رۆژانە چەند جار میز بكەین؟

01-05-2016
سەروەر سالار
نیشانەکردن میز، ئاو
A+ A-

رووداو-سی ئێن ئێن

هەندێك كەس لەگەڵ ئەوەی هەمان بڕی شلەمەنی دەخۆنەوە وەك كەسانی دەوروبەریان، زوو زوو دەچنە توالێت، هەندێكی دیكەش بە پێچەوانەوە، كەواتە دەبێت رۆژانە چەندجار بچینە سەرئاو بۆ میزكردن؟ لەوانەیە بۆ هەندێكتان پێكەنیناوی بێ، بەڵام دوای خوێندنەوەی ئەم بابەتە بۆتان دەردەكەوێ بابەتەكە جێگەی پێكەنین نییە.

د.نیل گرافشتن، یاریدەدەری پرۆفیسۆر لە پسپۆڕیی میز و میزەڕۆ، لە نەخۆشخانەی ماونت سینای لە نیویۆركەوە وەڵامی چەند پرسیارێكی پەیوەست بەو بابەتە دەداتەوە.

1-رۆژانە چەند جار میز بكەین؟

زۆربەی خەڵكی رۆژانە 4-7 جار میز دەكەن، بەڵام ژمارەیەكی نموونەیی بوونی نییە كە بڵێین ئەمەیان چاكترینە. ژمارەی كاتەكانی میزكردن تەنیا پەیوەندی بەوەوە نییە چەندە شلەمەنیمان خواردووەتەوە بەڵكوو پەیوەندی بە چەند رەهەندێكی دیكەشەوە هەیە، لەوانە:

-جۆری ئەو شلەیە چییە كە خواردوومانەتەوە؟ چونكە ئەو شلەمەنییانەی كافاینیان تێدایە (وەكوو قاوە، چا، خواردنەوە وزە بەخشەكان و ئەوانی دیكە)و ئەوانەش كە كحولین، وروژێنەری میزڵدانن و وادەكەن زۆرتر ئارەزووی میزكردن بكەی، هەرچەندە هەمان بڕی شلەمەنیش بخۆیتەوە.
-هەستیاریی میزڵدان: میزڵدانی هەندێك كەس زووتر خاوەنەكەی ئاگادار دەكاتەوە كە میز بكات، كەچی هەندێكی دیكە تاكو زۆرتر پڕ نەبن ئەو پەیامە ناگەیێنن.
-وەڵامدانەوەی مێشك و دەمارەكانی خەڵكیش بۆ پەیامەكانی میزڵدان جیاوازن، هەندێك بەپەلەن و هەندێكی دیكە لەسەرخۆ.

2-دەكرێ راهێنان بە میزڵدان بكرێ؟

بەڵێ دەكرێ. دەتوانی راهێنان بە میزڵدانت بكەی و فێری میزراگرتن ببی. ئەوەش بەوە دەكرێ كە ئارەزووی میزكردنت هەبوو دوایبخەی تاكو زیاتر تەنگاو دەبی، لەگەڵ تێپەڕینی كات میزڵدان وای لێدێت تاكو بڕێكی بەرچاوی میزی تێدا كۆنەبێتەوە، پەیام بۆ دەمار و مێشك نەنێرێ كە كاتی میزكردنە. 

3-میزڕاگرتن خراپ نییە؟

كاتێك خراپە كە ئەوەندە میز كۆببێتەوە كە ببێتەهۆی ئازار. هەروەها ئەگەر زیاد لە پێویست و بۆماوەی زۆر درێژ میزت لە میزڵدان هێشتەوە، ئەگەری هەوكردنی میزڵدان زۆر دەبێت.

4-ئەگەر میز لە خەو بەخەرت بهێنێ بە شەوان، خراپ نییە؟

ئەگەر زۆربەی شەوەكان بۆ میزكردن بەخەبەردێی، ئەوە سەرەتا دەست بە چاودێری خۆت بكە و تێبینییەكان بنووسە: چەند شلەمەنی دەخۆیتەوە، چ خواردنەوەیەك زۆر دەخۆیتەوە، ئایا بە شەوان زۆر ئاو ناخۆیتەوە؟ دەفری ئاوەكەت لە تەنیشت جێگەی نووستنەكەت نییە و زوو زوو لێی بخۆیتەوە؟ ئەگەر لەوانەدا گرفتت هەبوو خۆت هەوڵبدە راستیان بكەیتەوە.

هەروەها لەبیرت نەچێ هەندێكجار بەهۆی دڵەڕاوكێ و پرخەی زۆری خەوەوە بەخەبەردێی و دەچیتە توالێت، نەك بەهۆی میزكردنەكەوە بەخەبەرهاتبی.

ئەگەر هیچ یەك لەوانە لێكدانەوەی گرفتەكەت نەبوون و هەر بەردەوام بووی، سەردانی پزیشك بكە.

5-ئایا رەنگی میز پێشانیدەدات تا چەندە بڕی پێویستی شلەمەنیمان وەرگرتووە؟

بەگشتی ئەگەر رەنگی میزەكە زەردێكی روون بێت ئەوە ئاساییە. بەڵام جگە لەبڕی شلەمەنی خوراوە، هۆكاری دیكەش كار لە رەنگی میز دەكەن وەك ئەو خۆراكە یان دەرمانەی خواردووتە و لەوانەیە رەنگێكی تایبەت بدات بە میزەكەت.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە