رووداو-سلێمانی
دژە ژەهرێکی نوێ لە خوێنی مرۆڤ درووستدەکرێ کە توانای لەکار خستنی ژەهری ماری ئەوتۆی هەیە کە لە هەرە کوشندەکانن.
توێژینەوەکە، کە لە جۆرناڵی زانستی "Nature Communications" بڵاوبووەتەوە، دەڵێ دژە ژەهرەکە ژیانی مشکی تاقیگەی رزگارکردووە، پاش ئەوەی بە ژەهری رەشماری کوشندەی مامبا ژەهراویکرابوون.
بەپێی ئامارە جیهانییەکان، ساڵانە پێنج ملیۆن کەس لە جیهاندا مارانگاز دەبن، کە 150 هەزار کەسیان بەهۆیەوە دەمرن، بەشێکی دیکەشیان بەشێوازی جیاواز تووشی پەککەوتەیی دەبن لە ئەنجامی پێوەدانی مار.
لەبەر ئەوەی زۆربەی قوربانییانی مارپێوەدان خەڵکانی هەژار و گوندین، کۆمپانیاکانی دەرمان وەبەرهێنانی زۆر ناکەن لە درووستکردنی دەرمانی دژە ژەهری ماردا.
بەڵام تیمێکی زانستیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی پرۆفیسۆر ئەندریاس هۆوگارد لاوستسین لە زانکۆی تەکنیکیی دانمارک کاریان کرد بۆ درووستکردنی دژە ژەهری یەکێک لە مارە هەرە کوشندەکانی جیهان، کە رەشماری مامبایە.
ژەهری رەشماری مامبا کار لە کۆئەندامی دەماری مرۆڤ دەکات و دوور نییە لە چەند کاژێرێکدا کەسە مارانگەستەکە بکوژێت!
ئێستاش دەرمانی دژە ژەهری مار هەن، بەڵام هەم وەکوو پیویست کارا نین و هەم لە خوێنی ئەسپ درووستدەکرێن، کە جەستەی هەندێک مرۆڤ رەتیان دەکەنەوە.
لە ئەنجامدا و بە بەکارهێنانی خوێنی مرۆڤ لە تاقیگەدا و لەبەر رۆشنایی زانستی بۆماوەزانیی، توانیان دژە ژەهرێکی نوێ و کارا درووستبکەن کە بە جەستەی مرۆڤیش ئاشنا بێت.
دژە ژەهرەکە لەسەر مشکی تاقیگە تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتووانە مەترسییەکانی ژەهری مارەکەی رەواندووەتەوە و نەیهێشتووە مشکەکان بکوژێت.
توێژەرەکان بە ئەنجامەکان دڵخۆشن و هیوادارن دەرمانەکەیان چەند ساڵی داهاتوو بۆ چارەسەری مارپێوەدان لە مرۆڤیشدا بەکاربهێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ