پێنج پرسیار پێش چاندنەوەی قژ

03-07-2018
سەروەر سالار
نیشانەکردن قژ، چاندن، رواندنەوە
A+ A-


رووداو - سلێمانی 

ئەگەر قژت تەنک بووە و بڕیارت داوە بیچێنیتەوە، ئەوە بەر لە چاندنەوە ئەم پرسیارانە لەخۆت بکە: 


1- بۆ ئەم پزیشکە؟ 

هەڵبژاردنی پزیشکێکی کارامە بۆ پرۆسەکە کارێکی گرنگە، دەبێ ئەستۆپاک بێ لە کارەکانی پێشووتری و کەسانی پێش تۆ لێی رازی بووبن. بەر لە پرۆسەکەش گفتوگۆی تەواوی لەگەڵ بکە، لەگەڵ ئەو کەسانەش قسە بکە کە پێش تۆ لەلای ئەو قژیان چاندووەتەوە، وێنەی کەسەکان بەر لە پرۆسەکە و دوای ئەوە ببینە و بزانە تۆش رازیت بە گۆڕانکاری لەو جۆرە لە روخسار و قژتدا؟ 

2- ئایا رێگەچارەی دیکە هەن؟ 

بەڵێ دەرمانی بەهێزکرنی قژ و کەمکردنەوەی ئەگەری وەرینی قژ هەن، بزانە قژی تۆ لە بارێکدایە بەو دەرمانانە باری لاری رێک ببێتەوە؟ چونکە دەرمانەکان بۆ کەسێک کارا نین کە قژی لە راددەبەدەر رووتابێتەوە. 

3- چ جۆرێکی رواندنەوەی قژ بۆ تۆ گونجاوە؟ 

سێ جۆری سەرەکیی رواندنەوەی قژ هەن: 

- دەرهێنانی سەلکە موو: لەمەیاندا بە ئامێرێکی تیژ مووەکە بە خۆی و بنەچەکەیەوە لە ناوچەیەکی بەخشەری سەر هەڵدەکەنرێن و لە شوێنە کەچەڵەکەی سەر دەچێنرێن. 

- دەرهێنانی ریزە موو: لەمەیاندا ریزێک موو هەڵدەکەنرێن و پاشان پزیشکەکە جیای دەکاتەوە بۆ تاڵی جیاجیا. ئەمەیان ئاسانترە و پارەی کەمتری تێدەچێ، بەڵام ئاسەوار لەسەر پێستی سەرت بەجێدەهێڵی و ئەگەر دیقەتی کەللەسەرت بدەن رەنگە شوێنی دەرهێنانەکە ببینن. 

- تاتۆی تریکۆ: لەمەدا کەسانی کارامە و شارەزا بەشێوەی تاتۆ قژێک لەسەر شوێنە کەچەڵەکە دەنەخشێنن کە زۆر لە راستی دەچێت و تاوەکو بە وردی سەرنج نەدرێ، نازانرێ کە ئەوە تاتۆیە، نەک قژێکی سرووشتی. 

4- ئایا چاندنی موو هەمیشەییە یان تەمەنی دیاریکراوە؟ 

لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەمەندا قژە چێنراوەکەش لاواز و تەنک دەبێ، چونکە ئەویش دواجار سەلکەمووی سرووشتی و راستییە و وەک هەر شانەیەکی دیکەی جەستە پیر دەبێ، بۆیە دوور نییە پاش چەند ساڵ پێویستت بەوە بێ کە جارێکی دیکە مووی دیکەت بۆ بچێننەوە، واتە چاندنی قژ هەمیشەیی نییە و تەمەنی هەیە. 

5- تێچووەکەى چەندە؟ 

مەرج نییە ئەو پزیشکەی بە گران کار بکات، ئەنجامی باشتری هەبن. راددەی سەرکەوتوویی پرۆسەکە بەندە بە کارامەیی پزیشکەکە و سروشتی پێست و مووی تۆ، نەک نرخی قژ چاندنەوەکە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە