چەند زانیارییەکی سەرنجڕاکێش لەبارەی دڵ

02-07-2016
هونەر رێبوار
نیشانەکردن دڵ
A+ A-

دڵی تۆ چۆن کاردەکات؟

دڵی تۆ پێکهاتووە لە ماسولکەی تایبەتمەند کە بە دڵە ماسولکە ناسراون، قەبارەی دڵی هەر کەسێک هێندەی قەبارەی مستەکۆڵەی خۆیەتی و دەکەوێتە بەشی سەرەوەی لای چەپی سنگ، دڵ دابەش دەبێت بۆ چوار ژوور، کە دوو سکۆڵە و دوو گوێچکەلەن و بە دیواری ماسولکەیی لەیەکدی جوداکراونەتەوە، بەشێکی نەخۆشییە سکماکییەکانی منداڵان پەیوەندی هەیە بە تێکچوونی ئەو دیوارانە، کە تێیدا دیواری نێوان سکۆڵەکەکان، یان گوێچکەلەکان کون دەبێت و بەگوێرەی قەبارەی کونەکە کاردەکاتە سەر تەندروستی گشتی کەسەکە و داهاتووی.

فرمانی دڵ بریتییە لە پەمپکردنی خوێن بۆ بەشە جیاوازەکانی جەستە، کە خوێن لەڕێگەی خوێنبەرەکانەوە بۆ جەستە دەنێرێت و لەوێشەوە لەرێگەی خوێنهێنەرەکانەوە دەگەڕێتەوە بۆ دڵ.
 
دەستبەکاربوون
دڵی مرۆڤ یەکێکە لە ئەندامە سەرسوڕهێنەرەكانی جەستە کە لە چوارەم هەفتەی نێو منداڵداندا بۆیەکەمجار دەست بە لێدان دەکات، بەدرێژایی ژیان لە جووڵە و وەرزشدایە و تەنیا كاتی مردن لە وەرزش دەوەستێ جگە لە حاڵەتەكانی دەستێوەردانی پزیشكی  و ئەنجامدانی نەشتەرگەرییە وردەکانی دڵ.

100 هەزار جار لێدەدات
دڵی مرۆڤێکی ئاسایی گەنج لەنێوان 60-100 جار لێدەدات لە خولەکێکدا و لەکاتی خەو و پشوداندا کەمدەکات و ژمارەی لێدانەکان لە 60 نزیک دەبێتەوە، بەڵام لەکاتی راکردن و وەرزشکردن یاخود شڵەژاندا بەرزدەبێتەوە، هەروەها لە هەندێک حاڵەتی نەخۆشییدا رەنگە لێدانەکانی دڵ تەنانەت بگاتە 200 لێدان لە خولەکێکدا و زیاتریش و بە گشتی دڵی مرۆڤێکی ئاسایی لە ماوەی ژیانیدا 2.5 بلیۆن جار لێدەدات.

1 ملیۆن بەرمیل
فرمانی سەرەکی دڵ کە وەک ماتۆڕێک کار دەکات، خوێن و ئۆکسجین بۆ بەشە جیاوازەکان و وردترین خانە و شانەکانی جەستە دەبات، دڵی کەسێك رۆژانە 6 - 7 هەزار لیتر خوێن پەمپ دەکات و لە ماوەی ژیانیدا بە گشتی نزیکەی 1 ملیۆن بەرمیل خوێن پەمپ دەکات و دەیگەیێنێتە بەشەکانی جەستە.

 75 ترلیۆن خانە
دڵی مرۆڤ خوێن بۆ 75 ترێلیۆن خانەی جەستە دەنێرێت و هیچ کام لە ئەندام، شانە و خانەکان بێبەش ناکات لە خوێن، تاکە بەشی جەستەش کە خوێنی بۆ ناچێت، بیلبیلەی چاوەکانە، کە خوێن وەرناگرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە