رووداو-فۆكس نیوز
هەندێك كەس كە خوازیاری منداڵبوون نین، كاتێك سووڕی مانگانەیان دوادەكەوێ خێرا ترسیان لێدەنیشێ دووگیان بووبن. كاتێك پشكنین دەكەن و دەبینن دووگیان نین، ئیدی دڵخۆش دەبن و دەڵێن هیچ لە گۆڕێ نییە. بەڵام لە راستیدا دووگیانیی تاكە هۆكاری دواكەوتنی سووڕی مانگانە نییە تاكو بە نەبوونی ئەو، دواكەوتنی سووڕی مانگانە بە ئاسایی وەربگیری، بەڵكو هۆكاری دیكەش هەن كە سووڕێ مانگانە دوادەخەن.
ئەمانە ههشت هۆكاری بڵاوی دواكەوتنی سووڕی مانگانەن:
1- گۆڕانی كێش:
گۆڕانی كێشی لەش جا بە زیادبوون بێ یان كەمبوون، سووڕی مانگانە تێكدەدات. پسپۆڕان دەڵێن لەدەستدان یان زیادبوونی كێشی لەش بە بڕی 10% دەبێتەهۆی دواكەوتنی سووڕی مانگانە. لەدەستدانی كێش دەبێتەهۆی دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی مێینە و زیادبوونی كێش دەبێتەهۆی زۆربوونی ئاستەكەی. هەریەك لەو دوانەش كار لە دابەزینی هێلكە و درووستبوونی سووڕی مانگانە دەكەن.
2-وەرزشی زیاد لە پێویست:
وەرزشكردنی تاقەتپڕوكێن و زیاد لە پێویست دەبێتەهۆی گۆڕانی ئاستی هۆرمۆنە سێكسییەكان. وەرزشی توند هەم راستەوخۆ هۆرمۆنەكان دەشێوێنێ هەم ناڕاستەوخۆ لە رێگەی گۆڕانكاریی بەرچاو لە كێش ئەو كاریگەرییەی دەبێت.
3-گوشاری دەروونی:
تەنیا ماندووبوونی جەستەیی سووڕی مانگانە ناشێوێنێ،بەڵكو ماندووبوونی هزریی و دەروونیش ئەو كارە دەكات. واتە هەبوونی سەرقاڵییەكی نائاسایی و دۆخی تایبەتی ئاڵۆز هۆكارێكی دیاری دواكەوتنی سووڕی مانگانەیە. هەواڵە خۆشەكە ئەوەیە كاریگەریی گوشاری دەروونیی و هزریی كاتییە و بە كۆتاییهتنی گوشارەكە سووڕی مانگانە رێكدەبێتەوە.
4-هەندێك دەرمان:
هەندێك دەرمان هەن كە پزیشك بۆ چارەی حاڵەتێكی دیكە بۆی نووسیوی، سووڕی مانگانەت تێكدەدەن.
دەرمانەكانی چارەسەری نەخۆشییە دەرونییەكان و دەرمانە كیمیاییە دژە شێرپەنجەكان لە نموونەی ئەو دەرمانانەن. هەروەك هەندێك رێوشوێنی رێگری لە منداڵبوونیش دەبنەهۆی كەمبوونەوەی سووڕە مانگانەكان.
لە سەرەتای راوەستاندنی حەبی مەنعیشەوە تاكوو چەند مانگێك رێی تێدەچێ سووڕی مانگانە دوابكەوێ، دواتر خۆبەخۆ رێكدەبێتەوە.
5-نەخۆشیی رژێنی دەرەقی:
تەمبەڵیی یان فرەچالاكیی رژێنی دەرەقیی دەبێتەهۆی تێكچوونی سووڕی مانگانە. واتە ئاستی هۆرمۆنەكە بەرزبێت یان نزم، سووڕی مانگانە تێكدەچێ.
زۆرێك لە پزیشكەكان كاتێك خانمێك سووڕی مانگانەی تێكدەچێ و دڵنیادەبنەوە كە دووگیان نییە، دووەم هۆكار كە بیری لێدەكەنەوە نەخۆشیی رژێنی دەرەقییە، بۆیە دوابەدوای پشكنینی دووگیانی، پشكنینی نەخۆشیی رژێنی دەرەقییان بۆ دەكەن.
هەواڵە خۆشەكە لەمبارەیەوە ئەوەیە رژێنی دەرەقی تەمبەڵ بێ یان زۆر بزێو، دەرمان و رێگەچارەی دیكەی پزیشكیی هەیە كۆنترۆڵی بكات.
6-نزیكبوونەوە لە سووڕی نائومێدی:
ئەو ماوەیەی هێشتا سووڕێ مانگانەت ماوە و نزیكبوویتەوە لەو تەمەنەی سووڕێ مانگانەت بوەستێت، سووڕى مانگانە تێكدەچێ و هەندێك مانگ روونادات، یان درەنگ روودەدات. بەگشتی لە چلەكانی تەمەنەوە سووڕی مانگانە تێكدەچێ، بەڵام لە هەندێك خانمدا زووتریش روودەدات. لەو ماوەیەدا جگە لە تێكچوونی سووڕی مانگانە، هەندێك نیشانەی دیكەش دەردەكەون، وەك هاتنی تەزووی گەرمی بە لەشدا و تێكچوونی میزاج.
ئەوانەی زۆر بە سەختی نیشانەی نزیكبوونەوە لە سووڕی نائومێدییان تێدا دەردەكەوێ، پێویستیان بە چارەسەری دەرمانی دەبێت.
7-جەستە هێشتا لە گۆڕاندایە:
بۆ كچانی نەوجەوان ئاساییە جار جار سووڕی مانگانەیان دوابكەوێ. جەستەی كچان كاتی دەوێ تاكو لەگەڵ ئەو گۆڕانە هۆرمۆنییە خێرایەی تازە روویداوە رابێت.
8-ساڵی دوو جار ئاساییە:
ئەگەر خانمێك سووڕە مانگانەكانی رێكبن، بەڵام ساڵانە یەك دوو جار رووبدات كە سووڕی مانگانەی لەكاتی خۆی روونەدات، ئەوە بە نەخۆشیی دانانرێت و حاڵەتێكی ئاساییە و پێویست بە نیگەرانی ناكات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ