ساڵی رابردوو ریکۆرد شکێنراوە لە خستنەبازاڕی دەرمانی نوێ

02-01-2018
سەروەر سالار
نیشانەکردن دەرمان
A+ A-


رووداو-سلێمانی

لە ئەمریکا ساڵی 2017 ریکۆردێکی 21 ساڵی شکێنراوە لە خستنەبازاڕی جۆری نوێی دەرماندا، بەوەی 46 جۆر دەرمانی نوێ پەسەندکراون، کە زۆرترە لە دوو هێندەی ئەوەی ساڵی پێشووتر پەسەندکراوە، لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپاش خستنەبازاڕی جۆری نوێی دەرمان زیادیکردووە.


لە وڵاتانی چوارچێوەی یەکێتی ئەورووپا 92 دەرمانی نوێ لە ساڵی 2017 دا پەسەندکراون، ئەوە لەکاتێکدایە ساڵی پێشووتر 81 جۆری نوێی دەرمان پەسەندکرابوون.

کۆماری چینیش هەر لە ساڵی 2017 دا چوارچێوەیەکی نوێی دیاریکرد بۆ خێرا پەسەندکردنی دەرمانە نوێیەکان، ئەوەش هەواڵێکی دڵخۆشکەربوو بۆ کۆمپانیاکانی دەرمان، چونکە چین دووەم گەورەبازاڕی دەرمانە لەپاش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

بەڵام فرۆشی کۆمپانیا کۆن و ناسراوەکان بە گشتی پاشەکشەی کردووە، ئەویش چونکە بازاڕی کێبڕکێ گەرمبووە و کۆمپانیای نوێ زۆر بوون.

بەشێک لەو دەرمانانەی ساڵی 2017 پەسەندکران، ئەوانەن کە بۆ نەخۆشییە دەگمەنەکان و جۆرە زۆر دیاریکراوەکانی شێرپەنجە بەکاردێن، واتە ژمارەیەکی کەمی نەخۆش پێویستیان بەو دەرمانانەیە، کەچی تێچووی ئەو دەرمانانە سەدان هەزار دۆلارە.

لە ئەمریکا چارەسەرە جینییەکان لە چوارچێوەی دەرمانە کان هەژمارناکرێن، چونکە دەزگای دیکە و بە رێوشوێنی دیکە پەسەندیان دەکات، بۆیە کۆی ژمارەی بەرهەمە پەسەندکراوەکان زۆرترە لەوەی لە ئاماری دەرمانە نوێیەکان رادەگەیێنرێ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە