رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کارەبای پارێزگای سنە دەڵێ، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە کارەبای 326 گوندی پارێزگاکە بڕا، بەڵام لە ئەنجامی کارەکانیان کارەبای 79 گوند گەڕاوەتەوە و هەوڵ دەدەن کارەبای 247 گوندەکەی دیکەش بگەڕێننەوە.
محەممەدسەعید سوڵتانی، بەڕێوەبەری کارەبای پارێزگای سنە دەڵێ، کاری لەپێشینەی تیمەکانیان بریتییە لە چاککردنەوەی کارەبای گوندە گەورەکان و هەوڵیش دەدەن زوو کارەبای زۆرترین گوند بگەڕێننەوە کە زیاتر سەر بە بە شارەکانی سەقز و بانەن.
بە گوتەی سوڵتانی، دوای گوندەکانی سەر بە شارەکانی سەقز و بانە، گوندەکانی مەریوان، سەوڵاوا و دیواندەرەش زۆرترین بڕینی کارەبایان هەبووە.
بەپیی ئاماری بەڕێوەبەری کارەبای پارێزگای سنە، "لە یەکەم شەپۆلی باران و بەفر کە 27-12-2025 دەستیپێکرد، زیاتر لە 300 ستوونی کارەبا کەوتن و 11 بگۆڕی کارەباش (3 لە سەقز و 8 لە بانە) بەربوونەوە کە بوونەهۆی بڕینی کارەبای 334 گوند کە 250 گوندیان لە سنووری بانە و 50 گوندیش لە سنووری سەقز بوون."
سوڵتانی دەڵێت، بارینی بەفر بووەهۆی داخرانی رێگەی زۆرێک لە گوندەکانی پارێزگای سنە، ئەمەش بووەتەهۆی رێگر لەپێش کارەکانیان.
بەڕێوەبەری کارەبای پارێزگای سنە دەشڵێت، شەپۆلی دووەم کە لە درەنگانی رۆژی 29-12-2025 دەستی پێکرد، زۆربەی شار و گوندەکانی پارێزگاکەی گرتەوە و بەهۆی هاتنی بەفرێکی زۆرەوە، رێگەی زۆر گوندان داخرا و ئەوەش بووەتە رێگر لەوەی کە کارەکانیان بە باشی بچنە پێش.
سوڵتانی دەڵێ، لە ئەنجامی هەوڵەکانیان لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 30ـی کانوونی یەکەم، کارەبای شارەکانی قوروە، دیواندەرە، مەریوان و سەوڵاوا گەڕایەوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری کارەبای پارێزگای سنە، هێشتا رێگەی زۆر گوند گیراوە و هەر کە رێگەکان کرانەوە، تیمەکانیان هەوڵی چاککردنەوەی کارەبای ئەو گوندانە دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ