رووداو - هێڵس
ئازاری مەمك شتێك نییە پێویست بكات خۆت بشڵەژێنی، چونكە هەموو شتێك لە ئازاری سووڕی مانگانەوە تاوەكو كارەكانی رۆژانە و دەرمان، خانمان تووشی ئازاری مەمك دەكەن.
هەر خانمێك ئازاری مەمكی هەبوو، بیری بۆ شێرپەنجە دەچێت، بەڵام زۆربەی حاڵەتەكان هیچ پەیوەندییەكیان بە شێرپەنجەوە نییە، بە پێچەوانەوە ئازاری مەمك زۆر بە دەگمەن پەیوەندی بە شێرپەنجەوە هەیە.
مۆنیك سوێین، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی خانمان و منداڵبوون لە سەنتەری تەندروستیی هێنری فۆرد دەڵێت "دوو جۆر ئازاری مەمك هەن، یەكێكیان بەهۆی سووڕی مانگانەیە، بەڵام جۆرەكەی دیكەیان كە پەیوەندی بە ئازاری سووڕی مانگانە نییە، رەنگە تووشی یەك مەمك، یان هەردووكیان ببێت، هەندێكجار هەموو مەمك و هەندێكجاریش تووشی تەنیا بەشێكی مەمك دەبێ".
زۆربەی جار ئازاری مەمك خۆی بۆ خۆی دەڕوات، بەڵام هەندێكجار چارەسەرێكی كەمی دەوێت، ئەگەر ئازاری مەمك لە هەفتەیەكدا كەمی نەكرد، راوێژ بە پزیشك بكە، یان كاتێك كە كاریگەری لەسەر ژیانی رۆژانە هەبوو، دەبێت سەردانی پزیشك بكرێ.
هۆكارەكانی ئازاری مەمك
1- سووڕی مانگانە:
دوو لەسەر سێی ئازاری مەمك، پەیوەندی بە گۆڕانە هۆڕمۆنییەكانی ماوەی سووڕی مانگانەوە هەیە كە بەهۆی گۆڕانی ئیسترۆجین و پرۆجیسترۆن روودەدەن. ئازاری سووڕی مانگانە كە بەهۆی گۆڕانی هۆڕمۆنەكان روودەدەن، رەنگە تووشی هەموو خانمێك ببن. د.مۆنیك سوێین دەڵێت جیاوازی نییە خانمەكە 14 یان 44 ساڵان بێت، بەڵام تاوەكو سووڕی مانگانەی هەبێت، تووشی ئازاری مەمك دەبێت. ئازاری مەمك كە پەیوەندی بە سووڕی مانگانەوە هەبێ، لە هەردوو مەمكەكان روودەدات و هەموو مەمك دەگرێتەوە.
2- دووگیانی:
گۆڕانی هۆڕمۆنەكان لەماوەی دووگیانیدا بە تایبەت لە سێ مانگی یەكەمی دووگیانیدا، جگە لە دروستكردنی گۆڕانەكانی میزاج، تێكچوونی خۆراك، بێتاقەتی، هێڵنج و رشانەوە، دەبنە هۆی ئازاری مەمك.
جێنێفەر رۆد، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی خانمان و منداڵبوون لە نیویۆرك دەڵێت شانەكانی مەمك گەشە دەكەن، رژێنەكانی شیر پڕدەبن، گۆی مەمك زۆر هەستیار دەبێت. دەشڵێت ئەم ئازارە بەهۆی گۆڕانە خێراكانی هۆڕمۆنەكانەوە روودەدات كە زۆربەی كات ئازارێكی كاتییە و لە قۆناغی سێ مانگی دووەم و سێیەمی دووگیانی نامێنێ یان زۆر كەمدەكات.
3- شیردانی سروشتی:
شیردانی سروشتی كارێكی ئاساییە، بەڵام رەنگە ناڕەحەتی دروستبكات و ببێتە هۆی ئازار، رەنگە تۆ هەست بە ئازاری مەمك بكەیت، كاتێك كە یەكەمجار منداڵەكە گۆی مەمك دەمژێ، بەڵام رەنگە دواتر منداڵەكە و دایكەكەش رابێن. هەرچەندە هەندێكجار بەهۆی تەڕیی دەمی منداڵەكە مەمكی دایكەكە دەقڵیشێ، ئەمەش پێویستی بە چارەسەرە.
4- دەرمان:
هەندێك جۆری دەرمان بەتایبەت هۆڕمۆنەكان و دەرمانەكانی دژە سكپری، یان چارەسەری هۆڕمۆنی و دەرمانەكانی نەزۆكی، دەبنە هۆی ئازاری مەمك، چونكە گۆڕان لە هۆڕمۆنەكان دروستدەكەن.
5- كیسی مەمك:
تیریس بیڤەرس، بەڕێوەبەری سەنتەری خۆپارێزی و رێگری لە بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە لە زانكۆی تەكساس دەڵێت كیسەكانی مەمك بەربڵاون لەو خانمانەی تەمەنیان 35 ساڵان و زیاترە. كیسی مەمك دەتوانێ ببێتە هۆی گیرانی بۆڕییەكانی مەمك كە دەبێتە هۆی كۆبوونەوەی شلەكان لەنێویدا.
كیسەكان بەگشتی بێ مەترسین، بەڵام رەنگە بە ئازار بن، ئەگەر شلەكە بتوانێت دیوارەكانی رژێنەكان فراوان و گرژ بكات، دەبێتە هۆی ئازار و ژان.
6- نەشتەرگەری:
هەر جۆرێكی برین و نەشتەرگەری دەبێتە هۆی ئازار، ئەگەر پێشتر هەستت بە بریندار و رووداوەكە كردبێت، رەنگە هەست بە ئازار بكەی، بەڵام هەندێكجار رووداوەكە نازانرێ. هەندێكجار بەهۆی ئازارێكی كەم، چەورییە خانەكان وشك هەڵدێن و وەكو گرێیەك دەردەكەون، بەڵام ئەمانە مەترسیدار نین و چارەسەریان ناوێت.
7- راكێشانی ماسولكەكان
بۆ نموونە بەهۆی بەركەوتنی زەبرێك بە ماسولكەی سنگ.
8- مەمكی گەورە:
گەورەیی مەمك هۆكارە بۆ ئازاری مەمك، چونكە مەمكی گەورە شۆڕدەبێتەوە و ماسولكە و بەستەرەكان ئازار دەدات، ئەمەش نەك تەنیا لە مەمكدا، هەندێكجار ئازاری پشت، مل و شانەكانی لێدەكەوێتەوە.
9- ستیانی هەڵە:
ستیانێك كە قەبارەكەی لەگەڵ مەمك نەگونجێ، ئازار دروستدەكات، زۆربەی خانمان ستیانی گەورە دەبەستن، ئەمەش رێگە لە ئاسوودەیی مەمك دەگرێت. هەروەك ستیانی بچووكیش سەلامەت نییە، چونكە هەست بە گرژبوون دەكەیت و ئەگەر ئازارەكە بەردەوام بێت دەبێت سەردانی پزیشك بكرێ.
10- ئازاری هەوكردنی شێرپەنجەی مەمك:
ئەمە یەكێكە لە هۆكارەكان كە تێیدا شێرپەنجەی مەمك دەبێتە هۆی ئازار. ئەمە دەگمەنە، بەڵام جۆرێكی مەترسیدارە و تەنیا 1-5%ی حاڵەتەكان پێكدەهێنێ. لەم حاڵەتەدا خانە شێرپەنجەییەكان لیمفە گرێیەكان دەگرن لەنێو پێستی مەمك، دەبنە هۆی سووربوونەوە، ئەستووربوون و هەوكردنی مەمك لە سێ بەشی مەمك. ئەم جۆرەیان لە گەنجان بەربڵاوترە، بە نەشتەرگەری چارەسەر دەكرێت. یان هەندێكجار چارەسەری كیمیایی و تیشكی پێویستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ