رووداو-وێبمد
ساڵانه ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی خه‌ڵكی تووشی هه‌وكردنی گیرفانه‌كانی لووت ده‌بن، له وڵاتێكی وه‌ك ئه‌مریكا بۆ هه‌ر ساڵێك 37 ملیۆن كه‌س تووشی ئه‌م حاڵه‌ته ده‌بن.
گیرفانەكانی لووت چین؟
گیرفانەكانی لوت ژووری پڕ هه‌وان لەپشتی روومەت و برۆ و شەویلگەی سه‌ره‌وە. ناوپۆشەكەیان لینجەماددەیەك درووستدەكات كە ناو گیرفانه‌كان لە بەكتریا و پیسیی دیكه پاكدەكاتەوە. بەهۆی جووڵه‌ی گەندەمووەكانی ناویانەوە لینجە ماددەكە به‌شێوه‌یه‌كی خولی به ئاراسته‌ی ده‌ره‌وه ده‌جووڵێ، تاكو ئه‌و پیسییه‌ی گرتوویانه له‌گه‌ڵ خۆیان ببه‌نه‌ده‌رێ و ناوپۆشەكەش لینجیی نوێ درووست بكات و ديسانه‌وه خۆی بۆ خاوێنكردنه‌وه‌ی ناوپۆشه‌كه ئاماده‌بكاته‌وه.
هۆیەكانی هەوكردنی گیرفانەكانی لووت:
هەر هۆیەك ببێتە هۆی ئاوسانی ناوپۆشی گیرفانەكان(بۆ نموونه په‌تا و هه‌وكردنه وه‌رزییه‌كان) یان ڕێگە لە جووڵانی گەندەمووەكان بگرێ, یاخود ده‌رچه‌ی چوونه ده‌ره‌وه‌ی لینجه‌مادده‌كه بگرێ دەبێتەهۆی هەوكردنی گیرفانەكانی لووت. لەوانەیە گۆڕانی پلەی گەرما، یان پەستانی هەوا ببنە هۆی ئەمە. هەستەوەریش هۆكارێكی دیكه‌یه. زۆر بەكارهێنانی دەرمانەكانی نەهێشتنی ئاوی لووت، مەلەكردن و شۆفێریش ڕێگای بۆ خۆشدەكەن و ئەگەری توشبوون زیاد دەكەن. هەندێ كەس گۆشتی زیادەی لووتیان هەیە و دەرچەی گیرفانەكە دەگرێ و سەرەنجام ڕێگەی بۆ خۆشدەكات.
هەندێ جار دوای هەڵامەت، ڤایرۆسەكە پەلاماری ناوپۆشی گیرفانەكە دەدات و تووشی هەوكردنی ڤایرۆسیی دەكات، لەشیش وا وەڵامی ئەمە دەداتەوە كە بڕێكی زیاتری لینجەماددە درووستدەكات و ئەمەش لەناو گیرفانەكەدا پەنگ دەخواتەوە و دەبێتە ناوەندێكی باش بۆ گەشەكردنی بەكتریا و سەرەنجام هەوكردنی بەكتریی گیرفانەكانی لێدەكەوێتەوە.
ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌رگری جه‌سته‌یان له به‌رامبه‌ر زینده‌ره‌وه نه‌خۆشخه‌ره‌كان لاوازه، زۆرتر تووشی هه‌وكردنی گیرفانه‌كانی لووت ده‌بن. هه‌ندێكی دیكه‌ش ده‌رمانگه‌لێك وه‌رده‌گرن كه كۆئه‌ندامی به‌رگری جه‌سته سه‌ركوت ده‌كات و ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆكارێكی رێگه‌خۆشكه‌ر بۆ هه‌وكردنی به‌كتریایی و ڤایرۆسی ناوپۆشی گیرفانه‌كانی لووت.
جگه‌ره‌كێشانیش دیسان هۆكارێكی رێگه‌خۆشكه‌ره بۆ تووشبوون.
نیشانەكانی:
1-هەبوونی ئازار لە پێشەسەر و ڕوومەت و لووت و نێوان چاوەكان
2-سەرئێشە
3-تا
4-لووت گیران
5-كەمبوونەوەی توانای تامكردن و بۆنكردن
6-ناخۆشیی بۆنی هەناسە
7-ئازاری ددان
چارەسەری هەوكردنی توندی گیرفانەكان:
جۆری چارەسەرەكە بەپێی هۆكاری تووشبونەكە دەگۆڕێ.
بەكارهێنانی سپرای سەلاین (له ئاو و بڕێكی ئێجگار كه‌م له خوێ پێكهاتووه) بۆ ناو لووت دەبێتە هۆی پاككردنەوەی كەناڵەكانی لووت و گیرانیان كەمدەكاتەوە. ئه‌گه‌ر حاڵه‌ته‌كه‌ت توندتر بوو، پزیشك جگە لەمە سپرای دژەهەوكردنت بۆ ده‌نوسێ.
لەكاتی هەبوونی ئازاری گیرفانەكاندا بۆ ماوەیەكی دیاریكراو دەرمانی ووشككه‌رەوەی ناوپۆشی لوت و گیرفانەكانی لووتت بۆ دەنووسرێ.
بۆ سەرئێشەكەش دەتوانی حەبی پاراسیتۆڵ یان پرۆفین بەكاربهێنی.
كاتێ دەركەوت هۆیەكە هەوكردنی بەكتریاییە، دژەزیندەی گونجاوت بۆ دەنوسرێ بۆماوەی 10-14 ڕۆژ. لەوانەیە هەر لە ڕۆژی یەكەم و دووەمی بەكارهێنانی دژەزیندەدا هەست بە چاكبوونەوە بكەی، بەڵام نابێ لە بەكارهێنانیان بوەستیت، بەڵكو دەبێت بەو شێوەیەی پزیشكه‌كه‌ت بۆی دیاریكردووی چارەسەرەكانت تەواو بكەی.
ئەگەر هۆكارەكەش هەستەوەری بوو، ئەوا ماددەی دژەهستامینت بۆ دەنوسێ، گۆشتی زیاده‌ش ره‌نگه پێویستی به نه‌شته‌رگه‌ری لابردنی گۆشته زیاده‌كه بێت.
ئامۆژگاریی گشتیی بۆ توشبووان:
1-پشوویەكی باش بدە.
2-شلەمەنییەكی زۆر بخۆره‌وە، بەتایبەت شلەمەنییە گەرمەكان
3-هەڵم هەڵبمژە و خاولییەكی تەڕی گەرم بخەرە سەر لووت و روومەت و پێشی سەرت.
4-بێ ئاگاداریی پزیشك هیچ چارەسەرێك بەكارمەهێنە، به‌تایبه‌ت دژه‌زینده‌كان.
5-لە سێ رۆژ زیاتر لەسەریەك ده‌رمانی وشككەرەوەی لووت بەكارمەهێنە، مه‌گه‌ر پزیشكه‌كه‌ت داوات لێبكات.
6-دوور بكەوەرەوە لە خواردنەوە كحولییەكان، چونكە ئاوسانی گیرفانەكان زیاتر دەكەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ