لەزگەیەک چەوریی ورگ دەسووتێنێ!

02-01-2018
سەروەر سالار
نیشانەکردن قەڵەویی، ورگ
A+ A-


رووداو-سلێمانی

پزیشکانی سەنگاپوورە لە رێگای لەزگەیەکەوە توانیویانە بەسەر چەوریی زیادەی ورگدا زاڵببن و بیگۆڕن بۆ جۆرێکی ئەوتۆ کە جەستە بە ئاسانی دەیسووتێنێ و دەیکاتە وزە!


پزیشکەکان لەزگە نوێیەکەیان لەسەر مشک تاقیکردووەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە دەتوانێت لە ماوەی چوار هەفتەدا چەوریی چواردەوری ورگ داببەزێنێ بۆ 30%ی پێشووی.

لەزگەکە لە سەدان دەرزیلەی ئێجگار ورد پێکهاتووە کە هەر یەکەیان لە تاڵەموویەک باریکترن! لە دەرزیلەکاندا چەند ماددەیەکی پزیشکیی و کیمیایی هەن کە تایبەتن بە سووتاندنی چەوریی لەش. 

ئەو شوێنەی کەسەکە دەیەوێ چەورییەکەی داببەزێ، لەزگەکەی لێدەدرێ، لە پێستەکەدا دەرزیلەکان بەجێدەمێنن و بە تێپەڕینی کات شیدەبنەوە و ماددەکانی نێویان بڵاودەبنەوە بە شانەکانی سکدا.

ئەو ماددانەی لە شیبوونەوەی دەرزیلەکانەوە پەیدادەبن، چەوریی سەرسەختی سپی لە ورگدا دەگۆڕن بۆ چەوریی قاوەیی کە جەستە بە ئاسانی دەیسووتێنێ و دەیکاتە وزە.

توێژەرەکان دەڵێن ئەو ماددانەی لە دەرزیلەکانەوە دەگەنە شانەکانی سک، زۆر کەمترن لەو بڕە دەرمانەی لە دەمەوە وەردەگیرێن بۆ دابەزینی کێش،بۆیە لێکەوتەی لاوەکیی لەزگەکە کەمترە لەوەی ماددەکانی نێو دەرزیلەکە بەشێوەی دەرمان لە دەمەوە بخورێن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە