زیادکردنی ناو لە فۆرمی خۆراک دەستپێدەکاتەوە

31-05-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی فۆرمی خۆراک دەکرێتە ئەلیکترۆنی، زیادکردنی ناوی منداڵی تازە لەدایکبوو بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە دەستپێدەکاتەوە.
 
29ی ئەم مانگە فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی ئەزموونی کارا کرا و بڕیارە 02-06-2025 بە شێوەی فەرمی کارا ببێت. ماوەی مانگێک دیاریکراوە بۆ نوێکردنەوە و تۆمارکردنی هەموو خێزانەکان لەو فۆرمەدا، ئەویش لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکی مۆبایلەوەیە کە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی بەردەستن.
 
سیامەند قادر نانەكەلی، بەڕێوەبەری رێكخستنی پسووڵەی خۆراك لە هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی دیاریکراو بۆ خۆتۆمارکردن لە فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک، زیادکردنی ناوی منداڵ بۆ فۆرمی خۆراک دەستپێدەکاتەوە."
 
لە 05-03-2023ـەوە گواستنەوەی فۆرمی خۆراک، زیادکردنی ناوی منداڵ بۆ فۆرمی خۆراک لە تەواوی هەرێمی کوردستان راگیراوە و هیچ منداڵێک بەشەخۆراکی بۆ تەرخان نەکراوە. بەڕێوەبەری رێكخستنی پسووڵەی خۆراك لە هەولێر گوتیشی، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی زیادکردنی ناوی منداڵ، گواستنەوەی فۆرمی خۆراکیش دەستپێدەکاتەوە.
 
هەر ئەمڕۆ دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر بە رووداوی گوت، "لەکاتی خۆتۆمارکردن لە فۆرمی ئەلیکترۆنی، مەرجە کەسەکە فۆرمی خۆراکی کۆن و کارتی نیشتمانی هەبێت و لەکاتی پڕکردنەوەشدا وێنەی دەموچاوی راستەوخۆی دەوێت."
 
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر گوتی، هەرکەسێک نەیتوانی فۆرمەکە پڕبکاتەوە دەتوانێت سەردانی فەرمانگەکان بکات تۆماری دکەن.
 
پسووڵەی ئێستای خۆراک بۆ ساڵی 1996 دەگەڕێتەوە؛ بۆیە حکومەتی عێراق زیاتر لە ساڵێکە بڕیاری داوە گۆڕانکاری تێدا بکات.
 
بە گوتەی دلێر عەبدولواحید، "دوای تۆمارکردنی خەڵک لە فۆرمی ئەلیکترۆنی، جگە لە گواستنەوەی فۆرم و زیادکردنی ناوی منداڵ، دروستکردنی فۆرم بۆ خێزانی نوێش دەستپێدەکاتەوە، کە لە ئەپلیکەیشنی مۆبایلەکەوە دەبێت و سەردانی فەرمانگەکانی ناوێت."
 
لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس مانگانە لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە بەشەخۆراک وەردەگرن؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کرێکارانە لە کارگەیەکدا خنکاون

لە ئیسفەهان 9 کرێکار بە گاز خنکان

بەڕێوەبەری گشتیی هۆبەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پارێزگای ئیسفەهان رایدەگەیێنێت، لە یەکێک لە کارگەکانی ئەو پارێزگایە 9 کرێکار بەهۆی دزەکردنی گازەوە گیانیان لەدەستداوە.