بافڵ تاڵەبانی: هیوادارم هەموومان كار بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران بکەین
رووداو دیجیتاڵ
بافڵ تاڵەبانی بەبۆنەی سەری ساڵی نوێوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و هیوا دەخوازێت لە ساڵی نوێدا، "كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بکەین.. و هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مامۆستایان چڕبکەینەوە."
رۆژی یەکشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2023، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی رایگەیاند: "هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی یەكڕیزی، پێكەوەیی و هەنگاونان بێت بەرەو ئاوەدانی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی شایستە بۆ خەڵكە خۆشەویستەكەمان. هەموومان بە رۆحێكی نیشتمانی و بەرپرسیارانەوە كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بكەین و هەوڵەكانمان بۆ بەهێزتركردنی قەوارەی هەرێم، كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەركردنی كێشەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران بخەینەگەڕ."
بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان "ئامادەی هەموو جۆرە دەستپێشخەرییەكە لەپێناو خزمەتكردنی كوردستان و خەڵكە خۆشەویستەكەی، خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین بەرامبەر خاك و خەڵكەكەمان و خزمەتكردنیان بە ئەركی خۆمان دەزانین. لەپێناو بەدیهێنانی مافە یاسایی و دەستوورییەكانمان هەوڵدەدەین و گەیشتن بە داهاتوویەكی سەقامگیرتر و پرشنگدارتر بە ئامانجی خۆمان دەزانین."