رووداو-سلێمانی
جگەرەی ئەلیکترۆنی پڕە لە نیکۆتین، ئێستا وەکوو جێگرەوەی جگەرە لەلایەن هەندێک و وەکوو خویەکی نوێ لەلایەن هەندێکی دیکە بەکاردێ و بازاڕێکی گەرمی هەیە بە تایبەت لەنێو نەوجەوان و گەنجاندا، بەڵام دەبێ بزانن جگەرەی ئەلیکترۆنی بێزیان نییە.
مشتومڕەکانی تایبەت بە زیانبەخشی و بێزیانی، لە سەرەتای پەیدابوونی جگەرەی ئەلیکترۆنییەوە تاوەکوو ئێستا بەردەوامن.
جگەرەی ئەلیکترۆنی هەرچەندە بەهۆی نەبوونی تووتنەوە بەدوورە لە چەندین زیانی جگەرەکێشانی ئاسایی، هەمانکات بەهۆی هەبوونی نیکۆتینەوە ئەویش هاوشێوەی جگەرەی ئاسایی ئالوودەکارە.
هەرچەندە بە روواڵەت وا دەردەکەوێ جگەرەی ئەلیکترۆنی هێندەی جگەرەی ئاسایی مەترسیدار نییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی جگەرەی ئەلیکترۆنی هێشتا بەرهەمێکی نوێیە و هێندەی جگەرەی ئاسایی توێژینەوەی لەسەر نەکراوە، دڵنیایی تەواو نییە بۆ ئەوەی ئەم جۆرە نوێیەی جگەرە بێزیانترە لە جگەرەی ئاسایی.
ئەو نێوەندانەی پشتیوانی جگەرەی ئەلیکترۆنی دەکەن، دەڵێن دەبێ بۆ ماوەیەکی کاتی بێ و بۆ مەبەستی دوورکەوتنەوە بێ لە جگەرەی ئاسایی لەو کەسانەی جگەرەی ئاسایی دەکێشن و بڕیاریانداوە واز لە جگەرەکێشان بهێنن و نابێ بە هیچ جۆرێک بکرێتە خوویەکی بەردەوام.
نیکۆتین چی لە مێشک دەکات؟
توێژینەوەکان دەریانخستووە نیکۆتین لە نەوجەواناندا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دەروونی زیاددەکات و توانای هزریی کەمدەکاتەوە.
نیکۆتین لە مێشکدا زیاتر کار لە چەند بەشێک دەکات کە تایبەتن بە؛ سەرنجدان، یادەوەری، فێربوون و راهاتن لەگەڵ دۆخی نوێ.
لە تەمەنی نەوجەوانیدا هێشتا مێشک لە گەشەدایە و بەشە جیاوازەکانیشی بە راددەی جیاواز خەریکی پێگەیشتنن تاوەکوو کۆتاییهاتنی تەمەنی نەوجەوانی.
بۆیە پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە کە لە نەوجەواناندا زوو بەرکەوتنی نیکۆتین دەبێتەهۆی کەمکردنەوەی چالاکیی مێشک و بە خراپیش کار لە یادەوەری و سەرنجدان دەکات، ئەوە جگە لەوەی دەبێتەهۆی ئالوودەبوون و کار لەو بەشانەی مێشک دەکات کە هێشتا لە گەشەکردندان.
بوارەکانی هزر، خۆکۆنترۆڵکردن و توانای بڕیاردان هێشتا لە نەوجەواناندا تەواو پێنەگەیستوون و لە رێگەدان بەرەو کامڵبوون، بۆیە ئەو بەشانە زۆرترین کاریگەرییان لێدەکرێ بە بەرکەوتنی نیکۆتین، کە لە جگەرەی ئاسایی و ئەلیکترۆنیشدا هەیە.
بەپێی خەمڵاندنەکانی نێوەندی کۆنترۆڵکردن و پێشگیری لە نەخۆشییەکان (CDC) لە ئەمریکا، ئێستا ساڵانە شەش ملیۆن کەس لە جیهاندا بە جگەرە دەمرن و پێشبینی دەکرێت ساڵی 2030 ژمارەکە بگاتە هەشت ملیۆن.
رێکخراوی تەندروستی جیهانیش دەڵێ هەڵمـژینی دووکەڵی جگەرەی کەسانی جگەرەکێش لەلایەن ئەوانەی جگەرەناکێشن، دەبێتەهۆی مردنی 900 هەزار کەس.
جگەرەی ئاسایی و جگەرەی ئەلیکترۆنی
ئەنستیتۆی نیشتیمانیی شیرپەنجە لە ئەمریکا دەڵێ لە جگەرەدا 250 ماددەی زیانبەخش هەن کە 69 دانەیان رێگە خۆشدەکەن بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە، لە نموونەی ئەو ماددانە؛ زەرنیخ، فۆڕمەڵدیهاید، نیکڵ، یەکەئۆکسیدی کاربۆن و سیانید.
هەندێک کەس وادەزانن جگەرەی ئەلیکترۆنی جێگرەوەیەکی بێزیانە بۆ جگەرەکێشانی ئاسایی!
بەڵام لە جگەرەی ئەلیکترۆنیدا 7000 بۆن هەن بەشیوەی شلە، کە هێشتا لێیان نەکۆڵراوەتەوە کاتێک دەبنە هەڵم و دەچنە سییەکان چ مەترسیەک دەنێنەوە. هەندێک لەمانە لەوانەیە بۆ خواردن بێوەی بن، بەلام کاتێک دەبنە هەڵم و دەچنە سییەکان، دوور نییە بە خراپی کار لە توانای سییەکان بکەن.
توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکی دەریخستووە جگەرەی ئەلیکترۆنی بەشێک لە خانە زیندووەکانی کۆئەندامی بەرگری لەنێودەبات و زیانی گەورەتر لەوەی پێشووتر زانرابوو لە کۆئەندامی بەرگری بە گشتی دەدات.
توێژەرەکان دەڵێن جگەرەی ئەلیکترۆنی دەبێتەهۆی زیاندان لە خانەکانی بەرگری لە سییەکاندا و ئەگەری تووشبوونی سییەکان بە هەوکردن زیاددەکات.
مەترسییەکانی دیکەی نیکۆتین
نیکۆتین (لە جگەرەی ئاسایی یان جگەرەی ئەلیکترۆنی و هەر رێگایەکی دیکە) کار لە گەشەی مێشکی کۆرپە دەکات لە سکی دایکیدا، هەروەک ئەگەری لەبارچوون و منداڵی ناکام زیاددەکات.
هەروەک کۆمەڵەی پزیشکانی خانمان و منداڵبوون لە ئەمریکا دەڵێن نیکۆتین رێگاخۆشدەکات بۆ تووشبوون بە بەرزەپەستانی خوێن، شەکرە، قەڵەوی، گرفتە رەفتارییەکان، نەزۆکی و تەنانەت پەککەوتنی سییەکان.
نیکۆتین ئالوودەکارێکی بەهێزە، بە تایبەت لە گەنجاندا کە هێشتا لە قۆناخی گەشەی مێشکدان، توێژینەوەکانی ئەمریکا دەڵێن 90%ی جگەرەکێشەکان بەر لە تەمەنی 18 ساڵی یەکەم مژیان لە جگەرە داوە.
نیکۆتین هەروەها کار لە توانای کەسەکە دەکات بۆ خۆکۆنفرۆڵکردن. بەشێکی زۆر لە پسپۆڕان داوادەکەن تەمەنی جگەرەکێشان بەرزبکرێتەوە بۆ 21 ساڵانن، نەک 18 ساڵان، چونکە لە 18 ساڵیش هێشتا مێشک لە گەشەدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ