لە هەولێر بە هاوکاریی دەزگای روانگە سیمپۆزیۆمی نەخۆشییەکانی منداڵان بەڕێوەدەچێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بە هاوکاریی دەزگای روانگە سیمپۆزیۆمێکی تایبەت بە نەخۆشییەکانی منداڵان لە هەولێر رێکخراوە. رێکخەرێکی سیمپۆزیۆمەکە دەڵێت، ''ئامانج لێی، پێشکێشکردنی بابەتی نوێیە بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەری منداڵان.''
 
رۆژی هەینی، 31-10-2025، لەلایەن کۆمەڵەی پزیشکانی منداڵانی کوردستان بە هاوکاریی دەزگای روانگە، سیمپۆزیۆمێکی تایبەت بە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرسی منداڵان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
 
د. مەحموود محەممەد، یەکێک لە رێکخەرانی سیمپۆزیۆمەکە بە هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سیمپۆزیۆمەکە تەنیا تایبەتە بە نەخۆشییەکانی هەرس و جگەری منداڵان.
 
بەگوتەی د. مەحموود محەممەد، ژمارەیەک پزیشکی شارەزا لە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس، لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بانگهێشتی سیمپۆزیۆمەکە کراون.
 
وەک ئەو پزیشکە دەڵێت، ئامانج لە رێکخستنی سیمپۆزیۆمەکە، ''بەرچاوڕوونیی زیاتر و پێشکێشکردنی بابەتی نوێیە بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەری منداڵان''.
 
سیمپۆزیۆمەکە یەک رۆژ دەخایێنێت.