بانگەشە لە 24 کاژێردا: نێچیرڤان بارزانى دەچێتە سلێمانى، مامەڵەکردن بە کارتى دەنگدان حەرام کرا
رووداو دیجیتاڵ
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەردەوامە، بڕیارە نێچیرڤان بارزانی بۆ بانگەشەکردن بۆ حیزبەکەی بچێتە سلێمانی. لیژنەی فەتواى هەرێمى کوردستان مامەڵکردنى بە کارتى دەنگدانەوە حەرام کرد و کۆمیسیۆنیش رایگەیاند، زیاتر لە 35 هەزار کارتى دەنگدان وەرنەگیراونەتەوە.
"لیستە عەرەبییەکانى کەرکووک یەکدى دەخەن"
راکان جبووری، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەرەبی لە کەرکووک، لیستە عەرەبییەکانی ئەو شارە تۆمەتبار دەکات بەوەی هەوڵی یەکدی خستن دەدەن و دەستپێشخەرییەکی بۆ دووبارە پێکهێنانەوەی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک راگەیاند.
پێنجشەممە، 30ی تشرینی یەکەمی 2025، راکان جبووری لە کۆبوونەوەی جەماوەریی لیستەکەی دا لە کەرکووک بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق گوتارێکی پێشکێش کرد.
راکان جبووری رەخنەی لەو ئەندامە عەرەبانە گرت، کە بەشدار بوون لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک و گوتی: "ئەوان بناخەی ئەو کارە بوون، هەشت مانگ چاوەڕێمان کرد و ماینەوە و کارمان بۆ خستنی لایەنی دیکە نەکرد، ئەوەی کرا ناپاکی بوو".
راکان جبووری دەستپێشخەرییەکی راگەیاند، بۆ دووبارە پێکهێنانەوەی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک و داوای لە ئەنجوومەنی پارێزگا کرد، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بکات بۆ پێکهێنانەوەی حکومەتی خۆجێی.
راکان جبووری گوتی: "لیستە عەرەبییەکان کاریان بووەتە یەکتر خستن و سکاڵا لە دژی یەکدی تۆمار دەکەن."
عەرەبەکانی کەرکووک بە سێ هاوپەیمانی و سێ حیزب بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کردووە.
مامەڵەکردنى بەکارتى دەنگدانەوە حەرام کرا
ئەنجوومەنی باڵای فەتوای سەر بە یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی مامەڵەکردن بە کارتی دەنگدان کۆبووەوە و بە سێ هۆکار، مامەڵەکردنی بە کارتەکە حەرام کرد.
عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "کۆمەڵێک مامۆستای ئایینی و هاونیشتمانی پرسیاریان لە لیژنەی فەتوا کرد لەبارەی مامەڵەکردن بە کارتی دەنگدان، بۆیە ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لەو بارەوە کۆبووەوە و بە تێکڕای دەنگ مامەڵەکەی حەرام کرد."
عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، هۆکاری حەرامکردنی مامەڵەکەی لەلایەن ئەنجوومەنەکەوە بۆ سێ خاڵ گەڕاندەوە:
یەکەم: دەنگدان ئەمانەتە و بە فیڕۆدانی پێچەوانەی شەرعە، ناکرێ کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێت.
دووەم: مامەڵەکردن بە کارتی دەنگدان خراپ بەکارهێنانی مافی شەرعی و یاساییە.
سێیەم: لەبەرئەوەی مامەڵەکردن بە کارتی دەنگدان نایاساییە، کەواتە حەرامیشە.
کۆمیسیۆن: 8-11 بانگەشە رادەگیرێت
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وردەکارییەکانی راگیرانی بانگەشە بۆ رووداو ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "کاژێر 7ـی بەیانی رۆژی 8ی مانگ بانگەشەی هەڵبژاردن رادەگیرێت."
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "دەنگدانی تایبەت کاژێر 7:00ی بەیانیی رۆژی یەکشەممە 9ی تشرینی دووەمی 2025 دەستپێدەکات."
عیماد جەمیل دەڵێت: "بێدەنگیی هەڵبژاردن لە کاژێر 7:00ی بەیانیی رۆژی شەممە، 8ـی 11 ـی 2025 دەستپێدەکات، هەر بەربژێر و لایەنێک سەرپێچی بکات و بانگەشە بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەری دەگرنەبەر."
بانگەشە لە فێستیڤاڵى هەنار و پاییزى هەڵەبجە قەدەخەیە
فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە دەستیپێکرد، بانگەشەی هەڵبژاردن لە فێستیڤاڵەکەدا قەدەخەکراوە؛ هەر بەربژێرێک بانگەشە بکات وەکو سەرپێچی تۆمار دەکرێت و دەدرێتە کۆمیسیۆن.
سمکۆ ساڵح، قایمقامی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە چوارچێوەی رێنوێنییەکانی کۆمیسیۆن، بانگەشە لە پارک، کڵێسا، مزگەوت و هەموو دامەزراوەکانی حکومەت قەدەخەیە، بۆیە بەهیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە کە لەم فێستیڤاڵەدا بانگەشەی حیزبەکان بۆ هەڵبژاردن بکرێت."
بە گوتەی سمکۆ ساڵح، دەبێت فێستیڤاڵەکە بێلایەن و سەربەخۆ بێت تاوەکو هەموو کەسێک بتوانێت سەردانی بکات، چونکە گشتییە بۆ هەموو خەڵکە، بۆ هەر چوارپارچەی کوردستانە و پەیوەندیی بە سیاسەتەوە نییە.
لەبارەی ئەو کەسانەی سەرپێچی دەکەن، قایمقامی هەڵەبجە دەڵێت: "لەلایەن لیژنە ئەمنییەکانەوە بەردەوام چاودێریی فێستیڤاڵەکە دەکرێت، ئەگەر بەربژێر لەوێ بانگەشە بکات، دەدرێتە کۆمیسیۆن؛ ئەگەر هاووڵاتییش بن، ئەو لایەنە بەرپرسە بانگەشەی بۆ دەکەن."
مالیکی و مەندەلاوی: پابەندبن بە وادە دەستوورییەکانی هەڵبژاردن
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمى سەرۆکی پەرلەمان جەخت لەسەر گرنگیی پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان دەکەنەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و تاوتوێی بەهێزکردنی هەوڵەکان کراوە بۆ هێنانەکایەی کەشێکی سەقامگیریی هەڵبژاردن.
نوورى مالیکى و موحسین مەندەلاوى پێنجشەممە، 30ی تشرینی یەکەمی 2025، کۆبوونەوە و تاوتوێى دۆخى هەڵبژاردنیان کردووە.
بە گوێرەی راگەیێنراوێکی نووسینگەی جێگری یەکەمى سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، نووری مالیکی و موحسین مەندەلاوی، باسیان لە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کردووە و جەختیان لەسەر گرنگیی پابەندبوون کردووەتەوە بە وادە دەستوورییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان وەک دەربڕی ئیرادەی گەل و پارێزگاریکردن لە رێڕەوی دیموکراسیی دەوڵەت.
هەردوو سەرکردەکە جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە دەبێت پرۆسەی هەڵبژاردن بێگەرد و شەفاف بێت، تاوەکو نوێنەرانێکی بەتوانا دیاریبکرێن کە بزانن سەرکردایەتیی وڵات بۆ قۆناخەکانی داهاتوو بکەن.
مالیکی و مەندەلاوی تاوتوێی شێوازی بەهێزکردنی هاریکاریی نێوان لایەنەکانیان کردووە بۆ گەرەنتی هێنانەکایەی کەشێکی هەڵبژاردنی سەقامگیر کە رکاربەریی رەوای تێدا بکرێت بەبێ هیچ هەڵوێستێک کە کاریگەریی لەسەر متمانەی هاووڵاتییان بە پرۆسەی سیاسیی بەهێز بکات.
سوودانی: هیوامان بە گەنجانە بۆ دەنگدان
محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند: هیوایان بە گەنجانە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن کە 60%ی کۆمەڵگەی عێراق پێکدەهێنن و لە هەڵبژاردنی پێشوو پشتتێکردنێکی ئاشکرای هاووڵاتییان هەبوو لە دەنگدان بەهۆی نەمانى متمانە.
ئەو گوتانەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکیدا بوو لەگەڵ نوێنەری هۆزەکانی پارێزگای زیقار لە رۆژی پێنجشەممە 30ی تشرینی یەکەمی 2025.
سوودانی رایگەیاند، بەر لە سێ ساڵ پەرۆش بوون بۆ ئەوەی متمانەی گەل بگەڕێننەوە بە دەوڵەت و سیستمی سیاسی و لە هەڵبژاردنی پێشوودا پشتتێکردنێکی ئاشکرای هاووڵاتییان هەبوو بەهۆی نەمانى متمانە، کە بە گوتەی ئەو کاریان لەسەر نوێکردنەوەی متمانە کردووە.
سوودانی کە هاوکات سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانە، گوتی: "گەلی عێراق خۆی فەرمانڕەوای خۆى دیاری دەکات و ئەمە لە زۆر وڵاتانی ناوچەکە و جیهان نییە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "بەشداری لە هەڵبژاردن پێویستی بە هۆشیاری و بەرپرسیارێتییە و نابێت ئەو مافە لەدەست بچێت کە داهاتووی وڵات دیاری دەکات و بەشداریکردنی هۆشیارانە لە هەڵبژاردن مانای پاڵپشتیکردنی کاروانی بونیاتنان و ئارامی و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانە."
سوودانی دەڵێت، "هیوایان بە گەنجانە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن کە 60%ی کۆمەڵگەی عێراق پێکدەهێنن."
نێچیرڤان بارزانى دەچێتە سلێمانی
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی، بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سەردانی سلێمانی دەکات، لەو باوەڕەدایە حیزبەکەی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ بەدەستدێنێ.
مەحموود محەممەد، رۆژی پێنجشەممە، 30-10-2025، لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، لەبارەی هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی رایگەیاند :"پلانێکی تۆکمەمان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن داناوە و بەردەوامین لە جێبەجێکردنی، هەوڵدەدەین دەنگدەرانمان متمانە بە پارتی نوێ بکەنەوە و زۆرترین دەنگ بۆ پارتی بێت."
بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە سلێمانی، مەحموود محەممەد گوتی: "بەرنامەی دیاریکراومان هەیە و بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی و بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی باڵا و ژمارەیەک ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی سەردانی سلێمانی دەکەن."
رۆژانە نزیکەی 50 بۆ 60 فلێکس چاک دەکرێنەوە
سەرۆکی کۆمەڵەی چاپخانەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستاش حیزبەکان سەردانیان دەکەن، بەڵام بۆ دروستکردنی فلێکسی نوێ نا، بەڵکو بۆ چاککردنەوەی ئەوانەی شێوێنراون و دڕێنراون.
نرخی مەترێک فلێکس لە 3 دۆلارەوە بۆ 5 دۆلارە، ئەمە وێڕای تێچووی ئاسن و گواستنەوە و بەستنی. لە برغوو و بزمارەوە تاوەکو فلێکس و ئاسن، هەموویان لە چینەوە هاوردە دەکرێن.
عومەر زۆرباش، سەرۆکی کۆمەڵەی چاپخانەکانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستاش بەردەوامین لە کارکردن بۆ هەڵبژاردن، حیزب و بەربژێرەکان سەردانمان دەکەنەوە لەسەر بابەتی فلێکس و تابلۆکانیان."
بەشێکی زۆری فلێکس و تابلۆکان لەلایەن هاووڵاتییانەوە دەدڕێنرێن و بەشێکیشیان دەشێوێنرێن. عومەر زۆرباش، گوتی: "ئێستا بەربژێر و حیزبەکان فلێکسی نوێ دروست ناکەن، تەنیا ئەوانەی دڕاون یان هەڵەیەکی تایپیان هەیە، چاک دەکرێنەوە، کە ئەمەش کاتێکی زۆری ناوێت."
سەرۆکی کۆمەڵەی چاپخانەکانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد: "رۆژانە 50 بۆ 60 فلێکس چاک دەکەینەوە، کە زۆربەیان هیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانن."
وەزیری ناوخۆ: بانگەشە ئارامە
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەڵمەتی هەڵبژاردن زۆر بە ئارامی و رێکوپێکی بەڕێوە دەچێت و سوپاسی لایەنەکانی کرد بۆ پابەندبوونیان بە رێنماییەکانی کۆمیسیۆن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.
رۆژی پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "خۆشبەختانە هەڵمەتی هەڵبژاردن زۆر بە ئارامی و رێکوپێکی بەڕێوە دەچێت."
وەزیری ناوخۆ راشیگەیاند: "لە چەندین کۆبوونەوەی یەک لە دوای یەکدا، چ لە وەزارەتی ناوخۆ یان لەگەڵ لیژنەی باڵای ئەمنیی حکومەتی فیدراڵی، هەموو هەماهەنگی و پلانی پێویست داڕێژراون".
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق: ناوى رکابەرکانتان نەزڕێنن
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، جارێکی دیکە داوا لە بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد دووربکەونەوە لە ناوزڕاندنی رکابەرەکانیان.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت: "پێویستە کێبڕکێکان لە چوارچێوەی یاسادا بن و لە رێگەی خستنەڕووی بەرنامەی هەڵبژاردنەکانیانەوە بن بۆ قۆناخی داهاتوو، بە شێوەیەک کە هاووڵاتییان هان بدات بۆ بەشدارییەکی کارا لە بەکارهێنانی مافی دەستوورییان بۆ هەڵبژاردنی باشترین نوێنەر."
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق هۆشداری دەداتە بەربژێرەکان کە بە پێچەوانەوە، رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.
نزیکەی 35 هەزار کارتی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان وەرنەگیراونەتەوە
تاوەکو ئێستا، 90٪ـی کارتی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان دابەشکراون، بەڵام نزیکەی 35 هەزار کارتی دەنگدان لە پارێزگاکان وەرنەگیراونەتەوە، کۆمیسیۆن داوا دەکات ئەوانەی کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە "پەلە بکەن" لە وەرگرتنەوەی، بەپێچەوانەوە مافیان نابێ دەنگ بدەن .
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "10٪ـی خەڵکی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە، دەکاتە نزیکەی 35 هەزار کارتی دەنگدان و زۆرترینیان لە هەولێرن، پێویستە خەڵک پەلە بکەن لە وەرگرتنەوەیان چونکە کاتەکە سنووردارە."
نەبەرد عومەر دەڵێت: "بە کۆی گشتی 413 هەزار کارتی نوێی دەنگدان بۆ هەرێمی کوردستان چاپکراون و لەو ژمارەیە، 379 هەزار کارت دراونەتەوە دەنگدەران، کە دەکاتە ٪90، 34 هەزار و 982 کارتیش ماون دابەش بکرێن."