رووداو دیجیتاڵ
تیمی پڕۆژەی رووناکی دەڵێت، مانگی داهاتوو کارەبای هەموو شاری هەولێر دەبێتە 24 کاژێری و بەو جۆرەش سوودمەندبووان دەگەنە دوو ملیۆن کەس.
بەگوێرەی ئاماری تیمی پڕۆژەی رووناکی کە ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداو دراوە، تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی ملیۆنێک و 100 هەزار کەس لە کارەبای 24 کاژێریی سوودمەند بوون.
بەگوێرەی تیمی پڕۆژەکە، نزیکەی 800 هەزار کەسیان لە سنووری هەولێرن، پاشان سلێمانی و دهۆک. تاوەکو ئەمڕۆ پڕۆژەکە نەگەیشتووەتە هەڵەبجە.
تیمی پڕۆژەی رووناکی دەڵێت: "ئێستا سەنتەری شاری هەولێر تاوەکو شەقامی خێرای 120 مەتری کارەبایان کراوە بە 24 کاژێری".
پڕۆژەکە دەڵێت، مانگی داهاتوو هەنگاوی خێراتر بۆ فراوانبوونی پڕۆژەکە دەگرنەبەر و ژمارەی سوودمەندبووان دەگەیێننە نزیکەی دوو ملیۆن کەس و تەواوی هەولێر کارەبای دەبێتە 24 کاژێری.
لەبارەی کاتی گەیشتنی کارەبای 24 کاژێری بۆ هەڵەبجەش تیمەکە گوتی: "لە بەرنامەدایە مانگی هەشت هەڵەبجەش سوودمەند ببێت".
کارەبای 24 کاژێری لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدایە کە 17ـی تشرینی یەکەمی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا.
زیاتر لە 24 کاژێرە لە بەشی زۆری ئەو شوێنانەی هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی کارەبای نیشتمانی نەبڕاوە کە کارەبای 24 کاژێرییان پێنەگەیشتووە. بەگوێرەی تیمەکە بۆ رووداو، نەبڕانی کارەبا پەیوەندی بە تاقیکاریی خۆیان بۆ زانینی گوشاری سەر تۆڕەکانی کارەبا هەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، نەبڕانی کارەبا کاتییە و وەزارەتی کارەبا و پڕۆژەی رووناکی دەیانەوێت ئەو کەموکورتییانە بزانن کە لە تۆڕەکانی کارەبا و گۆڕەرەکاندا هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ