، کاک ئیدریسیش بە هەموو سادەییەوە قبووڵی کرد ئەندامی مەکتەبی سیاسی بێت، هەمیشە جێگەی رێز بووە، کاک مەسعود سەرۆک بوو، بەڵام هەمیشە شتە بنچینەییەکانی بۆ کاک ئیدریس بەجێدەهێشت لە رووی سیاسی و جەماوەری و پەیوەندییەکانی دەرەوە".
 
فەلەکەدین کاکەیی لەبارەی کەسایەتیی ئیدریس بارزانییەوە دەڵێت، سنگ فراوانی بۆ مەسەلەی پەیوەندیی لەگەڵ هەموو حیزبەکاندا هەبوو.
 
وردەکاریی چۆنیەتی هەوڵی تیرۆرکردنی ئیدریس بارزانی و رزگاربوونی لەو رووداوە
 

لە رۆژی یەکی کانوونی یەکەمی ساڵی 1970 ‬بۆ بەدواداچوون و تاوتوێكردنی‮ ‬چۆنیەتی‮ ‬جێبەجێكردنی‮ ‬رێكەوتنی‮ ‬11ی‮ ‬ئازاری‮ ‬1970 ‮و بەتایبەتی‮ ‬چارەنووسی‮ ‬پێشمەرگە و پێكهێنانی‮ ‬هێزی‮ ‬زێرەڤانانی‮ ‬سنوور‮ ‬حرس الحدود‮ ‬لە پێشمەرگەكانی‮ ‬شۆڕشی‮ ‬ئەیلوول، ‬ئیدریس بارزانی‮ ‬چووە بەغدا و چاوی‮ ‬بە ئەحمەد حەسەن بەكر سەرۆككۆماری‮ ‬ئەوسای‮ ‬عێراق و سەدام حوسێن كە ئەوكات جێگری‮ ‬سەرۆك كۆمار بوو‮ دەکەوێت. 
 
‬لەو دەمەدا شێخ بابۆ مامی‮ مەسعود و ئیدریس بارزانی لە سەردانێكدابوو لە ماڵی‮ مەلا مستەفا ‬بارزانی‮ لە حاجی‮ ‬ئۆمەران،‮ ‬شێخ بابۆ چاوەڕوانی‮ ‬گەڕانەوەی‮ ‬كاك ئیدریسی‮ ‬دەكرد بۆ ئەوەی‮ ‬لە حاجی‮ ‬ئۆمەرانەوە بەیەكەوە بگەڕێنەوە بارزان‮. ‬لە رۆژی ‮ ‬6ی‮ ‬كانوونی‮ ‬یەكەم‮‮ ‬شێخ بابۆ لە مسعود بارزانی‮ ‬دەپرسێ‮: "‬دەتوانی‮ ‬بزانی‮ ‬كەی‮ ئیدریس ‬دەگەڕێتەوە؟‮!‬،‮ ‬ئەگەر لە ماوەی‮ ‬سێ رۆژدا بگەڕێتەوە ئەوا من چاوەڕوانی‮ ‬دەكەم و ئەگەر زیاتر دەمێنێتەوە،‮ ‬ئەوا من بەتەنیا دەگەڕێمەوە بارزان‮".
 
مەسعود بارزانی‮ ‬بۆ دەستكەوتنی‮ ‬كاتی‮ ‬گەڕانەوەی ئیدریس بارزانی،‮ ‬پەیوەندی‮ ‬بە‮ ‬شێخ رەزا گوڵانی‮ ‬بەڕێوەبەری‮ ‬پۆلیسی‮ ‬ئەوكاتی‮ ‬هەوڵیر دەکات و پێی‮ ‬گوت‮: “‬هەوڵبدە تەلەفۆن لەگەڵ كاك ئیدریس بكەو پێی‮ ‬بڵێ مام بەپەلەیە بگەڕێتەوە بارزان".
 
بەرێوەبەری‮ ‬پۆلیسی‮ ‬هەولێر‮ ‬شێخ رەزا گوڵانی‮ ‬وا تێگەیشت كە مەسعود بارزانی زۆر بەپێویستی‮ ‬دەزانێ ئیدریس بارزانی هەر ئێستا بگەڕێتەوە،‮ ‬و ئەوەی ‬بە ئیدریس بارزانی‮ ‬راگەیاندووە‮. ‬لەو كاتەدا،‮ ‬ئۆتۆمبێلەكەی‮ ‬نێردرابووە میكانیكی‮ ‬بۆ چاككردنەوەی‮ ‬هەندێك كەموكوڕی‮. ‬بۆیە چاوەڕوانی‮ ‬گەڕانەوەی‮ ‬ئۆتۆمبێلەكەی‮ ‬نەكردووە و هەرزوو ئۆتۆمبێلێكی‮ ‬بەكرێ گرتووە و دەمودەست گەڕاوەتەوە هەولێر بێ ئەوەی‮ ‬كەس پێی‮ ‬بزانێ‮. 
 
‬ئێوارەی‮ ‬هەمان رۆژ‮ ‬6ی‮ ‬كانوونی‮ ‬یەكەمی‮ ‬1970ئۆتۆمبێلە مارسیدسەكە لە میكانیكی‮ ‬گەڕایەوە و حەمید بەرواری‮ ‬و محەممەد عەزیز كە‮ ‬یاوەری‮ ‬ئیدریس بارزانی بوون ئۆتۆمبێلەكەی‮ ‬ئیدریس بارزانییان وەرگرتووەتەوە و پێی‮ ‬دەرچوون بۆ نانخواردنی‮ ‬ئێوارە‮. ‬
 
لە هەمان كاتدا‮ ‬نازم گزار‮ ‬بەڕێوەبەری‮ ‬ئەمنی‮ ‬گشتی‮ ‬عێراق پلانی‮ ‬"تیڕۆركردنی"‮ ‬ئیدریس بارزانییان ئامادە كردبوو، لەچەند شوێنێكی‮ ‬دیاریكراو بۆسەیان بۆ ئۆتۆمبێلەكەی‮ ئیدریس بارزانی نایەوە. ‬لە كاژێر‮ ‬10:00ی‮ ‬شەو ئۆتۆمبێلەكەی‮ ئیدریس بارزانی دەدرێتە بەر دەستڕێژی‮ ‬گوللە و پێیانوابوو كە حەمید بەرواری، ئیدریس بارزانییە لەبەر ئەوەی‮ ‬هەردووكیان هەندێك لەیەكتر دەچوون،‮ ‬لە ئەنجامی‮ ‬گوللە بارانەكە،‮ ‬ئۆتۆمبێلەكەی‮ ئیدریس بارزانی‮ ‬زیاتر لە 05 گوللەی ‬بەركەوت و حەمید بەرواری‮ ‬بەسەختی‮ ‬بریندار بوو،‮ ‬بەڵام محەمەد عەزیز و حەسەن كاوانی‮ ‬كە ئۆتۆمبێلەكەی‮ ‬لێدەخوڕی‮ ‬هەردووكیان بێ زیان بوون و حەسەن كاوانی‮ ‬توانی‮ ‬ئۆتۆمبێلەكە بەناو بۆسەكەدا لێخورێ تاوەكو لە بۆسەكە دووركەوتنەوە.
 
پەیوەندیی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و رۆڵی لە شۆڕشی گوڵان
 

ئیدریس بارزانی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ سەرۆک بارزانییدا هەبوو و ئەو پەیوەندییەش هەمیشە و لای هەموو کەس هەستی پێدەکرا.  لە کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد) کە لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە نووسراوە، سەرۆک بارزانی بەمجۆرە باسی رۆڵی ئیدریس بارزانی لە شۆڕشی گوڵان دەکات.
 
لە نووسینەکەدا هاتووە کە " کاک ئیدریس بارزانی بڕوایەکی تەواوی بە پاراستنی ناسنامە و شوناسێکی یەکگرتووی ناو بزاڤی رزگاریخوازی کورد هەبوو، هەروەها بایەخ و گرینگیی زۆری بە فرەلایەنی دەدا لە ژیانی پارتایەتیدا، ئەم دوو فاکتەرە هۆکاری سەرەکی بوون لە رەخساندنی دەرفەتی ئاشتبوونەوەی گشتی لە ساڵی 1986، بەو هۆیەشەوە بوو نازناوی ئەندازیاری ئاشتبوونەوەی گشتیی پێ بەخشرا.
 
هەروەها باسی ئەوە کراوە کە ئیدریس بارزانی، بە نهێنی سەرپەرشتیی ناردنەوەی کادیرە سیاسی و سەربازییەکانی دەکرد بۆ سووریا بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ گەڕانەوە بۆ کوردستانی عێراق و، بەشێوەیەکی راستەوخۆ ژمارەیەکی زۆر کادیر و پێشمەرگەی ناردەوە کوردستان.
 
سەرۆک بارزانی لە کتێبەکەیدا دەڵێت: "کاک ئیدریس لەپێناو دەستپێکردنەوەی شۆڕشی چەکداریی دوای نسکۆی 1975، بەگیانی پێشکەوتن و داهێنان و بە رەوشتێکی بەرزەوە کاری دەکرد. ئەم نسکۆیە هەستی کاک ئیدریسی بە بەرپرسیاریەتیی دوو ئەوەندە زیادکرد و، وەک کەسێکی بەرپرسیار لەبەرانبەر رووداوەکاندا کاری دەکرد. لە هەرشوێنێک بوایە، کورد لە دەوری کۆدەبوونەوە و شوێنی گازندە و هیوا و ئومیدی خۆیان لە کاک ئیدریسدا دەبینییەوە".
 
لە كاژێر 6ی سەرلەبەیانی رۆژی 31ی مانگی 1ی 1987 لە گوندی سلیڤانای سەر بە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان ماڵئاوایی دەكات و لە گۆڕستانی شاری شنۆ لە تەنیشت باوكی دەنێژرێت. دوای راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری گواستنەوەی تەرمی مەلا مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانیدا و لە رۆژانی 6 تاوەكو 8-10-1993 لە رێوڕەسمێكی تایبەت تەرمی هەردووكیان، لەنێو پێشوازییەكی خەڵكی كوردستان ، گەیێندرانە گوندی بارزان و لەوێ نێژران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە