شەش سوودی پیاز

03-07-2018
سەروەر سالار
نیشانەکردن پیاز، خۆراک
A+ A-


رووداو - سلێمانی 

زانا مرۆڤناسەکان دەزانن کە لانیکەم 5000 ساڵ پێش زایین مرۆڤ بە بایەخەوە تەماشای پیاز و سوودەکانی کردووە، لە زۆر کولتووریشدا بەشێک بووە لە دەرمانەکانی پزیشکی میللی. 


زانستی پزیشکی مۆدێرنیش بە ئەزموون و توێژینەوە بۆی دەرکەوتووە پیاز ئەم سوودانەی هەیە: 

1- پڕە لە دژە ئۆکسێن: 
پیازێکی قەبارە مامناوەند پێنجیەکی پێویستیى رۆژانەى جەستە لە ڤیتامین C دابین دەکات کە یەکێکە لە ڤیتامینە دژە ئۆکسێنەکان. 

هەروەک بە دژەئۆکسێنێکی دیکە دەوڵەمەندە کە بە (کویرسیتین) ناسراوە و دەرکەوتووە خاسیەتی دژە هەوکردنی هەیە لە جەستەدا. توێکڵەکانی دەرەوەی پیاز زۆرترین بڕی دژەئۆکسێنیان تێدایە. 

دژە ئۆکسێنەکان بەوە ناسراون کە رێگا دەگرن لە پرۆسە زیانبەخشەکانی وەک شێرپەنجە، رەقبوونی خوێنبەرەکان و زۆر لە نەخۆشییە بڵاوەکانی ئێستا. 

2- دژە شێرپەنجەیە: 
توێژینەوەیەکی زانستی  کە لەسەر دانیشتووانی ئیتاڵیا و سویسرا کراوە، دەریخستووە ئەوانەی زۆرترین بڕی سیر و پیاز دەخۆن، تووشبوونیان بە چەندین جۆری شێرپەنجە کەم دەکات بەراورد بەوانەی کەمتر ئەم دوو خۆراکە دەخۆن. 

3- ئێسک بەهێز دەکات: 
توێژینەوەیەکی زانستی کە لەسەر خانمانی تەمەن 50 ساڵان کراوە، دەریخستووە ئەو خانمانەی زۆرتر پیاز دەخۆن چڕیی ئێسکیان زیاترە و بە راددەی 20%یش کەمتر تووشی شکانی ئێسکی ران دەبن. 

4- -یارمەتى کردارى هەرس دەدات: 
ماددەیەک لە پیازدا هەیە کە بە (ئینولین) ناسراوە، ریشاڵی خۆراکییە، بەڵام هاوشێوەی پریبایۆتیک کاردەکات. پریبایۆتیک یارمەتی گەشەی بەکتریا سوودبەخشەکان دەدات لە ریخۆڵەدا. ئینولین هەروەها دژی قەبزییە و یارمەتی رێکخستنی شەکری خوێن دەدات و سووڕی خوێن رێکدەخات. دەریشکەوتووە یارمەتی هەڵمژرانی رەگەزە خۆراکییەکان لە ریخۆڵەدا دەدات.  

5- چەوریی زیانبەخش دادەبەزێنێ: 
توێژینەوەیەکی دیکە کراوە لەسەر ئەو خانمانەی فرەکیسی هێلکەدانیان هەیە و کراون بە دوو گرووپەوە، گرووپێک کە پیاز زۆر بخۆن و گرووپێکی دیکە کە کەم بیخۆن. پاش هەشت هەفتە، گرووپە پیازخۆرەکە ئاستی کۆلیسترۆڵی زیانبەخشی خوێنیان کەمتر بوو لەوانەی نایخۆن. توێژینەوەیەکی دیکە دەریخستووە خواردنەوەی شەربەتی پیاز رۆژانە بۆ ماوەی شەش هەفتە ئاستی کۆلیسترۆڵی زیانبەخشی خوێن دادەبەزینێ و چێوەی کەمەریش باریک دەکاتەوە. 

6- سوودەکانی تەماتە زیاد دەکات 
لە زانستی خۆراکناسیدا راستییەک زانراوە، هەندێک خۆراک پێکەوە سوودەکانی یەکدی زیاد دەکەن و هەندێکی دیکەش بە پێچەوانەوە. خۆراکناسان دەڵێن ماددە گۆگردییەکانی نێو پیاز، وادەکەن ماددەی بەسوود و دژە ئۆکسێنی لایکۆپینی تەماتە زیاد ببن. ماددەی لایکۆپین رەنگە ئاڵ و سوورەکە دەدات بە تەماتە و دەرکەوتووە دژی تووشبوونە بە شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ، هەروەک بۆ تەندروستیی مێشک، چاو و ئێسک بەسوودە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە