سەرۆک بارزانی: پێزانینمان بۆ رۆڵی هەردوو حیزبی شیوعی هەیە بۆ گەیشتن بە ئازادی
رووداو دیجیتاڵ
لە یادی دامەزراندنی هەردوو حیزبی شیوعیی عێراق و حیزبی شیوعیی کوردستان دا، سەرۆک بارزانی پەیامێکی ئاراستە کردن و دەڵێت، "پێزانینمان بۆ رۆڵ و قوربانیدانیان لە خەباتی گەلانی عێراق و گەلی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئازادی و دژایەتیکردنی دیکتاتۆریدا هەیە."
سەرۆک مەسعود بارزانی، جگە لە پیرۆزبایی کردن لە هەردوو حیزبەکە، ئاماژەی بەوەش کردووە، لەو یادەدا جەخت لە هەماهەنگی و کاری هاوبەشی لایەنە سیاسیەکان بۆ تێپەڕاندنی کۆسپ و ئاڵنگارییەکان و دوورخستنی عێراق و هەرێمی کوردستان لە کێشە و ئاڵۆزییەکان دەکەنەوە.
دەقی پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی 31ی ئادار ساڵیادی دامەزراندنی هەردوو حزبی شیوعیی عێراق و حزبی شیوعیی کوردستان پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرکردایەتی و ئەندام و لایەنگرانیان دەکەم و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
لەو بۆنەیەدا پێزانینمان بۆ رۆڵ و قوربانیدانی حزبی شیوعیی عێراق و حزبی شیوعیی کوردستان لە خەباتی گەلانی عێراق و گەلی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئازادی و دژایەتیکردنی دیکتاتۆریدا هەیە.
لەو یادەدا جەخت لە هەماهەنگی و کاری هاوبەشی لایەنە سیاسیەکان بۆ تێپەڕاندنی کۆسپ و ئاڵنگارییەکان و دوورخستنی عێراق و هەرێمی کوردستان لە کێشە و ئاڵۆزییەکان دەکەینەوە.
مسعود بارزانی
31ی ئاداری 2026