كاژێر نزیكەی شەشی سەرلەبەیانی بوو كە مامەپیرەیان هێنایە بەشی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەی هەولێری فێركاری. مامەپیرە تووشی دەردە پیری بووبوو، بەڵام دەردە پیرییەك كە ئێستا تووشی گەنجانیش دەبێت، ئەویش جەڵتەی دڵە.
هەر كە گەیشتنە یەكەی چاودێریی چڕ "یەكەی چاودێری لوولەكانی كۆرۆنەری دڵ" یەكێك لە كوڕەكانی گوتی: دكتۆر لە تەوارییەكە پێیانگوتین باوكتان جەڵتە لێیداوە و دەبێت لە ئینعاش بخەوێنرێ.
مامەپیرە تەواو قەڵەو بوو، كوڕەكانی گوتیان كە پێشتر وەك تووشبووی نەخۆشیی بەرزەپەستانی خوێن و شەكرە دەستنیشانكراوە، بەڵام سەرباری ئازارەكەی، قسە خۆشەكانی هەر مابوون، پێیگوتم دكتۆر: "دوای نانخواردنی پارشێو، جگەرەی باشم كێشاون و تۆڵەی رۆژم بۆ كردووەتەوە".
مامەپیرەیان لەسەر تەختی نەخۆش دانا، بە روخساریەوە دیاربوو كە ئازاری زۆری سنگی هەبوو، روخساری هاوشێوەی مێزەرە سپییەكەی سەری، سپی هەڵگەڕابوو، ئارەق بە روخساریدا دەهاتە خوارەوە.
زۆربەی نیشانەكانی جەڵتەی دڵ لە روخساری مامەپیرەدا بەدی دەكران، پزیشكی پایەبڵندی هەناوی هات و ئەویش دەرمانەكانی هەمووی چێك كردەوە، بەشێك لە دەرمانەكانی وەرگرتبوون، بۆ هەندێكیان كە لە نەخۆشخانە نەبوون، كوڕەكەی چووبووە دەرەوە بیانكڕێت!
جەڵتەی دڵ گیران یان تەسكبوونەوەی یەكێك لە لوولەخوێنبەرەكانی دیواری دڵە كە دەبێتە هۆی وشكهەڵاتنی دیوارەكە، بە دواكەوتنی چارەسەر، خانەی زۆر لە بێخوێنی و ئۆكسجیندا دەمرن و ناگەڕێنەوە.
جەڵتەی دڵ هۆكاری زۆر و جیاوازی هەن، بەڵام خۆشبەختانە دەتوانرێت رێگە لە زۆربەیان بگیرێت، كۆنتڕۆڵ بكرێن یان تەواو دوابخرێن و نەهێڵدرێن. تەمەنی زۆر، جگەرەكێشان و بەرزەپەستانی خوێن، شەكرە و قەڵەوی لە دیارترین فاكتەرە مەترسیدارەكانی تووشبوونن كە جەڵتەی دڵ پێشدەخەن. ئەمەش نەخۆشییەكی سەلامەت نییە و چەندین دەرهاوێشتەی مەترسیداری بەدوادا دێن، تەنانەت رەنگە ببێتە هۆی مردنیش.
پزیشكی پایەبڵندی هەناوی سەیری هێڵكاریی دڵی كرد، لەگەڵ نیشانەكانی تەواو دڵنیاییان دەدا كە نەخۆشەكە تووشی جەڵتەی دڵ بووە، پرۆسەی چارەسەری نەخۆشییەكە دەستیپێكردبوو، بەڵام بەشێك لە پشكنین و چارەسەر مابوون كە بۆ نەخۆشەكە بكرێن.
نزیكەی كاژێرێكی خایاند، ئەوكاتەی كە كوڕی پیرە پیاوەكە ئەنجامی پشكنینەكانی خوێنی هێنایەوە، بەداخەوە پشكنینەكەش دڵنیایی دا كە نەخۆشەكە تووشی جەڵتەی دڵ بووە.
لە رێنمایینامەی پزیشكانی دڵ و لوولەكانی خوێندا، یەكێك لە هێڵەكانی چارەسەری جەڵتەی دڵ، لابردن و كەمكردنەوەی ئازارە، مامەپیرە دەمێك بوو ئازارشكێنی بەهێزی وەرگرتبوو، بۆیە بەرەبەرە ئێمە لە نەخۆشییەكەی و مەترسییەكانی سەر ژیانی دڵنیا دەبووینەوە، ئەویش خەریك بوو دەكەوتەوە سەر خۆی.
كە دەستمان بە گفتوگۆ كرد لەگەڵی، ئێمە بەداخەوە بۆ ئەومان دەڕوانی و ئەویش زۆر بە هەناسەساردی گوتی: "دكتۆر تەنیا لەبەر شەش حەوت دەنكۆڵە حەب، رۆژووەكەتان بە من شكاند و ئێستاش من هیچ عەیبم نییە، بەخوای جەڵتەیەك ئەوەی نەدەهێنا رۆژووەكەم پێ بشكێنن".
*چیرۆکێكی راستەقینەیە بەسەر د. گەیلان محەممەد هاتووە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ